ئامادەکارییەکان بۆ گەشتی حەج كۆتایی هاتووه و 45 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان ئەرکی گواستنەوە و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ حیاجیان ده‌گرنه ئه‌ستۆ، ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتوو یه‌كه‌م كاروانی حاجیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌نه سعوودیه.
شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی ھەرێمی کوردستان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاند، ئەمساڵ بەهۆی رێكکارە تەندروستییەکانەوە سەدا 43ـی حاجییان دەتوانن سەفەری حەج بکەن.
شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، راشیگه‌یاند، ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنی وەرزی حەجی ئەمساڵ لە کۆتاییەکان نزیکبووەتەوە، ئەوەی پەیوەستە بە مامەڵەی هاووڵاتییان زۆر بەشێوەیەکی خێرا بەڕێوەدەچن، چونکە زۆر درەنگ بڕیاری گەشتی حەج لەلایەن سعوودیەوه درا.
نەقشبەندی گوتی: “ئەمساڵ رێژەی چوونی حاجییان سەدا 43ـی ساڵانی پێشووترە، واته ئەمساڵ دوو هەزار و 120 حاجی له پشکی هەرێمی کوردستان سەفەری حەج دەکەن، ساڵانی پێشوو رێژەکە زیاتر بوو، دابەزینی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوەیە، چونکە لەگەڵ سەرهەڵدانی ئه‌م ڤایرۆسه سعوودیە تەنیا رێگای بە 15 هەزار حاجیدا لەناوخۆی وڵات‌دا فەریزەی حەج بەجێ بگەیەنن و لە ساڵی دواتر رێگه‌ی بە 60 هەزار کەسدا، لەو ژمارەیەش 15 هەزار بۆ ناوخۆی وڵات و 45 هەزار کەسیش بۆ وڵاتی دیکە کە موقیمن لەوێ، بەڵام ئەمساڵ ژماره‌كه‌ی بۆ یەک ملیۆن کەس بەرزکردەوە، لەو ژمارەیەش 150 هەزار بۆ ناوخۆ و 850 هەزار کەسیش بۆ وڵاتانی دونیا”.
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی “بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وەک خواردن، شوێنی مانەوە، دابینکردنی هۆیەکانی گواستنەوەی حاجییان و دابینکردنی پێداویستی پزیشکی و دەرمان، ماوەی دوو هەفتە لە سعوودیە بووین، هەروەها تێچووی سەفەری هەر حاجییەک چوار هەزار و 700 دۆلارە، تێچووەکە لە سەرانسەری دونیا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە”.
ده‌شڵێت: “بۆ ئەمساڵ 45 کۆمپانیا لە رێگای ئەنجامدانی تیروپشکی ئاشکرا، ئەرکی گواستنەوەی حاجییان له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن، لە رۆژی 15ـی حوزەیران یەکەم کاروانی حاجییان بەرەو سعوودیە بەڕێدەکەون”.
له‌باره‌ی رێككاره ته‌ندروستییه‌كان، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی ھەرێمی کوردستان، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو ”ئه‌و كه‌سه‌ی سه‌فه‌ری حه‌ج ده‌كات، مه‌رجه دوو ڤاكسینی وه‌رگرتبێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌نجامی پشكنینی “PCR”ـی هه‌بێت كه 72 كاتژمێری به‌سه‌ردا تێنه‌په‌ڕیبێت”.
ساڵی 2019 و بەر لە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چوار هەزار و 880 کەس لە هەرێمی کوردستان لە رێگای 109 کۆمپانیاوە فەریزەی حەجیان ئەنجامدا، تێچووی هەر کەسێک بڕی چوار هەزار و 200 دۆلار بوو.