پرسەنامەی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆچی دوایی مامۆستا و نووسەر و وەرگێڕ (د. عەزیز گەردی) 

بەڕێز خانەوادەی مامۆستا و نووسەر (د. عەزیز گەردی)

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی مامۆستا و نووسەری گەلەکەمان (د. عەزیز گەردی)مان بیست، بەو بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی ئێوەی بەڕێز و کەسوکار و بنەماڵەکەتان و، سەرجەم ئەدیب و نووسەران و خوێنەرانی بەرھەمەکانی مامۆستای خوالێخۆشبوو دەکەین و، خۆمان بەشەریکی خەمتان دەزانین.

مامۆستا (عەزیز گەردی) کەسایەتیەکی دیار و بە ئەزموونی نێو بزاڤی ئەدەبی و رۆشنبیری بوو، تەمەنێکی نیوسەدەیی پڕ بەخششی بۆ بواری ئەدەبی و نووسین و وەرگێڕان تەرخان کرد، بۆیە لەو بوارانەدا جێدەستی بەرچاو و لەبیرنەکراوە.

خوالێخۆشبوو (د. عەزیز گەردی)لە چەندین بواری ئەدەبی و زمانەوانیی و وەرگێڕاندا رۆڵی تایبەتمەند و گرنگ و داھێنەرانەی ھەبووە وەک پسپۆڕ و مامۆستایەکی ئەکادیمی بە گیانێکی لەخۆبردووانە خزمەتی زمان و ئەدەبی کوردی کردووە و کتێنخانەی کوردی زیاتر دەوڵەمەند کردووە.

خوالێخۆشبوو، خاوەنی چەندین کتێب و بەرھەمی ئەدەبی و شاکاری وەرگێڕدراوە، کە ژمارەیان نزیکەی (٢٠٠) کتێبە، ئەمە جگە لە وتار و لێکۆڵینەوەی زانستی و ئەدەبی، بۆیە لەدەستدانی خەسارەتێکی گەورە و دیارە لە کایەی روشنبیری و ئەدەبی گەلەکەماندا، ئومێدەوارین دڵنەوایی و ھاوخەمی ئەدیبان و نووسەران و دۆست و ھاوەڵانی ببێتە مایەی سەبووری و ئارامگرتنتان و لە خەم و خەفەتتان کەم بکاتەوە.

جارێکی دیکە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دووبارە دەکەینەوە و، داواکارین لە خوای گەورە مامۆستای خوالێخۆشبوو بە بەھەشتی بەرین شاد بکات و ئێوەش لە خەم و خەفەت و کۆستی دیکە بەدوور بن…

انا للە وانا الیە راجعون

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان

ھەواڵی زیاتر