د. بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: خەریکە بارودۆخی عێراق لە دەست دەردەچێت و بەرەو گرژی و ئاڵۆزی دەچێت

د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە دیدارێکدا لەگەڵ ھەولێر دەڵێت: “لە کام شوێنی دونیا بووە ئەوەی لە ھەڵبژاردن دۆڕا بێت، کاریگەریی ھەبێت بەسەر ساحەکەوە و ڕێگە نەدات حکوومەت پێک بێت. لە ڕابردووش پێکھێنانی حکوومەت دوا کەوتووە و لەسەر دەستی کورد بەتایبەتی سەرۆک بارزانی لایەنە سیاسییەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن. ئەمجارەش ھەر لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی حکوومەتی عێراق پێک دێت و کۆتایی بە کێشەکان دێت.

دەشڵێ: “ئەو بارودۆخە چەقبەستووەی عێراق چەند بەردەوام بێت ئەوەندە مەترسی لەسەر ھەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، بۆیە ئەم ھەنگاوەی سەرۆکی ھەرێم، ھەنگاوێکی زۆر پێویست و لە جێی خۆی بوو، پارتی و یەکێتی لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشنەوە ھێزێکی کوردی توکمە دروست بکەن، بۆ ئەوەی لە بەغدا بەھێزەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا بکەن و، پریشكی ئەو ئاگرەی کە لە بەغدا ھەیە، بەر ھەرێمی کوردستان نەکەوێت.
جێگری سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، گوتی: “ھەر لەو خولەدا نەبووە حکوومەتی عێراق زوو پێک نەھاتووە، بەڵکو لە دوای ٢٠٠٣ ھەر حکوومەتێک لە عێراق پێک ھاتبێت لە کاتی دەستووری خۆی پێک نەھاتووە، ھەموو حکوومەتەکان دواکەوتوونە، لە ٢٠١٠ حکوومەتەکەی ویلایەتی دووەمی مالیکی نزیکەی ١٠ مانگ دواکەوت، کەواتە ئەوە بۆتە شتێکی باو، بۆیە دەبێت بە ئاسایی وەربگرین، کە ماوەی دەستووری پێشێل دەکرێت؛ ئەمجارەش ھەر بەو شێوەیە، ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان، ڕازی نەبوون بە ئەنجامی ھەڵبژاردن، ئەو لایەنەی کە دەنگی لە ھەڵبژاردن ھێناوە لێ ناگەڕێن حکوومەت تەشکیل بکات. ئەو لایەنانەی کە دەنگیان نەھێناوە دەیانەوێت بە ھەر شێوەیەک بێت بەشدار بن و حکوومەتێکی تەوافوقی پێک بێنن، وەکو حکوومەتەکانی ڕابردوو، کە ئەوەش یەک لە ھۆکارەکانە بۆ بوونی گەندەڵی زۆر لە عێراق و تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی و سیاسی، نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاری، کە ئێستا عێراقییەکان بەدەست دەیان کێشەوە دەناڵێنن، دیار نییە کە کێ بەرپرسیارەتی ھەڵدەگرێت، بەڵام ئەگەر حکوومەتی زۆرینە بێت ئەو کاتە ھەر کێشەیەک ھەبێت ئەوان بەرپرسیارن و لایەنەکەی دیکەش ئۆپۆزسیۆن دەبێت.
