نێچیرڤان بارزانی: ده‌ستخۆشی له‌ مه‌سرور بارزانی ده‌كه‌م بۆ دامه‌زراندنی ده‌زگای متمانه‌به‌خشین به‌ پرۆگرام و ناوه‌نده‌كانی خوێندن

له‌ وتاره‌كه‌یدا، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌و ئازادییه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ده‌ستهاتووه‌، به‌ری ره‌نج و ماندووبوون و قوربانیدانی باوباپیری ئێوه‌یه‌ و ئه‌وان چانسیان بۆ نه‌ڕه‌خسا، به‌ڵام به‌ تێكۆشانی خۆیان چانسیان بۆ ئێوه‌ ره‌خساند، تا له‌ وڵاتی خۆتان به‌ ئازادی بخوێنن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، نێچیرڤان بارزانی، ستایشی هه‌نگاوه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ دامه‌زراندنی ده‌زگای متمانه‌ به‌خشین به‌ پڕۆگرام و ناوه‌نده‌كانی خوێندن و له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی: هه‌موو پشتیوانییه‌ك له‌ هه‌وڵی دامه‌زراندنی ده‌زگای متمانه‌به‌خشین به پرۆگرام و ناوه‌ندی خوێندن له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م. ده‌ستخۆشی له‌ هه‌وڵ و كۆششی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ دامه‌زراندنی ئه‌م ده‌زگایه‌ ده‌كه‌م. هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشی لێده‌كه‌م بۆ ئه‌و ڤژنه‌ی كه‌ ئه‌م زانكۆیه‌ی له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ و هیوادارم به‌رده‌وام بێت و سه‌ركه‌وتوو بێت.

پوخته‌ی وتاره‌كه‌

ده‌رچووانی هێژا

میوان و ئاماده‌بووانی به‌ڕێز

به‌ خێرهاتنی هه‌موو میوانه‌ ئازیزه‌كان ده‌كه‌م، به‌ تایبه‌تی میوانانی بیانی، كه‌ ئه‌مڕۆ زه‌حمه‌تیان كێشاوه‌ و به‌شدارن.

هه‌ر هه‌نگاوێك و بۆ هه‌ر مه‌راسیمێك كه‌ ئێمه‌ دێینه‌ دهۆكی ره‌نگین، دڵمان خۆش ده‌بێت و خۆشحاڵم جارێكی دی له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوونی قوتابیان به‌ دیداری ئێوه‌ شاد ده‌بین.

له‌ رێوڕه‌سمی چواره‌می مه‌راسیمی ده‌رچوواندا هه‌مووان خۆشی ده‌گێڕین و پیرۆزباییان لێ ده‌كه‌ین و پیرۆزبایی له‌ كه‌سوكار و دایك و باوكیان ده‌كه‌ین.

ده‌رچووانی هێژا به‌ گه‌رمی و به‌ دڵ پیرۆزبایی له‌ ئێوه‌ ده‌كه‌م بۆ ماندووبوون و زه‌حمه‌تی ئێوه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی سه‌ركه‌وتندا كێشاوتانه‌ و هه‌ر یه‌ك له‌ ئێوه‌ چیرۆكێكی سه‌ركه‌وتنه‌ بۆ كوردستان و هه‌ر یه‌كه‌تان جێی شانازیمانه‌.

ئێوه‌ سه‌ركرده‌ و هیوای دواڕۆژی ئه‌م وڵاته‌ن، گه‌نجانی وه‌ك ئێوه‌ ده‌بینم، هیوا و ئومێدی زیاترمان به‌ پاشه‌ڕۆژی وڵاتی خۆمانه‌. گه‌یشتنی ئێوه‌ به‌م ئاسته‌ شادی ده‌خاته‌ دڵمان و باوه‌ڕی زیاترمان به‌ داهاتووی كوردستان ده‌بێت.

پێویسته‌ هه‌ر هه‌نگاوێك سوپاسگوزار بن بۆ ئه‌و چانسه‌ی هه‌تانه‌ و بۆ باوك و باپیرتان، چونكه‌ ئه‌وان چانسی ئه‌وه‌یان نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌و چانسه‌یان بۆ ئێوه‌ ره‌خساند.

ئه‌وان خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تییان كرد، به‌ گیان و خوێنی خۆیان به‌رگرییان له‌ وڵات و ئازادی كرد، تاكو ئه‌مڕۆ ئێوه‌ ئازاد بن و بتوانن له‌ وڵاتی خۆتان له‌ زانكۆ بخوێنن. شه‌ره‌فمه‌ندم ئه‌مڕۆ له‌ شاری دهۆك ده‌بینم زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له‌ دهۆك به‌ سه‌ركه‌وتوویی ساڵ به‌ساڵ به‌ره‌و پێش ده‌چێت و كادیر بۆ ئه‌م وڵاته‌ پێده‌گه‌یه‌نێت. هیچ كاتێك زه‌حمه‌تی باوك و باپیری خۆتان له‌بیر نه‌كه‌ن. ئازادی ئه‌مڕۆ به‌رهه‌می خوێن و زه‌حمه‌ت و قوربانیدانی ئه‌وانه‌، كه‌ به‌ ئازادی و كه‌یفخۆشی له‌گه‌ڵ یه‌كدا ئاهه‌نگی ده‌رچووانی ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ ده‌گێڕین. تا ئێستا ئه‌وان ئه‌ركی خۆیان به‌ هه‌موو دڵسۆزییه‌ك به‌جێهێناوه‌، خاك و ئازادیی ئه‌م میلله‌ته‌یان پاراستووه‌. ئێوه‌ش ئه‌مڕۆ پێویسته‌ به‌ دڵسۆزی له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا ده‌ست به‌ خزمه‌ت بكه‌ن و به‌ زانست و مه‌عریفه‌، كه‌ به‌ ده‌ستتان هێناوه‌ ده‌توانن رۆڵی خۆتان بگێڕن. بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان.

