رۆژی 14ـی ئایاری 2022، لەسەر بانگێشتی فەرمی فەرماندەی ناوەندی ھێزەكانی ئەمەریكا شاندێكی شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی سوپای عێراق و نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە، عەمید عوسمان محەمەد، بەرێوەبەری گشتی راگەیاندن و ھۆشیاری نیشتیمانی وەزارەتی پێشمەرگە، سەردانی واشنتنیان کرد.
عەمید عوسمان محەمەد بە کوردستان 24ـی راگەیاند، “شاندەكە لە 5 ئەندامی شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی پێكھاتوون و ئامانج لە سەردانەکە، گفتوگۆکردن بووە سەبارەت بە باشترکردنی پەیوەندیەکانمان لە بواری میدیایی و ئاڵوگۆڕی زانیاری سەربازیدا، هەروەها ئەنجامدانی چەند کۆبوونە و دیدارێك لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا کە تێیدا گفتوگۆمان لەبارەی باشترکردنی راگەیاندنی ئەمنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و رێکخستنی کارەکانمان لەنێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان کرد”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، “لە فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا توانیمان تەواوی نوێنەرانی وڵاتانی هاوپەیمان ببینین، کە ئەمە هەنگاوێکی زۆر باش بوو بۆئەوەی بتوانین لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش کۆببینەوە و گفتوگۆ بکەین سەبارەت بە باشترکردنی کارەکانمان”.
عەمید عوسمان محەمەد باسی لەوە کرد، لەو ناوەندە چاویان بە سەنتەرێکی گرنگ و هەستیار کەوتووە کە ئەویش سەنتەری ئۆپەراسیۆنی زانیاری بووە، ئەم سەنتەرە ئەرکێکی نوێیە خراوەتە پاڵ میدیای ئەمنی کە ئێستا هەمان سەنتەر لە عێراقدا دروست دەکرێت.
دەربارەی پاڵپشتیکردن و هاوکاریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن سەنتەرە ئەمنیەکانی ئەمەریکاوە، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە واشنتن گوتی: “بە دڵنیایەوە ئەوان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە، کە مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە بکەن، هەورەها ئامادەیی خۆیان نیشانداوە کە لە بواری میدیاییدا سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بەرەو پێش ببەن”.
عەمید عوسمان محەمەد گوتیشی: “فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا بڕیاریان داوە کار لەسەر دروستکردنی سەنتەری ئۆپەراسیۆنی زانیاری لە کوردستان بکەن، هاوکات خوێندنەوە بۆ ئەو بابەتە دەکەن کە گرنگی خۆی هەیە و هەنگاوێکە بۆ رێگریکردن لەو هەڵمەتانەی لەبواری ئەلکترۆنی دەکرێن”.