د. بەشیر حەداد، دەشڵێ: “دەستوور کێشەی زۆری تێدایە، دەستووریش یەکێکە لە ھۆکارەکانی ئەم ڕەوشە کە تا ئێستا حکوومەت تەشکیل نەکراوە، دادگای ئیتحادی بڕیار دەدات. ئەمە لە کاتێکدایە دادگای ئیتحادی ئیشی ئەوە نییە پرۆسەی سیاسی پەک بخات، بەڵکو ماددەکان ڕێک دەخات، لە کوێی دونیا بووە لە ھەڵبژاردن ئەوەی دۆڕا بێت، کاریگەر بێت بەسەر ساحەکەوە، ڕێگە نەدات حکوومەت پێک بێت، لە ڕابردووش پێکھێنانی حکوومەت دوا دەکەوت لەسەر دەستی کورد پێک دەھات، بەتایبەتی لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی. ئەمجارەش پێ دەچێت ھەر لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی حکوومەتی عێراق پێک بێت و کۆتایی بە کێشەکان بێت، بۆیە ڕێکخستنی نێو ماڵی کورد کە ئێستا سەرۆکی ھەرێم دەستی پێ کردووە؛ ئۆمێد ھەیە کە ببێتە ھۆی ئەوەی کە نێو ماڵی شیعە ڕێک بکەوێت، عێراق لەم بارودۆخە ناسەقامگیرە دەربھێنن.
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئاشکراشی کرد: “حکوومەتی کازمی کاربەڕێکەرە. ئەگەر بێیە سەر یاسا و دەستوور، حکوومەتێکە، لە دەستوور و یاسا باس نەکراوە، چونکە حکوومەتی کاربەڕێکەر دەبێت تەمەنەکەی ٧٥ ڕۆژ بێت، نابێت لەو ماوەیە درێژتر بێت، ئەویش ئەوەیە کە دوای ھەڵبژاردن ٣٠ ڕۆژ سەرۆک کۆمار ھەڵدەبژێردرێت، ١٥ ڕۆژیش سەرۆک کۆمار کەسێک ڕادەسپێرێت، ئەویش لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا دەبێت حکوومەت پێک بھێنێت.
جێگری سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، جەختی لەوەش کردەوە” ئێستا باشترین شت ئەوەیە کە لایەنە سیاسییەکان ھەموویان بەرژەوەندی ئەو وڵاتە، بەرژەوەندی گەلی عێراق بخەنە پێش بەرژەوەندی خۆیان، چونکە ئەو داخرانە سیاسییە، داخرانی دیکەشی بە دوای خۆیدا ھێناوە، داخرانێکی ئەمنیی بەدوای خۆیدا ھێناوە، داخرانی کۆمەڵایەتی، داخرانی ئابووریی بە دوای خۆیدا ھێناوە.
روونیشی کردەوە: “زۆر پێویستە ناو ماڵی کورد یەکڕیز بێت، دەستپێشخەرییەکی زۆر پێویست و زەروور و لە کاتی خۆیدا کە سەرۆکی ھەرێم قۆڵی هیممەتی لێ هەڵماڵیوە، چونکە بە ڕاستی خەریک بوو ئەم بارودۆخەی کە لە عێراق بە شێوەیەک لە شێوەکان کاریگەریی خراپی بەسەر ھەرێمی کوردستان دەبوو؛ کاریگەریی سیاسی، ئابووری و ئەمنی، مەترسی لەسەر ھەرێمی کوردستان زۆرە، ئەو بارودۆخە چەقبەستووەی عێراق چەند بەردەوام بێت ئەوەندە مەترسی لەسەر ھەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، بۆیە ئەم ھەنگاوەی سەرۆکی ھەرێم، ھەنگاوێکی زۆر پێویست و لە جێی خۆی بوو.
سەبارەت بەوەی ئەگەر بارودۆخی عێراق ھەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، چارەنووسی عێراق چی بەسەر دێت؟ د. بەشیر حەداد، دیار کرد، ئەوەش ئەگەرێکە لەوانەیە بارودۆخی عێراق ھەر بەو شێوەیە بێت، ئەگەر ھەر وا بێت خۆپیشاندان دەکرێت، گرژی دروست دەبێت، داوا دەکەن حکوومەت دەست لە کار بکشێتەوە. ئەو کات داوا لە پەرلەمان دەکرێت خۆ ھەڵبوەشێنێتەوە، ھەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت، یان حکوومەتێکی دیکە پێک بھێت، بە خۆپیشاندان ئیجباری ئەو حکوومەتە بکەن کە واز بێنێت و کەسێکی دیکە دەست نیشان بکرێت بۆ ئەوەی حکوومەت پێک بێنێت تا ھەڵبژارد دەکرێت، ئەمانە ھەموو ئەگەرن و دەکرێت لە داھاتوودا ڕوو بدەن”.

ھەواڵی زیاتر