ئێوه‌ ده‌بنه‌ داینه‌مۆی پێشخستنی ئه‌م وڵاته‌ و هه‌وێنی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی و زانستیی، ده‌توانن ئاستیی سیستمی به‌ڕێوبردن و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ئاستێكی به‌رزتر ببه‌ن. ئه‌مه‌ ئه‌ركێكی ئاسان نییه‌ و پێویستی به‌ كۆڵنه‌دان هه‌یه‌.

ده‌رچووانی هێژا..

له‌ قۆناغی نوێی ژیاندا، هه‌ریه‌ك له‌ ئێوه‌ له‌ هه‌ر بوارێكدا كار بكات، چاومان له‌ هیمه‌تتانه‌ و باوه‌ڕتان به‌ خۆتان و پیشه‌ییبوونتان هه‌بێت و به‌رهه‌مدار بن بۆ ئه‌م وڵاته‌ و له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ ئامانجتان به‌ ئیراده‌ بن، بۆ پێشخستنی كوردستان هیچ كاتێك كۆڵ نه‌ده‌ن، به‌ره‌و پاشه‌ڕۆژ هیوا و ئومێدی ئه‌م میلله‌ته‌ بگه‌یه‌ننه‌ ئامانج.

وڵات چاوه‌ڕێی ئێوه‌یه‌ و هیوای پێتانه‌ كه‌ گه‌نجان زیاتر ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌سه‌ر شانیانه‌ بۆ ئه‌م میلله‌ته‌ی بگێڕن. له‌ رووه‌كانی زانستیی و مه‌عریفی و ژێرخان و ئابووری و گه‌شه‌سه‌ندن و هه‌موو بواره‌كانی دیكه‌ ببنه‌ پێشه‌نگ و وڵات پێشبخه‌ن.

به‌ شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر به‌شدار و ده‌ستپێشخه‌ر بن بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی و ئاڵنگارییه‌كانی وڵاتی ئێمه‌، وه‌ك كێشه‌ی كه‌شوهه‌وا، چۆنێتی پاراستنی ژینگه‌، كه‌مبوونی ئاستی ئاو، به‌ بیابانبوون و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئیداری و سیاسی و ئابوورییه‌كان.

ده‌رچووانی زانكۆ له‌ كوردستان و عێراق پێویسته‌ پێشبینی كێشه‌ و ئاڵنگارییه‌كانی سبه‌ی و داهاتوو بكه‌ن. هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ره‌كان بده‌ن. هه‌ر یه‌ك بخوازێت خوێندنی باڵا ته‌واو بكات، پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌وڵدانی خۆی به‌رده‌وام بێت.

ئێمه‌ په‌رۆشی پێشخستنی زیاتری خوێندنین، ده‌مه‌وێت هه‌موو لایه‌ك دڵنیا بكه‌م، پشتیوانی به‌رده‌وامی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له‌ دهۆك و زانكۆكانی دیكه‌ی كوردستانم و هه‌رچی پێمان بكرێت بۆ پێشخستنی زانكۆ كه‌مته‌رخه‌می ناكه‌ین.

هه‌روه‌ها هه‌موو پشتیوانییه‌ك له‌ هه‌وڵی دامه‌زراندنی ده‌زگای متمانه‌به‌خشین به پرۆگرام و ناوه‌ندی خوێندن له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م.

ده‌ستخۆشی له‌ هه‌وڵ و كۆششی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ دامه‌زراندنی ئه‌م ده‌زگایه‌ ده‌كه‌م. هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشی لێده‌كه‌م بۆ ئه‌و ڤژنه‌ی كه‌ ئه‌م زانكۆیه‌ی له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ و هیوادارم به‌رده‌وام بێت و سه‌ركه‌وتوو بێت.

خۆشحاڵم كه‌ ده‌بینم زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان بایه‌خی داوه‌ته‌ زۆر بواری مرۆیی، ئه‌مڕۆ له‌م مه‌راسیمه‌دا 145 ده‌رچوو بڕوانامه‌ وه‌رده‌گرن و ئه‌و گه‌نجه‌ ئازیزانه‌ ئه‌و پسپۆڕیانه‌ی به‌ده‌ستیان هێناوه‌ ده‌توانن خزمه‌تی زۆری وڵاتی خۆیان بكه‌ن