دوێنێ فازل میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە خاتوو ماری پارێ نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کرد.
بە ئامادەبوونی هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە، میرانی وێرای بەخێر ھێنانی میوان سوپاسی یەکێتی ئەوروپای کرد بۆ ئەوڕۆڵە ئەرێنییەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەیگێڕن بۆ هاوکاری پەنابەران و بەهێز کردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت.
سکرتێری مەکتەبی سیاسی باسی لەڕەوشی ئێستای عێراق و دوایین هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی جیاوازیەکانی نێوان لایەنەکان بۆ دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی عێراق کرد. ڕایگەیاند ئامانجی پارتی دیموکراتی کوردستان و جەنابی سەرۆک بارزانی سەقامگیری و ئاشتیە لە کوردستان و عێراق بۆ ئەو مەبەستەش هەمیشە لە هەوڵدا دەبێت بۆ بەدەستهێنانی و لە ئایندەشدا ئەو هەوڵانە چڕتر دەکرێنەوە.
لە درێژەی گفتوگۆکاندا باردۆخی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندی لایەنە سیاسییەکان باسی لێکرا و جەختی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی سازانە و پێی وایە گرفتێکی وا نیە کە ببێتە بەربەست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەردەوامی چاکسازی و خزمەتی میلەتی خۆمان و، دانیشتنی شەش پارتە سیاسیەکەی هەرێمی کوردستان لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان بەشێکی دیکە ئەو دیدارە بوو.
لە لای خۆیەوە خاتوو ماری پارێ سوپاسی مەکتەبی سیاسی کرد بۆ ئەم پێشوازییە گەرمەی کە لێی کراوە دەربڕی و، ئاماژەی بەوەدا کە سەقامگیری و پێشکەوتنی عێراق بۆ یەکێتی ئەوروپا گرنگ و پێویستە و بەردەوام دەبین لە هاوکاری و هەماهەنگی لە تەواوی بوارەکاندا. نوێنەرییەکێتی ئەوروپاڕەوشی چەق بەستوی عێراقی بە نا تەندروست وەسف کرد و گوتی ئەو باردۆخە لەبەرژەوەندی دەوڵەت و گەلانی عێراق نیە، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان ئەنجامی هەڵبژاردن بکەنە پێوەری دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی فیدراڵی عێراق و خزمەت بە دانیشتوانی عێراق بکەن. دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی گرنگە هەرێمی کوردستان بتوانێت لە کاتی دیاریکراودا ئەنجامی بدات و کار بکات لەسەر باشتر کردنی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکان.
ھەروەھا خاتوو پارێ دووپاتی لە بەردەوامی هەماهەنگی وڵاتانییەکێتی ئەوروپا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی دامودەزگاکانی هەرێم و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و باشتر کردنی گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کردەوە .