راوێژکارێكی ئەنجوومەنی وەزیران: قۆناغ بە قۆناغ ئابووری کوردستان بەھێزتر دەبێت 

راوێژکارێکی یاسایی و ستراتیژی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشدارییەکەی مەسرور بارزانی لە کۆربەندی داڤۆسی بە گرنگ لە قەلەمدا و دەڵێ، مەسرور بارزانی توانی لینکی گەورەی جیھانی لەم کۆربەندەدا دروستبکات.

د. ئیبراھیم شەرەفانی، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “ئێستا مەسرور بارزانی سەرقاڵی ڕاکێشانی گەورە کۆمپانیا و بانکە جیھانییەکانە بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی سیستەمی بانکی پێشکەوتوو لەسەر ئاستی دونیا لە ھەرێم وجوودی ھەبێت، ھەرچەندە حکوومەتی ناوەند دژی ئەم ھەنگاوانەیە بەڵام بەھێزبوونی ئابووری ھەرێم بەھێزبوونی حکوومەتی ناوەندە”.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا: “بە بەشداری ٢٥٠٠ سەرکردە کاریگەرەکانی ئابووری و سیاسی لە کۆربەندەکەدا مەسرور بارزانی توانی تێروانینی حکوومەتی ھەرێم بۆ ئێستا و ئایندە دیاری بکات ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە لە سیاسەتی ئابووری جیھانیدا”.

ھاوکات گوتیشی: “ھەرێمی کوردستان ئێستا لە ھەیکەلییەتی ئابووری و ئاسایشی جیھانیدایە و لەم کۆربەندەشدا حکوومەتی ھەرێم ستراتیژییەتی ئابووری بەھێزتری دەکات و قۆناغ بە قۆناغ ئابووری کوردستان بەھێزتر دەبێت”.

ھەواڵی زیاتر