لە سنووری هەولێر ٣ هەزار و ٧٧١ کەس بەر مین و تەقەمەنی کەوتوون

دەزگای گشتی کاروباری مین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەماھەنگی دەکەن، بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان و ئەو کارمەندانەی بەھۆی ھەڵگرتنەوە و لابردنی مین دەبنە قوربانی، بە شەھیدی سەنگەر ھەژمار بکرێن. بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای گشتیی کاروباری مینی ھەولێر، دەڵێ، تا ئێستا ٣ ھەزار و ٧٧١ کەس لە سنووری ھەولێر بەر مین و تەقەمەنی کەوتوونە، حکوومەتی ھەرێم جددییە لەوەی ئەو قوربانیانە بە شەھیدی سەنگەر ھەژمار بکرێن، بۆ ئەوەش پرۆژەمان پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە.

دەزگای گشتیی کاروباری مین یاسای خۆی ھەیە و بەپێی ئەو یاسایە کار دەکات، بەپێی یاسای دەزگای مین ئەو کەسانەی لە کاروباری ھەڵگرتنەوەی میندا کار دەکەن بە شەھید ھەژمار دەکرێن، بەڵام بەپێی یاسای ژمارە ٩ی ماف و ئیمتیازاتی وەزارەتی شەھیدان ئەوانە بە شەھید ھەژمار ناکرێن.
ئێستا ھەماھەنگی لە نێوان وەزارەتی کاروباری شەھیدان و دەزگای گشتیی کاروباری مین ھەیە و پەرلەمانیش ئاگادار کراوەتەوە ئەو کەسانەی گرێبەستیان ھەیە و لە کاتی ئەرکدا گیان لەدەست دەدەن بە شەھید ھەژمار بکرێن، چونکە لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییان و کارمەندانی ھەڵگرتنەوەی مین بوونەتە قوربانی.
رابەر ئەنوەر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای گشتیی کاروباری مینی ھەولێر، بۆ “ھەولێر” دەڵێت:” پرۆژەیەکمان پێشکەش بە پەرلەمان و حکوومەت کردووە، پڕۆژەکە بریتییە لە ماف و ئیمتیازاتی پیشەگەرانی مین لەگەڵ شەھیدانی کاروباری مین، ئامانجیش ئەوەیە ئەوانەی کە لە بواری مین کار دەکەن، تا ئێستا ھیچ مافێکی ئەوتۆیان لە حکوومەت و دامودەزگایەکی دیکە نەبووە، ئەو دەزگایەی کە تێدا کار دەکەن بەشێوەی گرێبەست بووە، بۆیە بە باش زانرا و چەند ساڵێکە داوا دەکرێت ئەوانیش وەکو ھەر چینێکی دیکەی کۆمەڵگە مافیان ھەبێت، وەکو مافی خانەنشین بوون، مافی کەمئەندامی کە لە کاتی ھەڵگرتنەوەی مین بەشێک لە جەستەیان لە دەست دەدەن، یان لە کاتی شەھید بوونیان بە شەھیدی سەنگەر ھەژمار بکرێن، پێشتر پرۆژەیەک ھەبوو لە چەند خاڵێک پێکھاتبوو، لە ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ خوێندنەوەی بۆ کرا، بەڵام لەو کاتە دیار بوو لەبەر قەیرانی دارایی و چەند ھۆکارێکی دیکە ئەو پڕۆژەیە سەری نەگرت، ئێستا پرۆژەکە کورت کراوەتەوە بۆ سێ خاڵ، ئەوەش بۆ زامنکردنی مافی پیشەوەرانی مینە، خاڵەکانیش بریتین لە کەمئەندام بوون، شەھیدی سەنگەر و ئەو کارمەندانەی تەمەنیان گەیشتە تەمەنێک و نەیان توانی کار بکەن خانەنشین بکرێن، ئەو پرۆژەیە ئێستا لە حکوومەتە و بەجددی کار لەسەر دەکات، ھیوادارین لە ماوەیەکی نزیکدا پرۆژەکە لە حکوومەت و پەرلەمان پەسەند بکرێت و ببێتە یاسا، بۆ ئەوەی کارمەندانی مین و ھاووڵاتییان سوودمەند بن.
بەرپرسی راگەیاندنی کاروباری مینی ھەولێر، گوتیشی:” لە دوای راپەڕینی ساڵی١٩٩١ تا ئێستا ٣ ھەزار و ٧٧١ کەس لە سنووری پارێزگای ھەولێر بەر مین و تەقەمەنی کەوتوونە و شەھید و بریندار بوونە، تەنھا کارمەندانی مین ٣٦ کەس شەھید بوونە، کەمتر لە ١٠٠ کەسیش کەمئەندام بوونە، بۆیە بەردەوام کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەو شەھیدانە وەکو شەھیدی سەنگەر ھەژمار بکرێن”.

ھەواڵی زیاتر