هونەرمەندی شێوەکاری شاری هەولێر فەیسەڵ عوسمان کاژێر 04:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 8ی حوزەیرانی 2022 بە جەڵتەی دڵ لە نەخۆشخانەی رۆژهەڵاتی شاری هەولێر کۆچی داواییکرد.
کارزان عوسمان، کوڕی هونەرمەند فەیسەڵ عوسمان رایگەیاند، “باوکم لە رابردوودا نەخۆشیی دڵی هەبوو، ئەم بەیانییە کاژێر 04:00 باری تەندروستیی تێکچوو و رەوانەی نەخۆشخانەی رۆژهەڵاتی هەولێرمان کرد، بەڵام بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دواییکرد.”
بە گوتەی کوڕی هونەرمەندە شێوەکارەکەی هەولێر، ئەمڕۆ تەرمی هونەرمەند لە گۆڕستانی کەسنەزان بەخاکسپێردراوە.
ھونەرمەندی شێوەکار فەیسەڵ عوسمان، لە ساڵی 1956 لە هەولێر لەدایکبووە، دەرچووی بەشی شێوەکاریی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی بەغدایە، لە پاریس، براگ، ئیتاڵیا، دوبەی، هۆڵەندا، ژاپۆن، ئەرمینیا، جۆرجیا، مەغریب، میسر و بەغدا بەشداریی لە چەندین پێشانگەی نێودەوڵەتی کردووە و خاوەنی چەندین بڕوانامەی نێودەوڵەتییە.