دادگای باڵا لەژێر فشار و هەڕەشەدا بووە بە بووکەڵەی دەستی هەندێک لایەن

ئەو حکوومەتەی لە عێراق بە حکوومەتی فیدراڵی ناسراوە، تەنیا بەڕواڵەت عێراق بەرێوە دەبات و ڕاستییەکەی حکوومەتێکی ترە کە باڵی بەسەر هەموو کایەکاندا گرتووە و هەژموونی ئەو حکوومەتە ئەوەندە زۆر بووە، کە خەریکە قور بەسەر عێراقدا دەکات.

حکوومەتەیەک لەدواییەکەکانی عێراق لە رابردوودا حکوومەتی پشک پشکێنە بوون و سەرۆکایەتیی حکوومەتەکەش هەر لە دوای دامەزراندنی عێراقی فیدراڵەوە بە دەستی پێکهاتەی شیعە بووە. پارت و لایەنە سیاسییەکانی شیعە بە کەم و زۆر و بەگوێرەی پێگەی جەماوەرییان لە ناو حکوومەتدا رۆڵیان گێڕاوە و وەزارەتە پێوەندیدارەکان و دامەزراوە گرنگەکانی سوپا و هەواڵگری و ئاسایشیان بەڕێوە بردووە.
یەکەمین درزی نێو حکوومەتی عێراق
درزی ناو حکوومەتی عێراق بە تایبەتی لە دوای ئەوە سەری هەڵدا و گەندەڵییە زەبەلاحەکانی ئاشکرا بوون، کە ساڵی ٢٠١٤ لە ماوەیەکی زۆر کورتدا شاری مووسڵ کەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش، سەرەڕای ئەوەی کە بەهێزترین جبەخانەی سەربازیی سوپای عێراق لەو پارێزگایە بوو. حکوومەتی عێراق نەیتوانی بۆ سەعاتێکیش بەرانبەر چەند چەکدارێکی تیرۆریست بەرگری بکات و دواجار تەواوی جبەخانەی سوپای عێراق بەو هەمووە هامەڕ و چەکە پێشکەوتووەی ئەمەریکا، لە لایەن داعشەوە دەستی بەسەردا گیرا و، داعش لە عێراقەوە دەوڵەتی راگەیاند و بوو بە هەڕەشە بۆ سەر ناوچەکە و تەواوی جیهان.
دروست بوونی حکوومەتی سێبەر
دوای سەرهەڵدانی داعش و لاوازبوونی سوپای عێراق و دامەزراندنی حەشدی شەعبی و هێنانەپێشی میلیشیا و هێزە نایاساییەکان و دەستخستنی زیاتری حزب و لایەنەکان لە حکوومەت، بناغەی حکوومەتی سێبەر لە عێراق پتەوتر بوو، پرسی رووبەڕووبوونەوەی داعش و فۆکسی کۆمەڵگەی جیهانی لەسەر بنبڕکردنی تیرۆر رێگەخۆشکەر بوو بۆ زیاتر بەهێزبوونی ئەم حکوومەتە سێبەرە و شانبەشانی ئەمە، حکوومەتەکانی عێراق لاوازتر بوون و تەنانەت توانای ئەوەیان نەما کۆنترۆڵی سنوورەکانیش بە تەواوی بکەن.
زۆربەی دەروازەکان کەوتنە دەستی میلیشیاکان و هەرڕۆژە و بە ناوێکی جیاواز هێزێکی نوێ دروست دەبوو. باج و گومرک و ڕسووماتیان وەردەگرت بێ ئەوەی بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێننەوە، ئەمە بەدەر لە پرسی بەقاچاخهێنان و بردنی چەک و مادەی هۆشبەر.
دەرئەنجامی ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکان
دۆخەکە گەیشتە قۆناغێک کە ساڵی ٢٠١٨ میلیشیاکان دەستیان بەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن و سندووقەکانی دەنگدانیشدا گرت و زۆرینەی پەرلەمانیان بەدەست هێنا. ئەم دۆخە نالەبارە ساڵی ٢٠١٩ خۆپێشاندانی جەماوەریی عێراقییەکانی لێ کەوتەوە و، خەڵک کە هەستی بەو دۆخە نالەبارە کردبووڕاپەڕین و ڕاپەڕینەکانیش گۆڕینی چەند حکوومەتێکی جیاواز و هەڵبژاردنی پێشوەختەی لێ کەوتەوە.
