پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ده‌ست به‌ ڕۆنانی به‌شی سێیه‌می شه‌قامی خێرایی ١٥٠ مه‌تریی هه‌ولێر ده‌كرێت

چواس خالید – هەولێر

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هێشتا ٢٥%ی كاره‌كانی به‌شی دووه‌می شه‌قامی خێرایی ١٥٠ مه‌تری هه‌ولێر ماوه‌ و بڕیاره‌ كۆتایی ساڵ بخرێته‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه‌، ڕۆنانی به‌شی سێیه‌می شه‌قامه‌كه‌ به‌ تێچووی ٩٥ ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی ده‌ستی پێ كردووه‌، كۆمپانیای خۆماڵی ده‌ستی به‌ ته‌واوكردنی به‌شی سێیه‌می كردووه‌، كه‌ ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی به‌حركه‌- گه‌زنه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری ته‌واوكردنی به‌شی دووه‌می شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری هه‌ولێری دا، چواری ئابی ٢٠٢١ كۆمپانیای جێبه‌جێكار ده‌ستی به‌ جێبه‌جێكردنی به‌شی دووه‌می شه‌قامه‌كه‌ كرد.
ئه‌و به‌شه كه‌ مه‌وداكه‌ی (٧.٦) كیلۆمه‌تر ده‌بێت، (به‌ خه‌ده‌مییه‌كانییه‌وه‌ ٣٠ كیلۆمه‌تری قیره‌ به‌ پانی ٢٠ مه‌تر)، له‌ شه‌قامی سه‌ره‌كی هه‌ولێر-شه‌قڵاوه‌، ده‌ست پێ ده‌كات و له‌ شه‌قامی سه‌ره‌كی هه‌ولێر-كۆیه‌ كۆتای دێت، تێچووی ئه‌و به‌شه‌ی شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری، به‌ زیادتر له‌ ٨٧ ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی خه‌مڵێندراوه‌ و هه‌وڵده‌درێت به‌زووترین كات، به‌ كوالتی به‌رزه‌وه‌ ته‌واو بكرێت و وه‌ك به‌شی یه‌كه‌م بخرێته‌ خزمه‌تی ڕێگاوبانی هه‌ولێری پایته‌خته‌وه‌.
ماوه‌ی ته‌واو بوونی به‌شی دووه‌م له‌ قۆناغی یه‌كه‌می شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری، كۆتایی ساڵی ٢٠٢٢یه‌ و له‌ لایه‌ن كۆمپانیای ناوخۆیی هێمن گرووپەوە جێبه‌جێ ده‌كرێت. ئەمیر عەبدولخالق ئەحمەد بەڕێوەبەری پڕۆژەكانی ڕێگا لە كۆمپانیای هێمن گرووپ ڕای دەگەیەنێ، ئێستا به‌ ڕشتی كار له‌و به‌شه‌ی شه‌قامی ١٥٠ مه‌تریی هه‌ولێر ده‌كه‌ین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین زووتر له‌ واده‌ی خۆی ته‌واوی بكه‌ین، ئه‌و ده‌ڵێ: “ئێستا ٧٥%ی كاره‌كان ته‌واو بوونه‌ و ته‌نیا چینی سێیه‌می قیرماوه‌ له‌گه‌ڵ دانانی ڕاگری خۆپارێزیی ئەملاوئەولاكان و هێڵكاری و دانانی ڕووناكایی شه‌قامه‌كه‌ ماوه‌، كه‌ له‌ كۆتایی ساڵ ته‌سلیمی ده‌كه‌ین و كاره‌كان زۆر به‌ خێرایی ده‌چنه‌ پێشه‌وه‌”.
