سلێمان تاشان – هەولێر
لە هەرێمی کوردستان ماوەیەکە گفتوگۆ و دانوستان و هەنگاوەکانی ئاشتی، بەسەر ناکۆکی و ململانێ و شەڕی میدیایی زاڵ بووە و ئەمەش رەنگدانەوەی ئەرێنی هەبووە وچاوەڕێ دەکرێ لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرهەمەکانی بدروێتەوە. بە پێچەوانەی کوردستان، لە عێراق ململانێ و ناکۆکییەکان ئەگەر زیاتر پەرەیان نەسەندبێت ئەوا کەمتر نەبوون و بۆیەش چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیی چاوەکان لەسەر هەولێرن بەڵکوو دوای گەیشتن بە هاوگوتاریی ناوخۆیی، عێراقیش لە چەقبەستوویی سیاسی دەربهێنێت.
لەوەتەی ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە لە عێراق هەڵبژاردن بەڕێوەچووە، بەڵام هیچ هیوایەک بۆ ئەوە لە ئارادا نییە حکوومەتێکی نوێ دابمەزرێنرێت و عێراق لەو دۆخە چەقبەستووییە سیاسییە بێتە دەرەوە. لە رابردوودا دابەشبوونی نێو ماڵی شیعە لە لایەک و ماڵی کورد لە لایەکی تر، گرنگترین هۆکاری دانەمەزراندنی حکوومەتی عێراق بووە.
وەک ئاشکرایە سەدرییەکان کە ٧٣ کورسی پەرلەمانیان بەدستەوەیە چارەی بەشێکی بەرچاوی چوارچێوەی ئاهەنگی ناوێت کە لە هێزە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران پێکهاتوون و دواین پەیامی سەدر هەر ئەوە بووە حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانیی دابمەزرێنێت و کۆتایی بە سازان و دابەشکاری بهێنێت.
زۆربەی جووڵە و هەنگاوە سیاسییەکانی دوای هەڵبژاردن لە لایەن رەوتی سەدر بووە و زۆربەی ئەو دەرفەت و بژاردانەش کە گیراونەتە بەر، هیچ شتێکیان لێ سەوز نەبووە. دواین هەڵوێستی سەدر ئەوە بوو مانگێک ببێتە ئۆپۆزسیۆن و لەم دواییانەشدا هەندێک هەڵوێستی تری هەبووە کە خوێندنەوەی ئەوەی لێ دەکرێت سوود لە شەقام و دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک وەربگرێت.
لە ١٥ی ئایار موقتەدا سەدر لە تویتێکدا راگەیاند، رێگەچارەیەکیان لەبەردەمدا ماوە کە پێویستە تاقی بکەنەوە، ئەویش ئەوەیە ببنە ئۆپۆزیسیۆنى نیشتمانى بۆ ماوەیەک کە لە ٣٠ رۆژ کەمتر نەبێت.
لە چوارى ئایاریش، چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەستپێشخەرییەکى ١٨ خاڵى راگەیاند بۆ چارەسەرى چەقبەستوویی سیاسی، بەبێ ئەوەى ئەنجامى هەبێت. لە دوو رۆژی رابردوشدا ئەندامانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی باس لە دەستپێشخەرییەکی تر دەکەن کە بڕیارە بەم نزیکانە بخرێتە روو بێ ئەوەی باس لە ناوەڕۆکی بکرێت. محەمەد قەدری ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ میدیاکان دەستپێشخەرییەکەی ئاشکرا کردووە.
لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ترسیان هەیە جووڵەی داهاتووی سەدر بەکارهێنانی شەقام و جەماوەر بێت بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان و خوازیارن پێش روودانی، چارەیەک بدۆزنەوە. بەشێکیشیان ئومێدێکیان لای هەرێمی کوردستانە بەڵکوو ئەو لێکنزیکبوونەوەیەی لە کوردستان رووی داوە سەرجەم عێراق بگرێتەوە. ئەوان پێیان وایە ئەوەی لە کوردستان روو دەدات بەشێکە لە دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی بۆ دەرهێنانی عێراق لەو چەقبستووییەی تووشی بووە و ئومێدیان بە هەنگاوەکانی داهاتووی هەیە.
لە ٢٢ی ئەم مانگە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ یەکێتی و پاشان لایەنە سیاسییەکانی تر کۆبۆوە و سەردانەکەش دوای سێ رۆژ کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە هەولێری بەدواوە بوو و قسە لەوە دەکرێت هەفتەی داهاتووش کۆبوونەوەی تر گرێ بدرێت و ناکۆکییەکان بنبڕ بکرێن.
بڕینی چاوی هیوا بۆ سەر هەولێر تەنیا پەیوەست نییە بە ناوخۆی عێراق بەڵکوو لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ئەو چاوەڕوانییە لە هەولێر هەیە دوای کۆتاییهێنان بۆ ناکۆکییە سەرەکییەکانی کوردستان، رۆڵیان هەبێت لەو ناکۆکی و تەنگژە سیاسییەی بەربینگی عێراقی گرتووە. جنین پلاسخارت لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش باسی لەو چەقبەستووییە سیاسییەی عێراق کرد و گوتی ئەگەر هەنگاوی پێویست نەنرێت و لایەنەکان هەرچی زووە رێک نەکەون لەوانەیە دۆخی عێراق زۆر خراپتر بێت و کێشە و قەیرانەکان قووڵتر ببنەوە.
ئەو هەفتەی رابردوو خۆی حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی لە دەوری مێزێکی خڕ کۆ کردەوە و هاوسۆز بووە لە نزیککردنەوەی لایەنە کوردستانییەکان.
دۆخی ناوچەیی و نێودەولەتیی ئەوە دەخوازێت عێراق لە چەقبەستوویی سیاسی بهێنرێتە دەرەوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستان لە رابردوودا لە ئاشتی و سەقامگیری و لێکنزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانی عێراق هەیبووە، دیسان چاوەڕوانی هەمان هەنگاوی لێ دەکرێت و بۆیەش چاوەکانی ئومێدی بڕاونەتە سەر.