سێشەممە, تشرینی دووه‌م 5, 2024
Image default

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئيتاليا كۆبووه‌وه‌

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2022/6/4 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پيشوازى له‌ خاتوو مارينا سێرێنى، جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئيتاليا و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئيتاليا له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى عيراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و جموجووڵه‌كانى داعش تاوتوێ كران.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى نيشاندانى خواستى هه‌رێمى كوردستان به‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ ئيتاليا و فراوانكردنى بواره‌كانى هاريكاريى نێوانيان، سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگيريى مرۆيى و سه‌ربازيى ئيتاليا له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌رى دژى تيرۆردا دووپات كرده‌وه‌.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى هه‌بوونى سه‌قامگيريى ئه‌منى و سياسى و ئابوورى له‌ عيراق و پێويستيى گفتوگۆ و گه‌يشتنى لايه‌نه‌ عيراقييه‌كان به‌ لێكگه‌يشتنێك كه‌ پرۆسه‌ى سياسيى وڵات له‌ بنبه‌ست و چه‌قبه‌ستوويى ڕزگار بكات و حكوومه‌تێك بهێنێته‌ ئاراوه‌ كۆكه‌ره‌وه‌ و وڵامده‌ره‌وه‌ى خواسته‌كانى گه‌ل و پێهكاته‌كانى عيراق بێت.

خاتوو سێرێنى بانگهێشتى به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئيتالياى بۆ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپات كرده‌وه‌ تا سه‌ردانى ڕۆما بكات و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕيزى پێشه‌وه‌ى بايه‌خ و پرۆگرامى گه‌شه‌پێدان و هاريكاريى ئيتاليادان و وڵاته‌كه‌ى به‌ گرنگييه‌وه‌ له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت.

له‌ كۆوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان باڵيۆزى ئيتاليا له‌ به‌غدا و كونسوليان له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ بوون، ئاماده‌يى و چالاكييه‌كانى ئيتاليا له‌ بوارى كولتوورى و شوێنه‌وارناسيدا له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى سووريا و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش خرانه‌ به‌ر باس.