هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزەكانی ئاو و شارەوانی و گەشتوگوزار و شوێنەوار درێژ ناكرێنەوە 

بە گوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە ئاراستەی سەرجەم دامودەزگەكانی گەشتوگوزار و ئاو و ئاوەڕۆ و سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتییەكانی شارەوانی لە پارێزگە و شارۆچكە و یەكە سەربەخۆكان لە هەرێمی كوردستان كراوە، ئەو دامودەزگایانە ئاگادار كراونەتەوە دوا وادە بۆ لێخۆشبوونی ڕێژەی 15%ی قەرزەكانی ئاو، گەشتوگوزار، شارەوانی، شوێنەوار كە لەلای هاووڵاتییانە تاوەكوو 6-6-2022 دیاریكراوە و لەم ڕێكەوتە بەدواوە درێژ ناكرێتەوە.
وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئەو هاووڵاتییانەی قەرزی حكوومەتیان لایە، لە سێكتەرەكانی ئاو، شارەوانی، گەشتوگوزار و شوێنەوار، پێویستە لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەی ماوە، سەردانی دامودەزگەكانی شارەوانی، ئاو، گەشتوگوزار و شوێنەوار بكەن بۆ ئەوەی لە بڕیارەكە سوودمەند بن، ئەگینا بە پێچەوانەوە دوای وادەی دیاریكراو، هیچ داشكاندنێك نایانگرێتەوە و بڕیارەكەش درێژ ناكرێتەوە.