هەرێمی کوردستان وەڵامێکی تووندی گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان دەداتەوە

دلۆڤان ڕەحیم – هه‌ولێر

دوای ڕاگەیێنراوێکی تووندی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی هەڕەشەی گرووپێکی چەکدار بەناوی ” مقاوەمەی عێراقی”،ناو و چالاکیی ئەو گرووپە چەکدارەش ئاشکرا بوو لە شنگال و ناوچەی دیکە خەریکی تێکدەری و تێکدانی ئاسایشی عێراقە .

ئەنجوومەنی ئاسایش لە راگەییێنراوەکەدا دەڵێ :” ئەو گرووپە تۆمەتی بێ بنەمایان بۆ هەرێمی کوردستان هەڵبەستووە، هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان باجێکی قورسی دەبێت، ئەو گرووپانە هەڕەشەن بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی عێراق و ئەوان زەمینەیان بۆ گەشەکردنی تیرۆر و هزری تووندڕەوی خۆش کردووە.
ئەو راگەیێنراوەی ئەنجوومەنی ئاسایش دوای ئەوە دێت لە ماوەی رابردوودا گرووپی چەکداری دیکەش لە شنگال و ناوچەی دیکە هێرشەکانیان زیاد کردووە، بوونەتە سەرچاوەی نائارامی لە عێراق و سنووری ناوچە کوردستانییەکان .
سێت فرانزتمانی نووسەر لە بابەتێکدا لە ئۆرشەلیم پۆست دەڵێ:” گرووپێکی دیکە پەیدابووە ناوی ئەحرار سنجارە، ئەوان لە پشت هێرشی مووشەکی سەر بنکەی سەربازی تورکیا بوون لە ناو عێراق.
ئەو نووسەرە دەڵێ :”دروستکردنی ئەو گرووپە ئامانج لێی هێرشکردنە سەر ناوچە و دامەزراوەکانە، بە گوێرەی هەندێک زانیاری کە لە ماڵپەڕی نزیکی سوپای پاسداران بڵاوبووەتەوە، ئەو گرووپە هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی تورکیا لە باشیک لە رۆژهەڵاتی موسڵ، شەش درۆن هێرشەکەی پێکراوە، بوونی تورکیا لە بنکەی سەربازی زیلکان لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و نەینەوا گرووپە چەکدارە شیعەکان و سەربازانی تورکیای خستووەتە سەر یەک هێڵی رووبەڕووبوونەوە، ئەوەش دواجار کاریگەری دەبێت لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەو گرووپە چەکدارانە نوێترینیان ئەحرار سنجار بوونەتە سەرچاوەی تێکدانی ژیانی خەڵک لە شنگال و دەوروبەری، ئێستا لە ناوچە جیاوازەکانی شنگال و دەوروبەری گرووپەکانی سەر بە پەکەکە خاڵی پشکنینیان داناوە و باج و سەرانە وەردەگرن و هۆکاری نائارامی ناوچەکەن، ئەو گرووپانە لەگەڵ حەشدی شەعبیش تێکەڵ بوون و ڕێگرن لە جێبەجێکردنی یاسا لە شنگال، بەپێی راپۆرتەکەی ئۆرشەلیم پۆست” ئەو گرووپانە ناوە ناوە بێ ئەوەی هیچ لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت و سزا بدرێن هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و ناوچەی دیکەش لە عێراق.
هەرچەندە لەو گرووپ و کەناڵانەی سۆشیال میدیا ئەو گرووپانە بیانوو بۆ هێرشەکانیان دێننەوە، بەڵام هەرێمی کوردستان لە هەڕەشەی ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەری وەڵامێکی تووندی ئەو گرووپانەی دایەوە.
ئۆرشەلیم پۆست دەڵێ:” یەکێک لەو گرووپانەی لەلایەن پەکەکەوە پشتیوانی دەکرێت و دژی خەڵکی شنگالە یەبەشەیە، لە رابردووشدا بەهۆی بوونی یەبەشە کە ئەندامی پەکەکەی تێدان تورکیا چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی شنگال .
ئێستا تورکیا گوشار لەسەر عێراق دەکات کە پەکەکە لە شنگال دەربکات، چەند ساڵێکیشە ئەو گوشارە هەبووە بە تایبەت لە نێوان 2018 بۆ 2020، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستی پەکەکە لەسەر شنگال هەڵنەگیراوە و گرووپەکان بوونەتە سەرچاوەی نائارامی شنگال .
پەیوەندی نێوان حەشدی شەعبی و پەکەکە بۆ چەند ساڵێک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە،پاش ئەوەی سوپای عێراق لە شنگال جێگیرکرا، ئەو هەڕەشە و پەیوەندیش لە نێوان ئەو گرووپانە نزیکتر بوو،تورکیا لە 2020 دا رایگەیاند:” ئەندامانی پەکەکە چوونەتە نێو حەشدی شەعبی، لە دیسمبەری 2020 دا دوای دوو مانگ لە رێککەوتنی شنگال مەحما خەلیل، قایمقامی پێشووی شنگال گوتی:” هیچ ئاماژەی کشانەوەی پەکەکە لە شنگال نییە .
رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست لە راپۆرتەکەی دا دەڵێ :’ دروستکردنی گرووپی ئەحرار سنجار بیانوویەکە بۆ هێرشی گرووپە چەکدارەکان، بەو گرووپە بیانووی زیاتر دەدرێتە دەست تورکیا کە بێتە نێو خاکی عێراق، ئێستاش عێراق بووەتە گۆڕەپانی شەری بە وەکالەت، سیناریۆی نزیک سەرهەڵدانەوەی شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای عێراقە لە شنگال لەرێگەی گرووپی وەکو یەبەشە.

ھەواڵی زیاتر