روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ئەوقافەوە

ئەندامێکی لیژنەی ئەوقاف لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، تێچووی حەج لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق زیاتر لە 500 دۆلارە، وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستانیش هۆیەکانی گرانیی نرخی حەج رووندەکاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 31.5.2022 سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئەوقاف لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لیژنەی ئەوقافی پەرلەمانی عێراقدا، “پرسیاری ئەوەم کرد کە بۆچی تێچووی حەج لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا جیاوازە. ئەوانیش لە وەڵامدا گوتیان: ئەوە پەیوەستە بە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستانەوە و دەبێت ئەوان وەڵام بدەنەوە.”

سۆران عومەر گوتی: “تێچووی نرخی حەجکردن لە عێراق چوار هەزار و 200 دۆلارە و 100 دۆلاریش بە 120 هەزار دینار بە حاجییەکان دەفرۆشنەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تێچووی حەج بە چوار هەزار و 700 دۆلارە و 100 دۆلاریش بە 148 هەزار دینار بە حاجییەکان دەفرۆشنەوە، ئەمەش وایکردووە تێچووی حەج لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق زۆر جیاوازبێت”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوە دەکات، دەستەی حەج و عەمرەی عێراق، لەسەر “حسابی” خۆی داشکاندنی بۆ حاجییەکان کردووە و هەروەها نرخی تیمەکانی خزمەتگوزاریش لەسەر “حسابی” حاجییانی عێراق نییە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەرکی ماددی ئەمانە لەسەر شانی حاجییەکانن.

هەر لەبارەی ئەو جیاوازییە، بریکاری وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “شوێنی مانەوەی حاجییان زۆر نزیکتر لە شوێنی حاجییانی عێراق دابینکراوە، بەشێوەیەک نزیک حەرەمی پیرۆزە و پاکوخاوێن و بە کوالێتییەکی باش، حاجییان بە ئاسانی دەتوانن ھاتووچۆ بکەن، ئەمەش نرخی لەگەڵ شوێنێکی دوورە دەستی بێ کوالێتی دەگۆڕێ و جیاوازە.”

زەینەدین مەولوود سورچی، بریکاری وەزارەت و سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییەکانی پرۆسەی حەج لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، “نرخی پلیتی فڕۆکەی گواستنەوەی ھەرحاجییەکی ھەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەکانی ھەولێر و سلێمانی بڕی 100 دۆلار لە فڕۆکەخانەکانی عێراق گرانترە و توانیومانە لەمساڵدا سێ ژەم خواردنی شایستە و گونجاو بۆ حاجییانی کوردستان (بە مینیۆی دەوڵەمەند و ھەمەجۆر) دابینبکەین، لەکاتێکدا لە عێراق تەنیا دوو ژەم خواردن دابینکراوە.”

زەینەدین مەولوود سورچی دەڵێت، سەبارەت بە چارەسەری پزیشکی حاجییان، لیژنەکەیان توانی بۆ یەکەمجار گرێبەست لەگەڵ باشترین کۆمپانیای دابینکردنی دەرمانی کوالێتی بەرزی سعودیە بکات جیاواز لەساڵانی رابردوو و دەشڵێت، “لەو بڕە پارەیەی کە دەکاتە چوار هەزار و 700 دۆلاری حاجییانی هەرێمی کوردستان، راستەوخۆ بڕی سێ هەزار و 397 دۆلاری دەچێتە سەر هەژماری دەستەی باڵای حەجی عێراق، لە بەرامبەر ھۆتێل و مانەوەی حاجییان لە مەدینەی پیرۆز، گواستنەوە و تێچووی ( المطوفين-ى سعوديه)، واتە لەو بڕە تەنیا هەزار و 300 دۆلار، بۆ ئەم ھەموو خزمەتگوزارییانە لەبەردەستی لێژنەکەدایە لە مەککەی پیرۆز کە بریتییە لە ھۆتێل و تەندروستی و ھاتووچۆ و دابینکردنی خواردن.”

سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییەکانی پرۆسەی حەج لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات، دەستەی باڵای حەجی عێراق وێڕای پارەی حاجییانی خۆیان ھاوکاری (نفقات الحاکمە) یان ھەیە و بودجەی تایبەتیان بۆدابین دەکرێت، ھەروەھا دەستەی حەجی عێراق وەبەرھێنان لە پرۆسەی عومرەدا دەکەن، “لەکاتێکدا ھەرێمی کوردستان لەم بودجە و ھاوکارییە بێبەشکراوە و بەڕێزان لە لیژنەی ئەوقافی پەرلەمانی کوردستان، زانیارییان هەیە لەسەر پڕۆسەی حەج لە ساڵانی رابردوو کە خەرجی دووری و نزیکی ھۆتێل لە مەککەی پیرۆز چەندە، جیاوازی هەیە بۆ مانەوەی حاجییان.”

لە روونکردنەوەکەدا زیاتر هاتووە، “لیژنەی ئەوقافی پەرلەمانی کوردستان و ھەرلایەنێک هەر کاتێک بیانەوێت، دەتوانن ناوەڕۆکی گرێبەستەکانی تایبەت بە بواری حەج لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە ببین کە واژۆکراوە و ئێمە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، وەکو ئەرکێکی نەتەوایەتی و ئایینی خۆمان لە هەموو لایەک بە بەرپرسیارتر و پەرۆشتر بۆ ئەم پرۆسەیە دەبینین بۆ خزمەتکردنی حاجییانی هەرێمی کوردستان، بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەین ئەم پرۆسە ئایینییە پیرۆزە تێکەڵ بە ململانێی سیاسی و موزایەدەی سیاسی نەکرێت”.

ھەواڵی زیاتر