له‌و به‌شه‌ی شه‌قامی ١٥٠ مه‌تریی هه‌ولێردا، پردی سه‌ره‌كیی ڕێگای كۆیه‌ و دوو پردی سووڕانه‌وه‌ و پردێكی به‌ستنه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری و ١٣ ئاوبه‌ری جۆراوجۆر و ٥٠ كیلۆمه‌تری سیسته‌می ئاوه‌ڕۆ و تۆڕی ڕووناكی و په‌رژینی پاراستن و كێرڤستۆن و هێماكانی هاتوچۆ و هێڵكاری، له‌گه‌ڵ شه‌ش به‌ستنه‌وه‌ی ڕێگای سه‌ره‌كی به‌ شه‌قامی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئه‌ملاولای شه‌قامه‌كه‌ و هتد…، هه‌نه‌.
جیا له‌و به‌شه‌، ماوه‌یه‌كه‌ ڕۆنانی به‌شی سێیه‌می شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری به‌ كۆمپانیای جێبه‌جێكاری به‌شه‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌م دراوه‌ و كۆمپانیای جێبه‌جێكار ده‌ستی به‌ڕۆنانی به‌شی سێیه‌م كردووه‌ و تا ئێستا ١٧%ی كاره‌كان ته‌واو بووه‌، ئه‌و به‌شه‌ كه‌ مه‌وداكه‌ی ٦.١ كیلۆمه‌تر و ٨٦ كیلۆمه‌تری پانیی هه‌شت مه‌تر قیری كاركردنه‌ و له‌ دووسایدی به‌حركه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات تا گه‌زنه‌، ئه‌و به‌شه‌ كه‌ سێ پرده‌كانی هه‌ولێر دهۆك و هه‌ولێر زاخۆ و سوڕانه‌وه‌ و دوو ئه‌نده‌رپاس و ئاوبه‌ری سندووقی گه‌وره‌ و ئاوه‌ڕۆ و په‌رژینی خۆپاراستن و تۆڕی ڕووناكی و هێڵكاری و هێماكانی هاتوچۆ له‌خۆ ده‌گرێت.
له‌و به‌شه‌دا بڕێكی زۆری پڕكردنه‌وه‌ و بڕینه‌وه‌ی تێدا هه‌یه‌، كه‌ ملیۆنێك و ٤٠٠ هه‌زار مه‌تر سێجا پڕكردنه‌وه‌ و ٤٠٠ هه‌زار مه‌تر سێجا بڕینه‌ و ئێستا به‌شێكی زۆری كاره‌كانی ته‌واو كراوه‌، تێچووه‌كه‌ی ٩٥ ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكییه‌.
ئەمیر عەبدلخالق ئەحمەد, بەڕێوەبەری پڕۆژەكانی ڕێگا لە كۆمپانیای هێمن گرووپ به‌ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێری گوت، “له‌ ١٣ ی نیسان ده‌ست به‌ ڕۆنانی به‌شی سێیه‌م كراوه‌ و, شێلگیرانە كار له‌و به‌شه‌ی شه‌قامی خێرایی ١٥٠ مه‌تری هه‌ولێر ده‌كه‌ین، وا ده‌كه‌ی كه‌ ٥٥٠ ڕۆژه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌رله‌واده‌ی خۆی ته‌واوی بكه‌ین”.
به‌گشتی شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری, كه‌ به‌ مه‌ودای زیادتر له‌ ٧٠ كیلۆمه‌تره‌وه‌ باوه‌ش به‌ هه‌ولێردا ده‌كات، له‌ جێبه‌جێكردنیدا، به‌سه‌ر پێنج قۆناغ دا دابه‌ش كراوه‌، به‌شی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌می شه‌قامه‌كه‌، كۆمپانیای ناوخۆیی هێمن گرووپ جێبه‌جێی ده‌كات، كه‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ پێشینه‌ی سه‌ركه‌وتووی له‌ ڕۆنانی ڕێگاوبان هه‌یه‌ و تێچووی خه‌مڵێندراوی پڕۆژه‌كه‌ زیادتر له‌ ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكییه‌.
