لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆڕک حکومەتی هەرێم بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە تاوانەکانی داعش دەکات

رۆژی 10/6/2022 تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) بە هاوکاری نێردەی هەمیشەیی عێراق لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات بە ناونيشانی (شێوازی کوشتنی بە کۆمەڵ – تاوانەکانی داعش لە عێراق و شام سپایکەر وەک نموونە).

سەبارەت بە بۆنە و کۆبوونەوە پەیوەندیدارەکان، د. دیندار زێباری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی هەماهەنگیکاری نیشتمانی عێراقی بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ یونیتاد (NCC) وتی: لە دوای هێرشەکانی داعش و ئەو تاوانانەی دژی پێکهاتەکان ئەنجامیدا، بەتایبەتی دژی کوردانی ئێزدی، لە کوشتن و رفاندن و ئاوارەبوون. حکومەتی هەرێم سەرەڕای پێشوازی کردن لە سەدان هەزار ئاوارە، هەوڵیدا رفێندراوەکان لە دەست تیرۆریستان رزگار بکات لە هەمان کاتدا لیژنەیەکی دامەزراند کە ئەرکی بریتییە لە بە دۆکیۆمێنت کردنی تاوانەکانی داعش و بە جینۆساید ناساندنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

لە بارەی گرنگی بەشداریی هەرێم لەم بۆنەیەدا، د. دیندار زێباری وتی: لە چوارچێوەی هەماهەنگیمان لەگەڵ یونیتاد، بەشداردەبین لەم جۆرە چالاکیانەدا، چونکە بەشی هەرەزۆری قوربانییەکان تا ئێستاش لە هەرێمی کوردستان ئاوارەن، هەروەها لە شەڕەکانی ئازادكردنی ناوچانەکانی ژێر دەستی داعش، هێزی پێشمەرگە قوربانی زۆری داوە، لەوانەش (1،800) شەهید و (10،369) بریندار و (47) بێ سەروشوێن لە هێزەکانی پێشمەرگە.

حکومەتی هەرێم کار دەکات بۆ ئەوەی لەرووی یاساییەوە هاوکاری قوربانیانی دەستی داعش و کەسوکاریان بکرێت، لەلایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێم بە پشتگیری یونیتاد پرۆژە یاسایەکی پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش و دادگاییکردنیان لەژێر ڕۆشنایی تاوانی نێودەوڵەتی، چونکە ئەو تاوانانەی داعش ئەنجامیداون بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و جینۆساید ئەژمار دەکرێن. مخابن کە دادگای باڵای ئیتیحادی پرۆژە یاساکەی رەت کردەوە کە ئەمەش پێشینەیەکی نوێ بوو. لێرەدا بە پێویستی دەزانین رێگری لەم پرۆژە یاسایە نەکرێت بۆ ئەوەی تیرۆریستان دادگایی بکرێن و کەسوکاری قوربانیان قەرەبوو بکرێنەوە.

نوێنەری حکومەتی هەرێم تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ دۆكیۆمێنتكردن تاوانەكانی داعش و رایگەیاند لە دامەزراوەکانی حكومەتی هەرێم (5,170) دۆسیە تۆمارکراوە، لەوانە زیاتر لە (2324) دۆسیە لە دادگاکان تەواو کراوە و (2000) تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان، هەروەها(2916) دۆسیە بە بێسەروشوێن تۆمارکراوە و زیاتر لە (73,912) لاپەڕەی بۆ ئەو تاوانانە ئەرشیف کراوە.

سەبارەت بە رزگارکردنی رفێندراوانیش، د. دیندار ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی هەرێم لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ رزگارکردنی رفێنراون و دوای ئازادکردنیان پێداویستیەکانیان دابین دەکات. لەم رووەوە تا 22/2/2022، (3552) رفێندراو رزگار کراون، لەوانە (1207) ئافرەت، (339) پیاوان، (1050) کچ، (956) کوڕ. هەروەها بەپێی رێككەوتنێكی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئەڵمانیا، زیاتر لە (1000) ئافرەتی رزگاربوو رەوانەی ئەڵمانیا كراون بۆ چارەسەركردن.