وەزیری تەندروستی: ئەم دەستپێشخەرییە ستراتیجیە و دەستپێکردنی قۆناغەکانی بەنێودەوڵەتی کردنی بۆردی کوردستانییە

ماكوان عێزەت – هه‌ولێر

شاندێکی باڵای بۆردی پزیشکیی ئوردنلە هەرێمی کوردستانن و سەردانی شارەكانیان كردوە و نیازیان وایە، هەڵسەنگاندن بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی كوردستان بکەن.

بە مەبەبەستی هەماهەنگی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان پتەوتركردنی پەیوەندییەكان. شاندەکەی بۆردی پزیشکیی ئوردن چەند نەخۆشخانەیەکی هەولێر و سلێمانیان کردووە و نیاز وایە بەمزوانە سەردانی نەخۆشخانەكانی دهۆكیش تەواو بكەن بۆ هەڵسەنگاندن و متمانەبەخشین بە نەخۆشخانە فێرکارییەکان و سەنتەرەکانی را‌هێنانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش بۆ خوێندنی بۆردی کوردستان.
د. خەلدوون بەشایرە، سەرۆكی لیژنەی بۆردی ئوردن، دەربارەی ئامانجی سەردانەكەیان ڕوونیكردوە كە: سەردانەكەمان بۆ شارە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بۆ بینینی نەخۆشخانەكانە، كە ئەمەش لەسەر بانگهێشتی ئەنجومەنی پزیشكی كوردستان بوو، ئێمە نوێنەرایەتی ئەنجومەنی پزیشكی ئوردنی دەكەین كە پێك هاتووە لە لیژنەیەكی پسپۆڕییە جیاوازەكان (نەشتەرگەری، هەناو، ژنان و منداڵان) ویستمان هەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکی ئەرێنی، لە نێوان هەردوو ئەنجوومەندا.
د. خەلدوون بەشایرە گوتیشی: ئامانجمانە هەڵسەنگاندن بۆ نەخۆشخانەكانی كوردستان بكەین لە چوارچێوەی پرەنسیپە گشتییە كارپێكراوەكانی نەخۆشخانەكانی كوردستان، هەر بۆیە هیوادارین لە ئایندەدا ئەم پەیوەندیانەمان هەبێت، پشت بە خوا سەردانەكەمان ئەرێنی دەبێت و بینیمان چۆن كەرتی تەندروستی كار دەكات.
سەرۆكی لیژنەی بۆردی ئوردنی جەختیكردەوە كە هەوڵی بەرفراوان جددی هەیە لە نێوان پزیشكان بۆ باشتركردنی كوالێكتی پزیشكی لە ڕێگەی پێداچوونەوەی بەرنامەی مەشقكردن لە ئایندەدا. ئەم سەردانەشمان سوودی بۆهاوڵاتیان دەبێت و لە بەرژەوەندی ئەوان دەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی كەرتی تەندروستی.
د. مەعروف تەحسین، یاریدەدەری سەرۆکی بۆردی پزیشکیی کوردستان ڕوونیكردەوە كە : “ئەو لیژنەیە بۆ هەڵسەنگاندن و متمانەبەخشین بە نەخۆشخانە فێرکارییەکان و سەنتەرەکانی را‌هێنانی هەرێمی کوردستان هاتوون، هەروەها كاردەمەن بۆ خوێندنی بۆردی کوردستان و پتەوكردنی پەیوەندییەكان، كە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ متمانەبەخشین بە خوێندنی بۆردی کوردستانی، چونکە بۆردی پزیشکیی ئوردن لایەنێکی دیار و بەرچاوە لەسەر ئاستی جیهان، بە چەندین هەنگاو کاردەکەن بۆ متمانەبەخشین بە بۆردی پزیشکیی کوردستان.
د. مەعروف تەحسین ڕوونیشكردەوە كە وەفدەكە لە قۆناغی یەکەم ناوی سەرجەم نەخۆشخانەکان و پێداویستییەکانیان دەنوسرێت و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، دەرێتەوە بۆردەکە، دواتر لیژنەی لاوەکی بۆ هەر پڕۆگرامێکی خوێندن لە بۆردی پزیشکیی کوردستان پێکدەهێنرێت، بە مەبەستی بەخشینی متمانە.
هاوكات د.محەمەد عومەر لێپسراوی بۆردی كوردستانی لەسلێمانی لە بارەی سەردانی ئەو وەفدە بۆ شاری سلێمانی گتی: لیژنەكە هەڵسەنگاندنیان بۆ نەخۆشخانەكان كردوە بۆ ئەوەی بزانن ئایا نەخۆشخانەكان لە چ ئاستێكدان و گونجاون بۆ ڕاهێنانی قوتابیانی بۆردی كوردستانی.
جێگەی وەبیر هێنانەوەیە لە سەرتای سەردانەكەیاندا بۆ هەرێمی كوردستان سەردانی وەزارەتی تەندروستیان كرد، كە د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەرانی گشتی دیوانی وەزارەت، لەگەڵ د. ئاریانا خالس سەرۆکی ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشکیەکان و شاندی باڵای ئەنجومەنی بۆردی ئوردنی كۆبوونەوە.
لەمیانی ئەو کۆبوونەوەیەکدا چەندین پرسی گرنگ و میکانیزمی هەماهەنگی کردنی هەردوولا بۆ وەرگرتنی متمانەی بۆردی ئوردنی بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان بۆ سەنتەرەکانی ڕاهێنانی قوتابیانی خوێندنی باڵا لە نەخۆشخانەکان و بەشەکانی پسپۆڕیە پزیشکیەکان و دانانی میکانیزمی کارکردنی هاوبەشی هەردوو بۆردی کوردستانی و بۆردی ئوردنی گفتوگۆ کرا.
وەزیری تەندروستی سپاسی سەرۆکی بۆردی کوردستانی کرد بۆ ئەم دەستپێشخەرییە ستراتیجیە و دەستپێکردنی قۆناغەکانی بەنێودەوڵەتی کردنی بۆردی کوردستانی و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتی ئوردن لەهەمان کاتدا دووپاتی تەواوی پاڵپشتی و پشتگیری وەزارەتی تەندروستی کردەوە لە فەراهەمکردنی پێداویستییەکانی بەدەستهێنانی پسپۆڕییە پزیشکییەکان لەپێناو بەرژەوەندی گشت هاووڵاتیان و نەخۆشان لە هەرێمی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر