لە گوندی رێزانی سەر بە قەزای مێرگەسۆر لە دیدارێكدا ئەنجامی هەڵكۆڵین و لێكۆڵینەوەكانی پسپۆڕانی ناوخۆیی و بیانی پەیوەست بە ئەشكەوتی مێژوویی شانەدەر راگەیێنرا.
دیدارەكە لەلایەن فەرمانگەی شوێنەوار و كەلەپووری مێرگەسۆر و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری سۆران بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و كەلەپوور لەژێر چاودێریی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوە چوو.
لە مەراسیمی دیداری شانەدەردا ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و حزبی و پسپۆڕانی شوێنەوارناسی چەند زانكۆیەكی ناوخۆیی و بیانی ئامادە بوون، كە تێدا ئەنجامەكانی چەند ساڵەی هەڵكۆڵین و دۆزینەوە یان لێكۆڵینەوە شوێنەوارییەكان لە رووی زانستییەوە خرانە ڕوو.
لەو دیدارەدا تیشك خرایە سەر ئەوەی كە گرنگی زیاتر بە كەرتی شوێنەوار بدرێت بە تایبەت لە سنووری ئیدارەی سۆران و چونكە ئیدارەی سۆران یەكێكە لە ناوچە مێژوییە گرنگەكانی سۆران و هەوڵەكانیش چڕتر بكرێن تاکو لەمەولا ئەو ناوچەیە ببێتە ناوچەیەكی گرنكی گەشتیاری بۆ سەردانیكەران؛ بە تایبەت ئەو گەشتیارانەی كە گرنگی بە بینینی ناوچەی شوێنەوار دەدەن.
لە گرنگترین تەوەرەكانی دیدارەكە پێك هاتبوون لە: بەراوردێك لە نێوان دەرەنجامی هەڵكۆلینە كۆن و نوێكانی ئەشكەوتی شانەدەر، مێژووی دەڤەری بارزان و ئەشكەوتی شانەدەر، تایبەتمەندی مرۆڤی نیاندرتاڵ، گەشەپێدانی ئەشكەوتی شانەدەر لە رووی گەشتیارییەوە لە لایەن هەریەك لە پرۆفیسۆر گرایم باركەر بەڕێوەبەری تیمی زانكۆی كامبریجی بەریتانیا لە هەڵكۆڵینی شانەدەر، پ. كریس هانت، ئێما پۆمێرۆی، عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران پێشكەش كران.
لە كۆتاییی مەراسیمدا، لەلایەن ئامادەبووانەوە را و تێبینی و پرسیارەكانی پەیوەست بە لێكۆڵینەوە زانستییەكانی ئەشكەوتی شانەدەر ئاراستەی پسپۆڕانی بواری مرۆڤناسی، شوێنەوارناسی نێو دیدارەكە كرا.