پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان دەبێتە ئەندامی یەكێتی رۆژنامەنووسانی ئاسیا ‌و باسفیك 

لە یەكەمین دامەزراندنی رێكخراوی یەكێتی رۆژنامەنووسانی ئاسیا ‌و باسفیك، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بووە ئەندامی كارای ئەم یەكێتییە و لە لیژنەكانی سەرپەرشتی ‌و كاروچاڵاكییەكانییدا رۆڵ ‌و پێگەی خۆی تۆمار كرد.

لە رۆژی یەكەمی 31ـەمینی كۆنگرەی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی IFJ، گفتۆگۆی ئەندامانی كۆنگرە لەمەڕ دروستكردنی یەكێتی رۆژنامەنووسانی ئاسیا ‌و باسفیك بوو، لە ئەنجامدا كۆنگرە بڕیاری لەسەر دەستوور و پرەنسیپەكانی ئەم یەكێتیە دا.

یەكێتی رۆژنامەنووسانی ئاسیا ‌و باسفیك پڕۆژەیەكی مەكتەبی تەنفیزی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی (ئای ئیف جەی) بوو بۆ رێكخستنی سەندیكاكانی ئەندامی فیدراسیۆن لە كیشوەری ئاسیا و ئۆقیانۆسی هادی (باسفیك) و ئوستڕالیا ‌و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم یەكێتییە نوێیە پێنج هەرێم لەخۆ دەگرێت، لە هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (رۆژئاوای ئاسیا) كە 12 سەندیكا تێیدا دەبن، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان وەك ناوچەی هەرێمی كوردستان بە سەربەخۆ لە ڕیزی وڵاتانی عێراق و سووریا و لوبنان و ئیسرائیل و سعودییە و كوێت و ئیماراتی عارەبی ‌و عومان و یەمەن ‌و ئوردن و فەڵەستین تۆماركراوە.

لە پڕۆسەی دەنگدان بۆ سەرۆك ‌و جێگر ‌و مەكتەبی تەنفیزی، ژنە رۆژنامەنووسی هیندستان، سابینە ئیندەر چیت بە سەرۆكی یەكێتییەكە هەڵبژێردرا.

كۆی ئەندامانی رێكخراوی یەكێتی رۆژنامەنووسانی ئاسیا‌ و باسفیك 48 سەندیكای پیشەیی رۆژنامەنووسانن، كە بەسەر ناوچەی هەرێمی لێك نزیك دابەشكراون.