ئێستا به‌ پێی ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كان، ڕۆژانه‌ زیادتر له‌ ملیۆنێك ئۆتۆمبێل له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی هه‌ولێری پایته‌خت جرتوفرتیانه‌ و سه‌رباری به‌رینی شه‌قامه‌ ته‌خته‌كانی، له‌ زۆرێك شوێنی شار هاتوچۆ په‌كی ده‌كه‌وێت و ده‌خنكێت. په‌له‌ی به‌رده‌وامی شۆفێران بۆ ده‌ربازبوون له‌ جنجاڵی، به‌بێ گوێدانه‌ هێڵی سپی نێوان لاینه‌كانی سه‌ر شه‌قام، كه‌ قێزه‌ونترین دیمه‌نی شاره‌، به‌ به‌رده‌وامی له‌وبه‌ر بۆ ئه‌وبه‌ر ته‌ڕاتێنیانه‌، ئه‌وان كه‌ مه‌به‌ستیانه‌ شه‌قام كه‌سی تێدا نه‌بێت و هه‌ر خۆیان بن تا چه‌ندی بیانه‌وێت پێی لێ بنێن، شه‌قامی به‌رین و خێرایی ١٢٠ مه‌تری ئه‌وه‌ی بۆ وه‌دی هێناون و خۆ به‌ ته‌واوبوونی ١٥٠ مه‌تری، له‌و باره‌وه‌ به‌یه‌كجاری ئه‌رخه‌یان ده‌بن.

پاشخان:
هەولێری پایته‌خت چەندین شەقامی بازنەیی هەن، كە بەدەوری قەڵاتدا دەسووڕێنەوە، ٣٠ مه‌تری نزیكترینە لە قەڵات و دواتریش ٦٠ مەتری و ٤٠ مەتری و ١٠٠ مه‌تری دێن، ئێستایش نزیك بە كیلۆمەترێك ئەولاتری سه‌د مه‌تری، به‌ ١٢٠ مه‌تری قەدێكی دی لە پشتێنەكەی زیاد كراوە. شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری كه‌ چەند مەترێك لە ١٠٠ مەتری بەرینترە، جیا لە دوو سایدی پانی سەرەكی، سایدێكی دەستەڕاستی خزمەتگوزاری لەگەڵی درێژ بووەتەوە، شەقامی خێرایی بازنه‌یی ١٢٠ مەتری به‌ تێچووی ٤٥٠ ملێۆن دۆلار و به‌ مه‌ودای ٣٨ كیلۆمەترییه‌وه‌؛ بێ ترافیك له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكی ڕابردوودا، باوه‌شی به ‌هه‌ولێردا كردووه‌ و ئێستاش به‌ ته‌واو بوونی به‌شه‌كانی شه‌قامی بازنه‌یی خێرایی ١٥٠ مه‌تری، قه‌دێكی دی له‌ پشتێنی ڕێگاوبان به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه‌ بۆ هه‌ولێری پایته‌خت زیاد ده‌بێت.
له‌ ڕابردوو و له‌ ٢٦ ی ئه‌یلولی ٢٠١٨، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی ئه‌وكاتی هه‌رێمی كوردستان، به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری له‌ هه‌ولێر دانا و له‌و كاته‌وه‌ كار له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ ده‌كرێت، شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری، نزیكه‌ی ١٤ كیلۆمه‌تر له‌ ناوه‌ندی شار و پێنج كیلۆمه‌تر له‌ولاتری ١٢٠ مه‌تری به‌ مه‌ودای زیادتر له‌ ٧٠ كیلۆمه‌تره‌وه‌ باوه‌ش به‌ هه‌ولێردا ده‌كات، ئه‌و شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌، به‌ چوار ئاراسته‌ی خزمه‌تگوزاری ته‌نیشتییه‌وه‌ شه‌قامێكی ته‌ختی خێرایه‌ و دیزاینه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كه‌، بێ ترافیك له‌ چوارڕێیانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌په‌ڕێته‌وه‌ و فراوانتر له‌ شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری ڕۆنراوه‌.
