رێبەر ئەحمەد: پۆستی سەرۆک کۆمار نەبووەتە بەربەست بۆ پرۆسەی سیاسی عێراق

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پۆستی سەرۆک کۆمار نەبووەتە بەربەست بۆ پرۆسەی سیاسی عێراق و لە کۆبوونەوەکانی ئەم دوایەی نێوان پارتی و یەکێتی باسی بابەتی پۆستی سەرۆک کۆمار نەکراوە.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “لەو ماوەیەدا لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان پارتی و یەکێتی دروستبووە، دانیشتنەکانی رابردوو ئیجابی بوونە، بەڵام تائێستا بابەتی پۆستی سەرۆک کۆمار لەو کۆبوونەوانەدا باس نەکراوە، پارتی پێداگرە بۆ سەرخستنی پاڵێوراوی خۆی، من کە پاڵێوراوم بۆ ئەو پۆستە سەربەرزییە، هەوڵدەدەین لە رێگەی دانوستان و گفتوگۆ لە هەرێم و بەغدا لێکتێگەیشتنی باش هەبێت”.

گوتیشی: “پۆستی سەرۆک کۆمار نەبووەتە بەربەست بۆ پرۆسەی سیاسی عێراق، بەڵکو رێکنەکەوتنی نێوماڵی شیعە بووەتە کێشە بۆ کۆتاییهێنان بەو داخراوەیە سیاسییەی لە عێراقدا هەیە”.

جەختیکردەوە: “پارتی سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار، لێکتێگەیشتنی پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەکانی رابردوو تەنها لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان بووە و بە هیچ شێوەیەک باسی پۆستی سەرۆک کۆمار نەکراوە”.

سەبارەت بە رووداوەکانی کوشتن بە گشتی و ئامارەکانی کوشتنی ژنان بە تایبەتی رێبەر ئەحمەد، گوتی: “هەواڵ و ئامارەکانی کوشتن لەلایەن راگەیاندنەکانەوە جۆرێک لە ناڕاستی تێدایە، پێویستە رووداوەکان وەکخۆی باس بکرێن، چونکە هەندێک بابەت هەیە هێندە لە راگەیاندنەکان دەگوترێتەوە، وانیشان دەدرێت کە رۆژانە لە هەرێمی کوردستان ئافرەت دەکوژرێت، یەک کەسیش بکوژرێت زۆرە، بەڵام نابێ بابەتەکە لە خۆی گەورەتر بکرێت، ئێستا هەموو خەڵک مۆبایلی زیرەکی پێیە و بووەتە پەیامنێر، هەندێک جار لە مامەڵەکردنی ناپڕۆفێشناڵانە بابەتەکان لە خۆیان گەورەتر دەکرێن، ئەگەرنا بەراورد بە وڵاتانی دیکە ئامارەکان بەرز نین، بەڵام ئێمە خوازیارین کەس نەکوژرێت، ئەو ئامارەی لای ئێمە کەمترین حاڵەتی کوشتن بە چەکی مۆڵەت بووە بە سەدا یەکیش ناژمێردرێت، چەک هەر چەکە، بەڵام چەکی بە مۆڵەت ئێمە دەزانین لە دەست کێیە، هیوادارم بە یاسای نوێ لە پەرلەمان دەرچووە و ماوەیەکی دیکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن بتوانین دیاردەی چەک هەڵگرتن کۆنترۆڵ بکەین، بۆ ئەوەی کەمترین تاوان بە چەک ئەنجامبدرێت، هەرچەندە تاوان بەشێوەی دیکەش دەکرێت، بەڵام چەک ئاسانتر و کوشندەترە”.

لەبارەی چوونی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا، وەزیری ناوخۆ رایگەیاند: “ئەمڕۆ شاندی ئێمە لە بەغدایە، ئەو شاندە تەکنیکیەیە کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران بۆ کێشە داراییە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا راسپێردراوە، بەردەوام لە بەغداوە هەوڵدەدرێت چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دوابخرێت، کە بریتین لە کێشەی دارایی، نەوت و غاز، هەمیشە وەک کارتی فشار دژی هەرێمی کوردستان بەکاری دەهێنن، ئومێد دەکەین کۆتایی بەو داخراوەیە سیاسییەی عێراق بێت و کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنرێت، بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت لەگەڵ حکومەتێکی کارا و خاوەن دەسەڵات گفتوگۆ بکات کە بتوانێت بڕیار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بدات”.

دەربارەی سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ وەزارەتی ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد، گوتی: “زۆر سوپاسی سەرۆکی حکومەت دەکەین، کە سەردانی وەزیری ناوخۆی کرد و بەشداربوو لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزارەت، سەرۆکی حکومەت هەر لە سەرەتای کابینەوە، پشتیگری تەواوی ئێمە بووە لە وەزارەتی ناوخۆ راستەوخۆ لەگەڵ ئێمە بووە بەتایبەتی لە فایلی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان راستەوخۆ سەرپەرشتیار بووە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت جەختیکردەوە کە وەزارەتی ناوخۆ نوێنەرانی حکومەتە لە جێبەجێکردنی یاسا و سیاسەتی گشتی، دووپاتیشیکردەوە کە هیچ کەسێک لە سەروی یاساوە نییە دەبێ هەموومان ملکەچی یاسا بین”.

سەبارەت بە یاسای خانەنشینی کارمەند و ئەفسەرانی هێزی ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد، رایگەیاند: “لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی حکومەت باسی ئەو بابەتە کرا، سەرۆکی حکومەت پشتگیری لەو بابەتە دەکات، خەمی سەرۆکی حکومەت ئەوەیە ئەفسەر و کارمەندانی ‌هێزی ناوخۆ بە زووترین کات بگەن بە ماف و شایستە داراییەکانی خۆیان، بەتایبەتی ئەوانەی خزمەتێکی زۆریان کردووە و خانەنشین دەبن، بەڵام یەکێک لە کێشە بابەتی سیولەیە، رەنگە لە هەندێک ناوچەی کوردستان سیولە وەک پێویست لەبەر دەست نەبێت و پێویستە دابین بکرێت، پڕۆژەکە لە قۆناغی کۆتایی دایە و ئێمە لەگەڵ وەزارەتی دارایی لە گفتوگۆ داین و دراوەتە ئەنجومەنی شورا، لەگەڵ وەزارەتی دارایی دەمانەوێت پشتگیری دارایی بۆ پڕۆژەکە دابین بکەین، ئەوکات دەیهێنینە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت”.

ھەواڵی زیاتر