یەکدەنگی و یەکگرتوویی لەنێوخۆدا جووڵەیەکی بەهێزی سیاسی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی سەر هەرێم

هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی رابردوودا کۆمەڵێک هێرشی مووشەکی و تیرۆریستی کراوەتە سەر و هەڕەشەکانیش هێشتا چ لە لایەن هەندێک گرووپ و میلیشیا و هێزی تیرۆریستی و چ لە لایەن هەندێک گرووپ و کەسایەتی و دسەڵاتی ناسراو درێژەیان هەیە. هەڕەشە و مەترسییەکانی ئەم جارە رێک لەو کاتەوە زیادی کردووە کە قسە لەوە دەکرێت هەرێمی کورستان لە ئاستی نێودەوڵەتی بە تایبەتی پرسی وزە، رۆڵی زیاتری پێ بدرێت و لە داهاتوودا بەشێک لە پێداویستی گازی سروشتی ئەوروپا دابین بکات.

هێرشی مووشەکی ١٣ی ئاداری ئەمساڵ بۆ سەر خانووی وەبەرهێنەرێک لە هەولێر دەستپێکی سەرهەڵدانی ئەو هەڕەشە نوێیانە بوون و سەیر لەوەدایە سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی بە ئەستۆ گرت و بیانووی ئەوەی هێنایەوە گۆیا بنکەیەکی ئیسرائیلییەکانی کردووەتە ئامانج و دواتر هەموو بەڵگەکان سەلماندیان بە ئامانج گیراو خانوی هاووڵاتیەکی مەدەنی بووە.
نەیارەکانی کورد لە بەغدا و ناوچەکە سوودیان لەو بڕیارانە وەرگرتووە کە ماوەیەکە لە ڕێگای دادگای فیدڕاڵیەوە دژی هەرێمی کوردستان دەردەچێت وەک ئەوەی قابلی جێبەجێکردن بن، دەستیان بە جووڵەی جیاواز کردووە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆی هەبووە و چەند جارێک بە فەرمی ڕای گەیاندووە ئەوەی دەیکات بەدەر نییە لە دەستووری عێراق.
هەر لەم دواییانەدا گرووپی دەستەی هاوئاهەنگی بەرگری عێراقی دەستیان بە جووڵە و هەڕەشە لە دژی هەرێمی کوردستان کردووە.
لە بەیاننامەیەکدا کە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەری کردووە ئاماژەی داوە لایان ئاشکرایە هەیئەی تەنسیقی موقاوەمەی عێراقی، کە گرووپێکی لە یاسابەدەرە، لەلایەن چ کەسانێکەوە هان دەدرێن، هەڕەشەکانیان نوێ نین و بە کردەوەش تاوەکو ئێستا لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ئەوەی لە توانایاندا بووە بە فیتی هێزە دەرەکییەکان کردوویانە و بەرهەمیان بۆ عێراق تەنیا وێرانکاری و ئاژاوە بووە. بۆیەش هەڵوێستی بەرانبەریان دەربڕیوە و گوتوویەتی هەر دەستدرێژییەک بۆسەر هەرێمی کوردستان، باجێکی قورسی دەبێت.
جێی باسە جگە لەو گرووپە، چەندین گرووپ و میلیشیای تری لە یاسابەدەر لە عێراق هەن کە بۆ ئەوە دروست بوون سەرئێشە بۆ ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان دروست بکەن و لە دەرەوەی سنوورەکانەوە پاڵپشتی دەکرێن.
ئێستا هەرێمی کوردستان لە دۆخێکدایە کە لە لایەک هەڕەشەکان بۆ سەری زۆر بوون و لە لایەکی تر خوازیارە لە چوارچوەی دەستووردا سوود لە دەرفەتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش وەربگرێت و هەرێمی کوردستان زیاتر بەرەو پێش بەرێت. بەشداری سەرۆکی حکوومەت لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس هەنگاوێکی ترە بۆ پەرەسەندنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی.
ئەوەی لە رابردوودا زیانی بۆ هەرێمی کوردستان هەبووە، ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بووە کە بە خۆشییەوە خەریکە لەم رووەشەوە هەنگاوی باش دەنرێت. سەردانی ئەمدواییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی ئەرێنی بووە و خەریکە لە ناوخۆ هەنگاوی جددی بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان دەنرێت.
لە لایەکی ترەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیش خەمخۆری هەیە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناخوازێت زیان بەر هەرێمی کوردستان بکەوێت، هەر بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە رۆژی پێنجشەم ٢٦ی ئایار جنین پلاسخارت لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.
یەکێک لەو بابەتانە کە مایەی ناکۆکی بووە بەڕێوەچوونی خولێکی تری هەڵبژاردنە لە هەرێمی کوردستان کە یەکی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دیاری کراوە و وەک لە راپۆرتەکەی پلاسخارتیشدا لە ئەنجوومەنی ئاسایش باس کرا نەبوونی یەکدەنگی لە هەرێمی کوردستان زیانی هەبووە.

ھەواڵی زیاتر