وەزیری دارایی و ئابووری حكومهتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کەمبوونەوەی داهاتی مەرزی پەروێزخان کاریگەری لەسەر دابەشکردنی مووچە هەبووە و داواشیکرد کۆتایی بە قۆرخکاری لە مەرزەکان بهێنرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومهتی ههرێمی كوردستان لە راگەیهندراوێكدا ئاماژە بەوە دهكات، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی بە یاوەری بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گومرکی ھەرێم سەردانی مەرزی پەروێزخانی کردووە و لەگەڵ سەرپەرشتیاری مهرزهكه و نوێنەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان کۆبووەتەوە.
وەزیری دارایی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، لەژێر رۆشنایی بەدواداچوون و ئامارەکانی بەردەست جوڵە بازرگانی و گەشتیارییەکان لە رێگەی مهرزهكهوه بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و ئەوەش کاریگەری راستەوخۆی لە کۆکردنەوەی داھات و مووچەی موچەخۆران و بوودجەی پرۆژەکان ههبووه.
هەر له كۆبوونهوهكهدا، وەزیری دارایی داوایکردووە، ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بوژاندنەوەی جوڵەی بازرگانی و کارئاسانی بۆ بازرگانانی ناوخۆیی ھەماھەنگ و ھاوکاربن، هەروەها ھەموو جۆرە قۆرخکارییەک کۆتایی پێبھێندرێت ئەوەش لەپێناو رەخساندنی ھەلی بازرگانی و ھاوردەکردن و ھەناردەکردن بۆ سەرجەم بازرگانان بەبێ جیاوازی.
هاوکات بەئامانجی بوژاندنەوەی جوڵەی بازرگانی و زیادکردنی داھات و چەند بڕیارێکی بۆ مەرزی پەروێزخان و مەرزەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکرد ئەمانەن:
1- لەمەودوا بارەکانی ترانزێت کڵۆم دەکرێت و بەبێ مەئمور بەڕێدەکرێت.
2- بازرگانان ئازادن لە بازرگانیکردن و حساباتی رەسیدیان لەگەڵ ناکرێت.
3- لابردنی رەسید بۆ ھەموو ئەو بارانە كە لە دەروازەكان هاوردە دەكرێن.
4- پێداچوونەوە بۆ کەمکردنەوەی باجی گومرک دەكرێت.
5- پێداچوونەوە بە لێخۆشبونی (202) ماددە کە حکومەتی عێراق لێخۆشبوونی بۆ کردووە.
6- تەسریحەی گومرکی تەنھا یەک جار پارە وەردەگیرێت واتا لە دووبارە بوونەوە هیچ بڕه پارەیهك وەرناگیرێت.
7- کرێی بارھەڵگرەکان مەرزی پەروێزخان رێکدەخرێنەوە.
8- پێداچوونەوە بەکرێی پشكنینی كۆمپانیاكانی کوالیتی کۆنتڕۆڵی دەروازەكان دەکرێت.
9- پێداچوونەوە بە پاراستنی بەروبوومی ناوخۆیی دەکرێت لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان.
10- به راسپاردەی وەزیری دارایی و ئابووری دابینکردنی 200 دۆنم زەوی بۆ کۆگاکانی بازرگانان كە ئەمیش دەبێتە هۆی رەخساندن 2000 هەلی كار بو ناوچەی گەرمیان