سبەی پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە

بڕیارە بەیانی پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوە. پەرلەمانتارێکی کوردستانیش دەڵێ، ئەولەویەت بۆ ئەو پڕۆژە یاسایانە دەبێت کە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیان بۆ کراوە. دەشڵی، لەگەڵ ئەوەین ھەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا بکرێت، بێ ئەوەی دەستکاریی کورسی کۆتاکان بکرێت.

دوای کۆنەبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ زیاتر لە دوو مانگ، ٢٥ـی ئایاری ٢٠٢٢ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆبوونەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا ٢ـی حوزەیران کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت.
کۆنەبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ زیاتر لە دوو مانگ، بەھۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانەوە بوو. خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکانیش ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستانە کە بەشێکی لایەنەکان داوا دەکەن بە فرەبازنەیی بەڕێوە بچێت و بەشێکی دیکەش یەک بازنەیی.
تا ئێستا چەندین پڕۆژەیاسا و یاداشت و پێشنیاز گەیشتوونەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، کە تایبەتن بەو کێشانەی ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستان ھەن، ھەندێک وەزیر لە کۆبوونەوەکان ئامادە بن، بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران لەبارەی دۆخی ھەرێم لە سێکتەرە جیاوازەکان بدەنەوە.
فراکسیۆنی پارتی، داواکارە, دانیشتنەکانی پەرلەمان بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوە بچێت و پەرلەمان نەبێتە شوێنێک تا گرژیی لێوە دروست بێت، بەڵکو ببێتە ناوەندێکی گرنگ بۆ ئەوەی بەردەوام بین لەسەر گفتوگۆکردن سەبارەت بەم دۆخەی ئێستا ھاتۆتە ئاراوە، کە دەرگای گفتوگۆکان کراوەتەوە و کەشێکی تاڕادەیەک ئارام ڕەخسێنراوە. ئەم کەشە سیاسییەی ھەرێمی کوردستان بۆ دوو مەبەست ھاتۆتە ئاراوە لەوانە بابەتی ھەڵبژاردنە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەش ئەوانەی نوێنەرایەتییان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە پێداگرن لەسەر ئەوەی كە گرنگە ھەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیدا ھەڵبژاردن بکات، دووەمیش بۆ ئەوەیە کە دووبارە دەست بەدانیشتنەکان بکەین بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەو پڕۆژانە بکەین کە پەیوەستن بە ژیانی ھاووڵاتییانەوە”.
ئازاد ئەکرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ھەولێر دەڵێت: “دوو مانگ بوو پەرلەمانی کوردستان پەکی خرابوو. ڕۆژی پێنج شەممە دەست بە کۆبوونەوەکانی خۆی دەکاتەوە و خوێندنەوە بۆ ئەو پرۆژە یاسانە دەکات کە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیان بۆ کراوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی: “کۆبوونەوەی پەرلەمان لەم کاتەدا زۆر گرنگە. کۆبوونەوەی سەرۆک فراکسیۆنەکان، لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان ھاوکارێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی ھەموو فراکسیۆنەکان پێکەوە بڕیار بدەن ئەگەر ھەڵبژاردن لە کاتی خۆشدا نەکرێت، چەند مانگێکی کەم دوا بخرێت.
کۆتاکان ١١ کورسییان لە پەرلەمانی کوردستان ھەیە، پێنج کورسی بۆ تورکمان، پێنج کورسی بۆ کلدان و ئاشووری و کورسییەکیش بۆ ئەرمەن، کۆتای پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان نموونەیەکی جوان و سەرکەوتوو و پرۆسەی یاساییە لە ھەرێمی کوردستان، دەستبردن بۆ کورسی کۆتای پێکھاتەکان و کەمکردنەوەی کورسی کۆتاکان لەلایەن پارتییەوە بەھیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە. ئازاد ئەکرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی کوردستان، ئاشکرای کرد: “داوای زیادکردنی کورسی کۆتا دەکەین، چونکە ئەوە مافی خۆمانە، لەگەڵ ئەوەی داوا دەکەین ھەڵبژاردن یەکبازنە بێت، بۆیە بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوە نین ھەڵبژاردن بکرێتە فرەبازنە و دەستکاری کورسی کۆتاکان بکرێت، لەگەڵ ئەوەش ئەگەر لایەنەکان داواکارییەکی لەو شێوەیان ھەیە دەبێت ڕای پێکھاتەکان وەربگرن، نەک بچن پرۆژە پێشکەش بکەن و داوای کەمکردنەوەی کورسی کۆتاکان بکەن”.

ھەواڵی زیاتر