پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سەرۆکی هەرێم: هۆکاری ئەو چەقبەستووییەی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا هەیە، نەبوونی میانڕۆییە 

ئەمڕۆ کۆنفرانسی ئاشتی لە ڕێگەی میانڕەوی لە هەولێر ده‌ستی پێكرد کە لە لایەن رێکخراوی سپارک و بەهاوبەشی لەگەڵ کونسوڵخانەی هۆڵەندا ڕێکخراوە .

ئامانج لە کۆنفرانسەکە، بەرقەراکردنی ئاشتی و رووبەرووبوونەوەی هزریی توندڕەویی و بەڕگیرییە لەنێو کۆمەڵگدا.

لە کۆنفرانسەدا  نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و رایگه‌یاند: ده‌ستخۆشی له‌ رێكخراوی سپاركی هۆڵه‌ندی ده‌كه‌م بۆ به‌ڕێوه‌چوونى ئه‌م كۆنفراسه‌، پێویستمان به‌قوڵكردنه‌وه‌ی بیری میانڕه‌وییه‌،  میانڕه‌وی رێگه‌یه‌كی دروست و پێویسته‌ بۆ ئاشتی میانڕه‌وی هێز و بڕوا به‌خۆبوونه‌.

هه‌روه‌ها گوتیشی، دەبێت میانڕۆیی لە هەموو شوێنێکی ژیان هەبێت، بەتایبەتی لە نێو خێزان، سیستەمی خوێندن و پەیوەندیی و مامەڵەی سیاسیدا،

دەبێت لە عێراق ئاشتییەک بێتە ئاراوە کە بەپێی دەستوور و یاسا ژیانی هەموو پێکهاتەکانی پارێزراو بێت.

نێچیرڤان بارزانی راشیگه‌یاند: لێکەوتەکانی نەبوونی ئاشتی لە عێراق، دۆخی وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکەشی تێکداوە، تەنانەت هەڕەشەی لە ئاشتیی جیهانیش کردووە.

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی، جیهانی ئه‌مڕۆمان به‌ده‌ست چه‌ندین قه‌یران ده‌ناڵێنێت، ئاشتی زۆر پێویسته‌  و پاراستنی ئاشتی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌هه‌موو ناوچه‌كان پێویستره‌، ئاشتی و سه‌قامگیری له‌ عێراق بۆ ناوچه‌كه‌ پێویسته‌.

نێچیرڤان بارزانی راشیگه‌یاند: هۆکاری ئەو چەقبەستووییەی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا هەیە، نەبوونی میانڕۆییە، دەبێت میانڕۆیی لە هەموو شوێنێکی ژیان هەبێت، بەتایبەتی لە نێو خێزان، سیستەمی خوێندن و پەیوەندیی و مامەڵەی سیاسیدا و  رابردووی عێراق بە هەموو شەڕ و کارەساتەکانیەوە دەبێت ببێتە پەند و رێنیشاندەر بۆ هەنگاوەکان بەرەو داهاتوویەکی باشتر بۆ هەموو پێکهاتەکان.