سەرۆکی حکوومەتی هەرێم رەزامەندی دا لەسەر تەرخانکردنی ٣٥٦ ملیار دینار بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی ئاو

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی دا لەسەر تەرخانکردنی زیاتر لە ٣٥٦ ملیار دینار بۆ چەند پڕۆژەیەکی ئاو لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان


فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان، لەبەر ڕۆشنایی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتیان و کەمکردنەوەی مەترسیەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پاراستنی ئاوی ژێر زەوی و پاراستنی بیرەکانی ئاوی خواردنەوە و کەمکردنەوەی سیستەمی دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە بە تانکەرین، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی دا لەسەر تەرخان و خەرجکردنی گوژمەی (٣٥٦،٦٧٤،١٤٤،٠٠٠) دینار ، بە شێوەی نەختینە و قۆناغ ، لەسەر بودجەی وەبەرھێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ ، ئەو پڕۆژانە بریتیین لە :

یەکەم: چاکسازی لە ھێلەکانی گواستنەوەی ئاوی خواردنەوە لە (ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ھەڵەبجە، سۆران، دەوروبەری سلێمانی، دەوروبەری گەرمیان، کۆیە، ڕاپەرین، ئاوی دەوروبەری دھۆک، زاخۆ و ئاکرێ).

دووەم: چاکسازی لە عەمبارەکانی پڕۆژەکانی ئاو( ئاو و ئاوەڕۆی ھەولێر، ئاوی سۆران، ئاوی سلێمانی، ئاوی دەوروبەری سلێمانی، ئاوی ھەڵەبجە، ئاوی دەوروبەری گەرمیان، ئاوی کۆیە، ئاوی ڕاپەرین، ئاوی دھۆک، ئاوی دەوروبەری دھۆک، ئاوی زاخۆ و ئاوی ئاکرێ).

سێیەم: دیزاین و دانانی سیستەمی پێشکەوتووی سکادا و دروستکردنی پڕۆژەی ستراتیجی وێستگەی پاڵاوتن بۆ ( ئاوی ھەولێر، ئاوی سۆران، ئاوی دەوروبەری ھەولێر، ئاوی سلێمانی، ئاوی دەوروبەری سلێمانی، ئاوی دەوروبەری گەرمیان، ئاوی کۆیە، ئاوی ڕاپەرین، ئاوی دھۆک، ئاوی دەوروبەری دھۆک، ئاوی کەلار و ئاوی زاخۆ).

چوارەم: دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ چاککردنەوەی پڕۆژەکان بۆ( ئاو و ئاوەڕۆی ھەولێر، ئاوی دەوروبەری ھەولێر، ئاوی سۆران، ئاوی دەوروبەری سلێمانی ، ئاوی کۆیە، ئاوی ڕاپەرین، ئاوی دەوروبەری دھۆک، ئاوی کەلار و ئاوی ئاکرێ).

ھەواڵی زیاتر