ئەو حکوومەتانەی دامەزران سەرەڕای ئەوەی کە نیەتی چاکسازی و هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەبووە بەڵام لەبەر هەژموونی حکوومەتی سێبەر هیچ کامێکیان دەوامیان نەهێناوە و سەرکەوتوو نەبوون.
دوایین هەڵبژاردن کە لە ١٠ی تشرینییەکەمی ساڵی ٢٠٢١ بەڕێوە چوو، بووە ئومێدێک بۆ عێراقییەکان بۆ ئەوەی حکوومەتێکی نوێ دابمەزرێت و کۆتایی بە هەژموونی میلیشیاکان بهێنێت و وڵات بخاتەوە سەر رێچکە سەرەکییەکەی بەڵام ئەو حکوومەتە تا ئێستا پێک نەهاتووە.
بەکارهێنانی دادگا بە میزاجی سیاسی
حکوومەتی مستەفا کازمی کە یەکێک بووە لەو حکوومەتانەی زیاتر لە حکوومەتەکانی پێشتر ویستی چاکسازی و چارەسەرکردنی کێشەکان بە تایبەتی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدای هەبووە، بووەتە حکوومەتی کاربەڕێکەر و حکوومەتی سێبەر زیاتر لە هەموو کاتێک باڵی بەسەر عێراقدا کێشاوە و دەستی خستووەتە ناو سەرجەم کایە ئیداری، ئابووری، سیاسی و تەنانەتیاساکانی وڵات.
حکوومەتی سێبەر لە رێی دەست و پێوەندییەکانی خەریکە دادگای باڵای فیدراڵیش کۆنترۆڵ دەکات و هەر رۆژە و دۆسیەک دەجووڵێنێت و بە کەیفی خۆی پەرە بە ململانێ ناوخۆییەکانی بەتایبەتی ناکۆکییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات، پرسی بە نایاسایی هەژمارکردنی دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، پرسی رەتکردنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆماری و چەندان بڕیاری تر هەر لەم سۆنگەیەوە سەرچاوە دەگرێت.
رێککەوتنەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بەهۆی هەژموونی حکوومەتی سێبەر جێبەجێ ناکرێن و دۆخی شنگال و ناوچە کوردستانییەکان لەجیاتی ئاساییبوونەوە خەریکە ئاڵۆزتر دەبن، رێککەوتنی پێوەندیدار بە پرسی دارایی وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە و حکوومەتی عێراق هەر هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ چارەسەری کێشەکان نابێت ئەوا حکوومەتی سێبەر تەنگژەی بۆ دروست کردووە.
دۆخەکە لە عێراق گەیشتووەتە ئاستێک بە ئاشکرا هەڕەشە لە دامەزراوە و کونسوڵخانەکان بکرێ و تەنانەت دادگای باڵا بکەن بە بووکەڵەی بەردەستی خۆیان. سەیر ئەوەیە دوێنێ نوێنەرێکی پەرلەمانی عێراق داوای هەڵوەشاندنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دادگای کردووە بە تۆمەتی ئەوەی بڕیاری دادگای باڵای رەت کردووەتەوە. بەو پێیە دەبێ داوای هەڵوەشانەوەی دەزگای داوەری هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی حکوومەت و هەرێم و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستانیش بکرێ، حکوومەتی سێبەر خەریکە بەم هەنگاوانە عێراق دەخاتە ناو زەلکاوێک کە هەر خۆیان تێیدا زەرەرمەند دەبن.

ھەواڵی زیاتر