٤٠ڕۆژ بەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی عێراقدا تێپەڕی، بۆ وەرگرتنەوەی دۆسییەی ئەمنیی شنگال لە پەکەکە و گرووپە تیرۆرستیەکان

حکوومەتی عێراق جارێکی دیکە باسی هێرشەکانی تورکیای بۆ سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان خستەوە بەرباس و ئەمجارە لەڕێگای پەرلەمانەوە گەنگەشەی ئەو بابەتە دەکرێت، ئەگەرچی وا چاوەڕوان دەکرێت وەک هەموو هەوڵەکانی دیکە بێ سوود بێت، بەڵام دەکرێت هەماهەنگییەک دروست ببێت بۆ ئەوەی هەرچی زووترە هەوڵبدرێت ئەو گرژیەی ئێستا لە ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان هەیە بەهۆی پەکەکە وەڕابگیرێت.

خەمساردی حکوومەتی عێراق لە دۆخەکە
ئەگەرچی لە مانگیڕابردوودا، بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، ئەنجوومەنی ئاسایشی عێراق تایبەت بە پرسی بوونی پەکەکە لە شنگال کۆ بووەوە و لەوکۆبوونەوەیەدا مستەفا کازمی فەرمانی بە هێزە عێراقییەکان کرد، هەرچی زووە دۆسیەی ئەمنی شنگال لە پەکەکە و گرووپەکانی وەربگیرێتەوە، بەڵام دوای ٤٠ ڕۆژ لە بڕیارەکەی مستەفا کازمی هێشتا شنگال بە دەستی پەکەکە و گرووپە میلیشیاکانەوەیە و جێبەجێ نەکراوە.

٤٠ڕۆژ بەسەر بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا تێپەڕی
ئێستا زیاتر لە مانگێک بەسەر بڕیارەکەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقدا تێپەڕیوە بۆ وەرگرتنەوەی دۆسیەی ئەمنی شنگال لە پەکەکە و گرووپە نایاساییەکان، کەچی ئەو بڕیارە دروستە جێبەجێ نەبووە و سوپای عێراق بەوە تۆمەتبارە کە نیەتی جددی نییە بۆ ئەو هەنگاوە و خەمساردن لەوەی پەلە بکەن ئەو دۆخە نەخوازرەوەی شنگال کۆتایی پێ بهێنرێت. بە پێی لێدوانی بەرپرسانی حکوومی و حزبی هەرێمی کوردستانیش بێت، خەمساردی سوپای عێراق بۆ دەرکردنی پەکەکە و گرووپە میلیشیاکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، چەندین گرووپی لەیاسا دەرچووی عێراقیش ئێستا بوونە بە هاوپەیمانی پەکەکە و لە شنگال جێگیر کراون، ئەمەش وای کردووە سوپای عێراق نەتوانێت ئەو کارە بکات.

پەکەکە چی بەسەر شنگال هێناوە؟
چەکدارانی پەکەکە، هەر لە سەرەتای خزانە نێو شنگالەوە، دەستیان بە کاری ڕێکخستن کرد لە نێو ئێزدیەکان و لەڕێگای چەند کەسایەتیی نەخوازراوی نێو ئێزیدیەکانەوە توانی خۆی بسەپێنێت و جێگای پێی خۆی قایم بکات. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، پەکەکە بە زەبری هێز وای کردووە ئێزدیەکان بە ناچاری بۆ مەرامەکانی ئەوان کار بکەن و تەنانەت چەکدارییان پێ بکات و دژی ئەو هێرشانە بەکاریان دێنێت کە سوپای عێراق ناو بەناو بۆ هەندێک ناوچەی شنگال دەیکات، هەر ئەوەشە وای کردووە لە زۆربەی هێرشەکانی سوپای عێراقدا تەنیا هاووڵاتیی سڤیل ببنە قوربانی. سەرباری ئەوەی چەندین داگیرکاریی بۆسەر زێد و خانووی هاووڵاتییان و تەنانەت بارەگا حکوومی و شوێنە کلتوورییەکانی شنگالیش کردووە.

هاوپەیمانیکردنی پەکەکە و گرووپە تیرۆرستیەکان
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵی، چەندین گرووپی تیرۆرستی لە دەوری خۆی کۆ کردووەتەوە و هاوپەیمانی لەگەڵی بەستوون لە کاتێکدا ئەو گرووپانە لە سوریا و تەنانەت لە شنگالیش دەستیان هەبووە لە بەهێزبوونی داعش و ئەنفالکردنی ئێزدیەکان، ئەو سەرچاوە هەواڵیە وتەی چەندین هاووڵاتیی ئێزدی داناوە کە باس لەوە دەکەن، چەکدارکردنی عەرەبەکان لە شنگال لەلایەن پەکەکەوە، بە واتای دووبارە جینۆسایدکردن و کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزدیە. هاوکات ئاماژەیان بەوەیش کرد کە پەکەکە لە رێگای هێندێک ئێزدیی خۆفرۆشەوە دەیەوێ گەلی ئێزدی فریو بدات و وەکوو ئامراز لە پێناو ئەجێنداکانی خۆیدا بەکاریان بهێنێت”.

ڕای گشتیی دژی پەکەکە لاوازە
یەکێک لەو هۆکارانەی پەکەکەی بەو هەموو پۆخڵەواتەوە لە هەرێمی کوردستان هێشتووەتەوە، لاوازیڕای گشتیە لە بەرامبەرڕفاندن و کوشتن و ئەو هەموو قوربانیەی لە ئاکامی بۆمب و هاوەنی پەکەکە و تەنانەت بۆردومانەکانی وڵاتی تورکیاشەوە گیانیان لە دەست داوە. ئەگەر هەر لەسەرەتاوەڕای گشتیی دژی پەکەکە ئەركی خۆی ڕاپەڕاندبایە، ئێستا هەرێمی کوردستان سنووری جوگرافیای خۆی زیاتر پێ دەپارێزرا و، پەکەکەش تەنها لە ناوچە هەرە سەختەکان جێگای دەبووەوە و سەدان گوندی بە خەڵکی مەدەنی چۆڵ نەدەکرد و ئەو هەموو گوندەش بەهۆی بۆمبارانەوە نەدەسووتان. ئەگەرچی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە تایبەت ئەوانەی لە بواری ژینگەپارێزی کار دەکەن ژمارەیان لە هەرێمی کوردستان کەم نییە، بەڵام چالاکییەکانیان دژی پەکەکە بەشێوەی ڕاستەوخۆ وەک پێویست نەبووە و وەک بڵێی هەزاران دۆنمی سووتاوی هەرێمی کوردستان پوشێکی بێنرخی بەهاری بێت. چاودێرێکی سیاسی لەوبارەیەوە بۆ “هەولێر” لێکدانەوەی خۆی هەیە و دەڵێت؛یەکێک لەو هۆکارانەی وای کردووەڕای گشتی بەرامبەر ئەو جەبەڕوتەی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان لاواز بێت، پەرتەوازەیی لایەنە سیاسیەکانە لە هەرێمی کوردستان، کە هەندێکجار تاکە لایەنێک ناتوانێت بە گژداچوونەوەی بۆ هەندێک بابەت هەبێت. هۆکارێکی دیکەش باس دەکات و دەڵێت؛ پەکەکەڕێکخراوێکی گەورەیە و سەدان تۆڕ و تەنانەت دەزگای میدیایی هەیە و لەو ناوچانە کار دەکەن کە چالاکی تێدا دەکەن و لەڕێگای پڕ و پاگەندەوە دەتوانن بەشێکی خەڵکی فریو بدەن.

ھەواڵی زیاتر