بەم بۆنە گرینگ و مێژویی و پڕ سەروری وپڕشنگدارەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی سەرۆکی نەتەوەییمان ھەڵۆی بەرزەفڕ و بیر پاك و بیر تیژ و نیشتمان پەروەری دووربینی کوردستان مستەفا بارزانی و کاکە ئیدریسی ھەمیشە لەیاد و گشت شەھیدانی کورد و کوردستان و شەھیدانی ئەنفال دادەنوێنین.
ھەر لەم یادە بەرزوو پیرۆزەدا جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی دڵسۆزو سەربەرزی کوردستان و گشت پێشمەرگە سەربەرزەکان دەکەین وبەتایبەت ھەموو ئەو بەرپرس و کادر و پێشمەرگە قارەمانانەی کە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول بە ماویەکی زۆر کەم لە دۆخێکی زۆر سەخت و دژواردا گیان لەسەر دەست و بەشەوق و بە دڵێکی پڕ لە ھیوا و، باوەڕ بە خواو بە خۆ و، بە گەل و بەڕەوایەتی پرسی گەلی کوردستان و، بە سەرکەوتن ، بەرو پێش دەچوون و بەرەو ڕووی مەرگ و توندوتیژییەکانی ڕژیمی دیکتاتۆری بەعسی بەغدا و پیلانی نێودەوڵەتی و ھەرێمی و بەرامبەر بە کارە دڕندانەکانیان بە سەربەرزی و نەترسی و مەردانە و بێ سڵکردن لە مەرگ، بە باوەڕی تەواوو پشت ئەستوور بە ھێزی گەل سەربەرزانە وەکو لوتکەی چیا بەرزەکانی کوردستان چەقین وەستان و، شۆڕشی گوڵانی پڕ له شکۆیان بۆ ڕزگارکردنی گەل و خاکی کوردستان لە ستەم و دیکتاتۆریەت و بەدەستھێنانی مافی ڕەوای گەلی کوردستان له کوردستانی باشوور بەرپا کرد و، ووتیان «کوردستان گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خەباتە» و بۆ ئەو مەبەستە شۆڕشی گوڵانی بەرپا کرد و ئومێد و متمانه و باوەڕی بۆ گەلی سەربەرزی ستەملێکراوی کورد و کوردستان – گەڕاندەوە و بۆ کوردستانییان و گشت عێراق و دەوڵەتەکانی ھەرێمی و جیھانی سەلماند که هیچ کات ئیرادەی گەلی کوردستان ناشکێت و له خەبات و تێکۆشان کۆڵنادەن تاکو تەواوی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بە دەست دێنن.
شۆڕشی گولان ھەستانەوەی نەتەوەیەك بوو دژی داگیرکەرانی گەل و خاکی کوردستان و شکستھێنان بوو بە پەیماننامەو پیلانەکانی داگیرکەرانی گەلی کورد و کوردستان وەکو ڕێککەوتننامەکانی گامبڵ و سایکس پیکۆ و سەعد ئاباد و ڕێککەوتننامەی شوومی جەزائر و لە ھەمان کاتیشدا ھاوڕدانەوە و وەبیرھێنانەوەی ڕێککەوتننامەی سیڤەر – یش بوو. لەو کاتە تاریك و سامناکەی کە ڕژێمەداگیرکەرەکانی خاکی کوردستان دەستیان دابوو بە یەك بۆ کۆیلە کردن و لەناوبردنی گەلی کوردستان ، کە چی ڕۆڵە دڵسۆزەکانی گەلەکەمان کە زۆر بە نھێنی و دڵسۆزی و ئارامی کاریان دەکرد لە پڕ بریسکەیەکی زۆر بەھێز و ڕووناك و بەدەنگ لە سۆران و بادینان و ناو جەرگەی کوردستانی باشوور دەنگی دایەوە .
