هەنگاوی داهاتووی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟

پەیامنێری هەولێر

ئاڵۆزی و نائارامییەکانی ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان، بەهۆی جموجۆڵەکانی پەکەکە لەو ناوچانە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و چەند ڕۆژێکیشە چەکدارانی پەکەکە دەست لە هاووڵاتیانی مەدەنی و هێزەکانی پێشمەرگە ناپارێزن و بەهۆی دەسترێژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووەوە و زیانی گیانی و ماددی بەر هاووڵاتیان کەوتووە.

ئەگەرچی بە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو پەکەکە درێغی نەکردووە لە زیان گەیاندن بە ئەمن و ئاسایشی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و هێزەکای پێشمەرگە، بەشێوەی پیلانی ناڕاستەوخۆ و چاندنی مین و دانانی کەمین و خاڵی نایاسایی بۆ لێسەندنی باج و زەریبەی هاووڵاتیان و کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێم. بەڵام ئێستا ئەرکەکەی گۆڕاوە بۆ هێرشی ڕاستەوخۆ و بەکارهێنانی چەکی هێرشکردن هاوشێوەی هاوەن و چەکی قەناس. لە ٢٦ ی ئەم مانگەشدا، چەکدارانی پەکەکە لە ناوچەی “گانمیرکێ” سەر بە کانی ماسی لە دەڤەری ئامێدی، پەلاماری خاڵێکی پێشمەرگەکانی کوردستانیان دا و لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەک بریندار بووە کە لەو هێرشەدا چەکی قەناسیان بەکارهێنابوو. هاوکات دوو مووشەکیان ئاراستەی گوندی (ئەرەدنا)ی سەر بە ناحیەی بامەڕنێی قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کردوو و بەهۆیەوە دوو هاووڵاتی شەهید بوون و دوو هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.

پەکەکە سودی لە فریودانی ڕای گشتی وەرگرتووە
بە بۆچوونی شارەزایەکی سیاسی، پەکەکە ئەو کارانەی لە هەرێمی کوردستان دەیکات لە هەر ناوچەیەکی دیکە بیکردبا ڕای گشتی بەشێوەیەک دژی دەوەستانەوە کە مەجالی وێرانکاری زیاتریی پێ نەدەدا. ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە نووسیویەتی؛ هەم کوردان و هەمیش ڕای گشتی ناتوانن بە باشی لە واقعییەتی ئەو زنجیرە هێرشە تێبگەن کە لە 18ی نیسانی ئەمساڵدا لە لایەنی وڵاتی تورکیاوە بۆسەر هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە. دەشڵێت؛ پێش هەموو شتێک بەهۆی ئەو هێرشانەوە، جوگرافیای هەرە گرینگی کوردستان کە لە چەلێ هەتا پشتی شێلادزێ درێژ دەبێتەوە، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کراوەتە دوو بەش. ئەو بەشەی ناوچەی بادینان کە پەکەکە پێی دەڵێت هەرێمی پاراستنی میدیا، لەژێر کۆنتڕۆڵی پەکەکە هاتۆتە دەر و کەوتۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی تورکیا.

پەکەکە بێ بەرگریی ناوچەکانی خۆی ڕادەستی سوپای تورکیا دەکا
لەبارەی ئەو هێرشەوەی کە لە ١٨ی ئەم مانگەوە بە ناوی کلیلی پەنجە لەلایەن سوپای تورکیاوە دەتی پێکردوووە، زۆر ناوچەی ستراتیژی هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە دەستی سوپای تورکیا. بە پیی ڕاپۆرتێکی پێگەی دارکامازی ئەو شوێنانەی کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە داگیر دەکرێن لە دوو هێڵ پێکهاتووە کە پێکەوە گرێدراون. سوپای تورکیا لە ماوەی 3 کاتژمێردا سەربازی بەهەموو ناوچەکەدا بڵاو کردەوە. پەکەکە لەو ناوچانە هیچ دژ کردەوەیەکی پیشان نەداوە.

سەرجەم بیانووەکانی پەکەکە درۆ دەرچوون
لەبەر ئەوەی پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی بێ سەر و بەر و بێ بەرنامە و ستراتیژ کارەکانی دەکات و سەرکەوتن لە هەگبەیدا نییە هەموو جارێک لە شکستەکانیدا بیانووی حازرە و بۆ ئەمجارەش و چەندین جاری دیکە، بیانووی ئەوە دێنێتەوە گوایە هەرێمی کوردستان هاوکاریی سوپای تورکیا دەکات لە هێرشەکاندا. بەڵام ئەمجارە ئیتر ئەو تۆمەتە بۆ هەتایە پوچەڵبۆوە و دەرکەوت پەکەکە لەو ناوچانەی کە چەکداریی خۆی تێدا جێگیر کردبوو، سوپای تورکیا زۆر بە ئاسانی هێزی لێ جێگیر دەکات. لە ڕاپۆرتێکی میدیاییشدا کە دەربارەی هێرشەکانی تورکیا نووسراوە، هاتووە؛ ئەگەر پەکەکە بۆخۆی توانای بەرگری کردنی هەبایە، کەی دەوڵەتی تورک دەیتوانی لە کورەژار، جەندرمە دابەزێنێت و جێگیریان بکات. ئەو هێرشەی تورکیە لە مەیدانی شەڕدا جۆرێکە و لە مەیدانی راگەیاندنیشدا جۆرێکی دیکەیە و جیاوازە. پەکەکە وەکوو هەمیشە بەدوای بیانوویەکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی شکستەکانی خۆی پێ پاساو بدات.

ئامانجەکانی پەکەکە و وڵاتی تورکیا
ئەوەی تا ئێستا زانراوە، یەکێک لە ئامانجە هاوبەشەکانی پەکەکە و وڵاتی تورکیا لەسەر خاکی هەرێم ئەوەیە پەکەکە بەو ئاژاوانەی لەسەر خاکی هەرێم دەیگێڕێت کە سەرجەمیان بێ زیانن بۆ وڵاتی تورکیا و بە زیانی هەرێم دەشکێتەوە، ئەوەیە سوپای تورکیا بۆ قوڵایی خاکی هەرێم بهێنرێت. وە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو هێرشانەی ئێستای تورکیا و گەمەی ناشرینی پەکەکە ئەوەیە کە پەکەکە ئەو شوێنانەی خەتی زاگرۆس هەتا بۆتان کە لەساڵی 1982 بەملاوە تێیدا جێگیر ببوو، سەرجەمیانی رادەستی دەوڵەتی تورکی کردوون. لە ئێستادا بە درێژایی خواکورک، ئاواشین، زاپ، مەتینا و حەفتەنیندا هیچ بەرزاییەکی ستراتژیکی زاگرۆس لە کۆنترۆڵی پەکەکەدا نەماوە. تەنها شوێنێکی بڵیند کە پەکەکەی لێمابێت، تەنها گارەیە.

ئامانجی داهاتووی پەکەکە
یەکێک لەو ئامانجانەی پەکەکە خەونی پێوە دەبینێت ئەوەیە خەڵکی هەرێمی کوردستان وا تێ بگەیەنێت، مافەکانی گەلی کورد بەوشێوەیە بەدەست دێت کە ئێستا خۆی سەقاڵێتی. ئەگەرچی بە هۆکاری جیاواز و تورەیی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە هەندێک بارودۆخی ڕاگوزەر و سەپێنراو بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاودەنگیەکی بچووکی کۆکردووەتەوە، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە ئەو ئامانجە بەدی بێنێت و ڕۆژ بە ڕۆژیش لێی دوور دەکەوێتەوە. ئەویش بەهۆی ئەوەی پەکەکە تا ئێستا لە لیستی تیرۆردایە و ڕێکخراوێکە بژێویەکەی لەسەر بازرگانی کردن بە مرۆڤ و ماددەی هۆشبەرە و بە درێژایی تەمەنی خۆی نەیتوانیووە بچووکترین مافی کوردانی باکور بەدەست بهێنێت. ئەو ئامانجەی ئەو دەیەوێت ئەوەیە بتوانێت لە هەموو جێگایەکی هەرێمی کوردستان قبوڵ بکرێت و جێگای بکرێتەوە، ئەوەش لە پێناوی ئەوەی لە دواجاردا هەمووی بۆ وڵاتی تورکیا جێ بهێڵێت. نموونەی هاوشێوە زۆرن لە ڕابردوودا کە ئەگەر چەکدارانی پەکەکە ئەو ناوچە ستراتیژیانەی تێیدا بوون تەسلیمی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردبان هەرگیز سوپای تورکیا ئەو پێشڕەویەی پێ نەدەکرا.

ھەواڵی زیاتر