٢٥ ی شوباتی ٢٠٢١، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌شی یه‌كه‌می شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری هه‌ولێری كرده‌وه‌، به‌شی یه‌كه‌می شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری، كه‌ له‌ ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی شه‌قڵاوه‌ تاوه‌كو دووسایدی به‌حركه‌یه‌ و مه‌وداكه‌ی ١٠كیلۆمه‌تره‌ و به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ ١٣١ ملیۆن دۆلار جێبه‌جێ كرا، شاری نوێی زۆری له‌سه‌ر هه‌ڵكه‌وتووه‌، كه‌ پێشتر قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆر له‌سه‌ر شه‌قامێكی كۆنی پڕ چاڵ و چۆڵی خه‌ده‌می نێوان شاڕێگای شه‌قڵاوه‌ و به‌حركه‌ هه‌بوو، كه‌ به‌رده‌وام و تا دره‌نگانی شه‌و هاشوهوشی ئۆتۆمبێلی لێ نه‌ده‌بڕا، بوونی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نوێی هاتوچۆی هه‌ولێریش له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگایه‌، هێنده‌ی دی شه‌قامه‌كه‌ی قه‌راباڵغتر كردبوو، جاران كه‌ شۆفێران ئه‌و مه‌ودایه‌ی به‌ نیو كات بۆ نه‌ده‌بڕدرا، ئێستا ده‌توانن به‌ كه‌متر له‌ نۆ خوله‌ك به‌سه‌ر ڕێگه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه‌ تێپه‌ڕن.
له‌ به‌شی یه‌كه‌می شه‌قامی ١٥٠ مه‌تریدا، دوو ئینته‌رچه‌یجی گه‌وره‌ و ١١ پرد و هه‌شت ئه‌نده‌رپاس و سێ پردی په‌ڕینه‌وه‌ی هاووڵاتیان هه‌یه‌، نزیكه‌ی ٦٠ كیلۆمه‌تر سیسته‌می ئاوه‌ڕۆ و نۆ كیلۆمه‌تر ئاوه‌ڕۆی سندووقی و تۆڕی ڕووناكی هه‌نه‌، پردی سه‌ره‌كی ڕێگای شه‌قڵاوه‌، ئینته‌ر چه‌یجێكی جیاوازه‌ و بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ عێراق دروست ده‌كرێت، كه‌ پێنج پرد و شه‌ش ئه‌نده‌رپاس له‌خۆ ده‌گرێت.
ئاراسته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری، هه‌ریه‌كه‌یان ٢٠ مه‌تره‌ له‌ كاتێكدا هه‌ر ئاراسته‌یه‌كی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری، ١٤ مه‌تر و ٢٥ سانتیمه‌تره‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌و شوێنانه‌ی فراون ده‌بن بۆ شوێنی ئینته‌ر چه‌یچه‌كان، خۆ نێوانی دوو ئاراسته‌كان (جه‌زیره‌ وه‌سه‌تیی)، كه‌ له‌ ١٢٠ مه‌تریدا ١٠ مه‌تر بووه‌، له‌ شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری بووه‌ته‌ دوو به‌رانبه‌ر و ٢٠ مه‌تره‌، كه‌ بۆ سه‌وزایی و ئه‌گه‌ری فراوانتركردنی شه‌قامه‌كه‌ له‌ ڕابردوودا به‌جێ هێڵدراوه‌. به‌رینی ڕێگای خزمه‌ت گوزارییه‌كانی ١٥٠ مه‌تریش ١٥ مه‌تره‌، كه‌ ئه‌وه‌ نزیك به‌ مه‌تریێك له‌ ئاراسته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ١٢٠ مه‌تری به‌رین تره‌.
شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری به‌ كوالتی به‌رز ڕۆنراوه‌، بەرگەی لۆدی زۆر و ئاو دەگرێت، كە ئەوانە بەڵای شەقامن و پێویستییەكانی تەمەن درێژیشی تێدا ڕەچاو ده‌كرێت، بۆ سیانه‌ش به‌شێوه‌یه‌ك دروست كراوه‌ كه‌ دەتوانرێت لە تەنیشت شەقامەكەوە، كارەكانیان بكەن.