بە فەرمانی ڕێزدار سەرۆکی گەلی کوردستان بارزانیی نەمر و، ڕێنمایی ھەردوو ڕێزدار کاکە ئیدریس بارزانیی ھەمیشەزیندوو و سەرۆك کاك مسعود بارزانی و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەرکردایەتیی کاتی کە ھەم کادر و ھەم پێشمەرگەی گیان لەسەر دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی مەرگ بوون بۆ بەدەستھێنانی مافە ڕەوا وداگیر کراوەکانی گەلەکەمان لە ھەندەرانەوە گەڕانەوە بۆ سەر خاکی کوردستانی داگیرکراو بۆ زیاتر بەھێزکردنی باوەڕی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بە خۆیان و بە ڕەوایەتیی مافەکانیان، بۆ بەدەستھێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بوو. ھەرچەندە ئەو سەردەمە کوردستان لە ناو تەمومژ و تاریکیی سامناكدا بوو، ڕۆڵە گیان لەسەر دەستانی پارتیمان ھیچ سڵێکیان لە دڕندایەتیی دیکتاتۆرەکان و بیرە شۆڤینییەکانیان و دامودزگا داپڵۆسێنەرکانیان نەدەکرد و ئاسۆی ڕووناکیان دەبینی. دەستیان بە ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی پارتیمان کرد و سنووری کاری سیاسی و چالاکیی سەربازی لە ناو کوردستانی باشوور کرایە دوو ھەرێم، ( ھەرێمی یەك و ھەرێمی دوو ) بۆ گونجاندنی کاری سەربازی و سیاسی لەگەڵ بارودۆخی دژوار و لەخۆباییبوونی ڕژێمی دیکتاتۆری ئەو سەردەمە ھەرێمی (١) یەك ناوچەی بادینان – (دھۆك و موصل). بەرپرس و جێگری بەرپرسی بۆ داندرا و سەرەتا ژمارەیەك مەفرەزەی چەکداریان ڕێکخست و لەناو شارەکانیش ڕێکخستنی نھێنییان دامەزراند و لە سنووری ھەولێریش بۆیان ھەبوو کار بکەن.
ھەرێمی (٢) دوو ، ناوچەی سۆران (ھەولێر و کەرکووک و سلێمانی) بەرپرس و جێگری بەرپرسی بۆ داندرا. لە ھەرێمی دوو ژمارەیەك مەفرەزەی چەکدار ڕێکخران و ڕێکخستنی نھێنیش لە ناو شارەکان و زانکۆکان دامەزرێندران و، شۆڕشی گولان، ئەو شۆڕشە گرینگەیە کە بەو شێوەیە ھەڵگیرساندرا و دەستی پێکرد.
ھەر لەو سەردەمە سەخت و دژوارەدا تواندرا ئێزگەی دەنگی کوردستان بگەیەندرێتە چیاکانی ئازادکراوی کوردستانی باشور و دەس بکا بە پەخشەکانی و ببێتە دەنگی زلالی پێشمەرگەو شۆڕش .
ئەو ڕێزدارانەی کە لەبەر نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن چووبوونە ھەندەران بەتایبەت (ئەوروپا و ئەمریکا) ژمارەیەکیان کاری سیاسی و دیپلۆماسییان دەکرد و ھەوڵی ڕێکخستنەوەی ڕۆڵە دڵسۆزەکانی کوردستانیان دەدا کە ئاوارەی ھەندەران بووبوون ڕێکیان دەخستنەوەو.
ژمارەیەکیش چووبوونە سوریا و لەوێ خۆیان ڕێکخستبوو ئامادە بوون بۆ گەڕانەوە و بەردەوامیدان بە خەباتی چەکداری و سیاسی لە یەکێك لەو دوو ھەرێمەکان و ژمارەیەکیانیش بۆ کاری سیاسی چوونە ھەندەران .
لێرەدا زۆر گرینگە بووترێت گەلی سەربەرزی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان ھاوکار و پاڵپشتی زۆر گرینگ بوون بۆ پشتوانی شۆڕشی گوڵان .
بێ پایان سوپاسگوزاری ھەوڵ و ماندوبوونی ڕۆڵەکانی نەتەوکەمانین لە باکور و، ڕۆژھەلات و، ڕۆژئاوای کوردستان و، لبنان و گشت ئاوارە سەربەرزەکانی ھەندەران لە ئێران و تورکیا و سوریا و ئەوروپا و گشت شوێنێکی جیھان.
لەم یادە پڕشکۆیەدا جارێکی دیکە سڵاو لە گیانی پاکی سەرکردەی سەبەرزی گەلی کوردستان بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو.
سڵاو بۆ شەھیدانی سەرکردایەتیی کاتی (قیادەی مۆقەتە) و گشت شەھیدان و شەھیدانی ئەنفالکراوی کورد و کوردستان و بەتایبەت شەھیدانی شۆڕشی گولان .
سڵاو بۆ گشت پێشمەرگە و کادر و بەرپرسانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان.
سڵاو له گیانی پاکی شەهیدە سەربەرزەکانی شۆڕشی گوڵان کە بە فیداکاریی بێوێنە شکستیان بە پیلانی دوژمنانی گەلەکەمان ھێنا و ئومێدیان بۆ گشت گەلی کوردستان جێگیر کرد کە سەردەکەوین و مافەکانمان بەدەست دێنین و گەلی کوردستان خۆی فەرمانڕەوایی خۆی دەکات.
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و گشت شەھیدانی کورد و کوردستان.
دکتۆر کەمال کەرکووكی
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیان
٢٦-گولان-٢٠٢٢