كونسوڵێ ئه‌مه‌ریكا بۆ ده‌رچووانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی – كوردستان: وڵاته‌ جوانه‌كه‌تان ده‌بێته‌ ده‌روازه‌ی چه‌ندین گۆڕانكاری 


رۆبێرت پاڵادینۆ، كونسوڵی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر له‌ گوتارێكدا له‌كاتی به‌شداریكردنی له‌ رێوڕه‌سمی ده‌رچوونی خولی چواره‌می قوتابیانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی – كوردستان له‌ دهۆك گوتی: خۆشحاڵم كه‌ لێره‌ له‌ زانكۆی ئه‌مه‌ریكی – كوردستان به‌شدارم، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوونتان به‌شداربم و به‌ناوی گه‌لی ئه‌مه‌ریكاوه‌ سوپاستان ده‌كه‌م، كه‌ منتان بانگهێشتی ئه‌م ئاهه‌نگه‌ كردووه‌.

كونسوڵی گشتی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر روو له‌ قوتابیانی ده‌رچوو گوتی: “من باشم به‌بیره‌ كه‌ وه‌ك ئێوه‌ كاتێك له‌ زانكۆی نۆته‌ردام له‌ ئیندیانا له‌ ته‌نیشت خێزانه‌كه‌م و هاوڕێكانم دانیشتبووم، باش به‌بیرمه‌ كه‌ چاوه‌ڕێی وه‌رگرتنی بڕوانامه‌كه‌م ده‌كرد”.

هه‌روه‌ها گوتی: “ئه‌و كات بیرم له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و پارچه‌ كاغه‌زه‌ی له‌ده‌ستمدابوو ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ ژیانی من و له‌وێوه‌ قۆناغێكی دیكه‌ی ژیانم ده‌ستپێده‌كات، كه‌ له‌كاتێكدا دڵخۆش و دوودڵیش بووم، دڵخۆش بووم به‌وه‌ی كه‌ قۆناغێكی ژیانم ته‌واو كردووه‌ و له‌وه‌ش دوودڵبووم كه‌ نه‌مده‌زانی قۆناغی داهاتووم چۆن ده‌بێت”.

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌، “من ئێستا ده‌زانم كه‌ ئێستا ئێوه‌ هه‌مان هه‌ستی ئه‌وكاتی منتان هه‌یه‌،  من لێره‌ نیم بۆ ئه‌وه‌ی پێتان بڵێم وه‌ڵامم بۆ پرسیاره‌كانی ئێوه‌ پێیه‌، به‌ڵام من لێره‌م بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك پره‌نسیپی سه‌ركردایه‌تی له‌گه‌ڵ ئێوه‌ هاوبه‌شتیان پێ بكه‌م، كه‌ كاریگه‌ری زۆر باشیان له‌سه‌ر ژیانی من هه‌بووه‌ و بوونه‌ته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی ببمه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی كاریگه‌ر”.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پاڵادینۆ چه‌ند پره‌نسیپێكی بۆ قوتابیانی ده‌رچوو خسته‌ڕوو، ئه‌وانیش:

یه‌كه‌م: به‌ مێشكێكی كراوه‌ جیاوازییه‌كان قبووڵ بكه‌ن، وه‌ك تیم كار بكه‌ن و هاوكاری یه‌كتر بن و وه‌ك ئه‌وانی دیكه‌ بیر بكه‌نه‌وه‌، رێز له‌وانه‌ بگرن كه‌ بۆچوونیان له‌گه‌ڵ ئێوه‌ جیاوازه‌، به‌ڵام بتوانن به‌های هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌ك بدۆزنه‌وه‌، ئێمه‌ هه‌موومان هه‌ڵه‌مان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هاشمان هه‌یه‌، هه‌ركه‌سێكیش به‌هایه‌كی هه‌بێت، ده‌بێت ئه‌و به‌ها هاوبه‌شانه‌ بدۆزینه‌وه‌ و به‌یه‌كه‌وه‌ سازش له‌سه‌ریان بكه‌ین، ئه‌مه‌ش كارێكی ئاسان نییه‌ و هه‌ندێك جار كۆششی ده‌وێت تا ده‌یاندۆزیته‌وه‌.

