حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه‌ ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌ر داده‌مه‌زرێنێت 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ بۆ فەرمانگەکانی پارێزگای هەڵەبجە فەرمانبەری دامەزراندووە و ئەمڕۆش شارەوانی بە تیروپشک ناوی 20 کەسی ڕاگەیاند بۆ دامەزراندن، هەفتەی داهاتووش 10 کەسی تر ناویان یەکلایی دەکرێتەوە.

کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان 30 فەرمانبەر بۆ شارەوانیی هەڵەبجە دادەمەزرێنێت، 20 فەرمانبەر بێ بڕوانامە و 10 فەرمانبەریشیان بڕوانامەیان هەیە و ئەمڕۆ لەبەرچاوی میدیاکان تیروپشکمان بۆ 20 ناو کرد.

کوێستان ئەکرەم گوتیشی: وەزارەتی شارەوانی داوای ناردنی ناوەکانیان لێ کردووین، ناوەکانیان بۆ بەرز دەکەینەوە، لەوێشەوە دەڕواتە ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانی پێ دەردەکرێت، بەشێکی زۆری باخچەکانمان بەهۆی نەبوونی فەرمانبەرەوە سەوزایییان تێدا گەیشتووەتە سفر، گڵۆپ و کورسیی ژووری پاسەوان شێوێندراون و، هاووڵاتییانیش هاوکارمان نین.

 کوێستان ئەکرەم ده‌شڵێت: داوا لە سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی دەکەین فەرمانبەری زیاترمان بۆ دامەزرێنن لەم خۆڵبارین و گۆڕانی کەشوهەوایەدا لەبری زیاترکردنی سەوزایی، ئەوەی هەمانە لەناو دەچێت، داوا دەکەین 60 کرێکارمان بۆ دامەزرێنن.

هه‌روه‌ها راشیده‌گه‌ێنێت: لە هەفتەی داهاتوو فۆرم بڵاو دەکەینەوە بۆ 10 فەرمانبەر کە بڕوانامەیان هەبێت، خزمەتی گەورە بە کارەکانمان دەکەن، ئێمە حکوومەتێکی فراوانمان هەیە، بۆیە بە تیروپشک ناوەکانمان یەکلایی کردەوە تاکوو دەرفەت بۆ هەموو کەس وەک یەک بێت.

ھەواڵی زیاتر