بێگەرد تاڵەبانی: گه‌وره‌ترین سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی كشتوكاڵی ده‌كه‌ینه‌وه‌

له‌ رێوڕه‌سمی دانانی به‌ردی بناغه‌ی 3 پڕۆژه‌ له‌ دهۆك، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەم کابینەیەدا بە پشتیوانی سەرۆکی حکومەت تواندراوە لە هەموو پاریزگاکان چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە بواری کشتوکاڵ بنیاد بنێن و توانیویشیانە لە ماوەیەکی کەمدا بەشێکی ئەو پرۆژانە بکرێنەوە.

بێگەرد تاڵەبانی گوتی: له‌ نزیكترین كاتدا له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستان هه‌نگاوێكی زۆر گرنگ، كه‌ ناومان لێناوه‌ شۆڕشی كشتوكاڵی ئه‌نجام ده‌ده‌ین، به‌ درووستكردنی گه‌وره‌ترین سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ كشتوكاڵی و فێركردن بۆ راهێنان و پێگه‌یاندنی ئه‌و كه‌سانه‌ی خوازیارن له‌ كه‌رتی كشتوكاڵدا كار بكه‌ن و بازرگانی بكه‌ن، 106 كۆمپانیای وه‌به‌رهێنانی بیانی له‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆیی كاری تێدا ده‌كه‌ن.

گوتیشی: كاری ئه‌م سه‌نته‌ره‌ بێته‌ رایه‌ڵیه‌ك بۆ به‌ستنه‌وه‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ بازاڕه‌كانی جیهان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌رێمی كوردستان بكه‌ینه‌ ناوه‌ندێكی به‌رهه‌مهێنانی گوڵ.

وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، تەنیا لە کابینەی نۆیەم مۆڵەتیان بە 285 کۆگای ساردکەرەوە داوە، بۆ پاراستنی بەرهەمی جوتیاران و بە بازاڕکردن.