دووه‌م: نموونه‌ی باڵاتان هه‌بێت، هه‌رگیز داوای شتێك له‌ تیمه‌كه‌تان نه‌كه‌ن كه‌ خۆتان ناتوانن ئه‌نجامی بده‌ن. هیچ كاتێك مه‌ڵێ ئه‌مه‌ كاری من نییه‌، له‌جیاتی ئه‌وه‌ بڵێ: چۆن ده‌توانم هاوكاربم بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌ جێبه‌جێ بكرێت. هیچ كاتێك مه‌ڵێ ده‌بێت حكومه‌ت ئه‌و كاره‌ بكات، هه‌میشه‌ وه‌ك چۆن به‌ڕێز سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا، جۆن كینیدی گوتوویه‌تی: داوای ئه‌وه‌ مه‌كه‌ وڵاته‌كه‌ت چیت بۆ بكات، به‌ڵكو بپرسه‌ بزانه‌ خۆت ده‌توانیت چی بۆ وڵاته‌كه‌ت بكه‌یت. ئێوه‌ ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی بكه‌ن و هاوكاری هاوڕێكانتان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن، چونكه‌ سه‌ركه‌وتنی ئه‌وان سه‌ركه‌وتنی ئێوه‌یه‌.

سێیه‌م: بابه‌تی گرنگ راستگۆییه‌، هه‌میشه‌ به‌دوای راستیدا بگه‌ڕێن، گوتنی زۆر ئاسانه‌، به‌ڵام كردار و هێنانه‌دیی هه‌ندێك هه‌وڵی ده‌وێت، هه‌ندێك جار ئه‌م راستییه‌ پێویستی به‌ گرتنه‌به‌ری رێگایه‌كی سه‌خته‌، هه‌ندێك جار پرسیار له‌خۆت ده‌كه‌یت، بۆچی ده‌بێت من پارێزگاری له‌و پره‌نسیپانه‌ بكه‌م؟ كه‌ وا ده‌كات كه‌ خه‌ڵكی دیكه‌ رقیان لێمان ببێته‌وه‌ و هه‌ندێك جار وا خۆت نیشان بده‌یت كه‌ ئاگاداری ئه‌و راستیانه‌ نیت، چونكه‌ هه‌میشه‌ به‌شداربوون بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان گرنگه‌، ئه‌گه‌ر به‌رگری له‌ پره‌نسیپه‌كانی خۆت نه‌كه‌یت، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی له‌رزۆك دروست ده‌كه‌یت، واتا ناتوانیت ئه‌و جیهانه‌ بكه‌یته‌ ئه‌و شوێنه‌ باشه‌ی خۆت ده‌ته‌وێت و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌یه‌وێت، بۆیه‌ نابێت له‌ دووره‌وه‌ سه‌یری كێشه‌كان بكه‌یت، ده‌بێت ده‌نگ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵه‌كان هه‌ڵبڕی و ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام بده‌یت، كه‌ راسته‌.

چواره‌م: هه‌میشه‌ بۆ شتی نوێ كراوه‌بن، ئێوه‌ تیمێكی یه‌كگرتوون، خه‌ڵكێكی جیاواز و خاوه‌ن بیركردنه‌وه‌ی جیاواز و توانای جیاوازن.

هه‌روه‌ها گوتی: ده‌رچووانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی – كوردستان له‌ دهۆك ده‌بنه‌ تۆڕێك و پێویسته‌ سوود له‌و زانیاریانه‌ وه‌رگیرێن، كه‌ لێره‌ به‌ده‌ستتان هێناون و یه‌كگرتوو بن و جیهان ده‌گۆڕێت، له‌كاتێكیشدا ده‌رفه‌تتان بۆ ده‌ڕه‌خسێت، رووبه‌ڕووی كێشه‌ش ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه‌ رووبه‌ڕوویان ببنه‌وه‌، وڵاته‌ جوانه‌كه‌تان ده‌بێته‌ ده‌روازه‌ی چه‌ندین ململانێ، وه‌ك: گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، كاتێك ده‌رفه‌تی ئه‌وتان دێته‌ پێش، كه‌ چاره‌سه‌ری بكه‌ن، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ له‌ده‌ست مه‌ده‌ن، هه‌ركاتێكیش ده‌رفه‌تتان نه‌هاته‌پێش، خۆتان ده‌رفه‌ت بۆخۆتان بڕه‌خسێنن. ده‌بێت وه‌ڵامی هه‌موو پێداویستییه‌كانتان بده‌نه‌وه‌. گۆڕانكاری بچووك به‌ كه‌م مه‌زانن، له‌ئه‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بوونی هه‌زاران گۆڕانكاری بچووك، گۆڕانكاریه‌كی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌كه‌ كه‌ ئێمه‌ وه‌ك ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق جێبه‌جێمان كردووه‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، هه‌میشه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق كارمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌، كه‌ وه‌ڵامی كێشه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، په‌روه‌رده‌ و سێكته‌ره‌كانی دیكه‌ بده‌ینه‌وه‌، بۆنموونه‌، حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌ سه‌رچاوه‌ی ئاوی عێراق بكات، له‌ چه‌ند ساڵی رابردووشدا ئێمه‌ هاوكارییه‌كی باشی عێراقمان كردووه‌ و بۆئه‌وه‌ی ئیداره‌دانی دۆسیه‌ی ئاو له‌و وڵاته‌ باش بێت.