هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د: ده‌بێت سنوورێك بۆ ئه‌م په‌لامارانه‌ دابنرێت 

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، “به‌ناوی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاتووین سه‌ردانی بریندارانی ئه‌م هێرشه‌ی سه‌ر پارێزگای هه‌ولێر بكه‌ین”.

وه‌زیری ناوخۆ راشیگه‌یاند، “له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی بۆمبڕێژكراو هێرشكراوه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامێكی سه‌ره‌كی هه‌ولێر، ده‌ره‌نجامی ئه‌م رووداوه‌ چه‌ند ئۆتۆمبێلێكی هاووڵاتیان زیانیان پی گه‌یشتووه‌، ژماره‌یه‌ك هاووڵاتیش كێشه‌ی ته‌ندروستیان بۆ دروستبووه‌، یه‌كێك له‌م بریندارانه‌ بارودۆخی ته‌ندروستی باش نییه‌، خۆشبه‌ختانه‌ش زیانی گیانی نه‌بووه‌”.

وه‌زیری ناوخۆ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌م رووداوه‌ چه‌ندین جاره‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، له‌ماوه‌ی پێشوودا شاری هه‌ولێر كراوه‌ته‌ ئامانج، كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند گرووپێكی له‌یاساده‌رچوو ده‌كرێن.

هه‌روه‌ها گوتی: “پێشتریش ئه‌م گرووپه‌ له‌ یاسا ده‌رچووانه‌ هه‌ڕه‌شه‌یانكردووه‌ له‌ شاری هه‌ولێر كردووه‌، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانمان راسپاردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كه‌ دیاری بكه‌ن”.

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌له‌فۆن قسه‌ی له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردووه‌، تێیدا ئاڵوگۆڕی زانیارییان له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر شاری هه‌ولێر كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سنوورێك بۆ ئه‌م هێرشانه‌ دابنێن و دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌”.