چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

عه‌بدولڕه‌حمان سدیق هۆكاری زیادبوونی شه‌پۆله‌كانی خۆڵبارین ده‌خاته‌ڕوو

له‌باره‌ی ئه‌و شه‌پۆله‌ خۆڵبارینانه‌ی روویان له‌ ناوچه‌كه‌ كردووه، كه‌ له‌ مانگی نیسانی ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ 10 شه‌پۆل هه‌ڵیانكردووه‌، هه‌روه‌ها هۆكاری زیادبوونی ئه‌و شه‌پۆلانه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا، عه‌بدولڕه‌حمان سدیق، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ گوتی: پێشتریش دیارده‌ی خۆڵبارین هه‌ر هه‌بووه‌، به‌ڵام ئێستا له‌ڕووی بڕه‌كه‌ی و گه‌ردیله‌وه‌ زیادیكردووه‌ و هۆكارگه‌لێكیش هه‌ن، كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌و زیادبوونه‌، له‌وانه‌ش:

یه‌كه‌م/ گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا، كه‌ هه‌موومان هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین، رێژه‌ی بارانبارینی ساڵانه‌ كه‌مبووه‌ته‌وه‌، كه‌ گومانی تێدا نییه‌، ئه‌و كه‌مبوونه‌وه‌یه‌ی بارانبارین وشكه‌ساڵی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی توێژاڵی سه‌ره‌وه‌ی زه‌وی، كه‌ پێشتر به‌هۆی بارانه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌سترایه‌وه‌، ئه‌و به‌كه‌وه‌به‌ستنه‌ نامێنێت.
دووه‌م/ جگه‌ له‌ هۆكاری سرووشتی، هۆكاری دیكه‌ش هه‌ن، له‌وانه‌ش هۆكاری سه‌ربازی، ئه‌گه‌ر بپرسین دۆخی سه‌ربازی چ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ خۆڵبارینه‌وه‌ هه‌یه‌؟ ئه‌وا وه‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناوچه‌ی ئێمه‌ به‌ به‌رده‌وام شه‌ڕی تێدایه‌ و به‌رده‌وام تانك و زرێپۆشه‌ سه‌ربازییه‌كان به‌ناو خاكه‌كه‌دا هاتووچۆ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی زیادبوونی رێژه‌ی تۆز و خۆڵ.
سێیه‌م/ بوونی وڵاتێكی دیكه‌ی وه‌ك شانشینی سعوودیه‌ كه‌ هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ عێراق و رووبه‌رێكی فراوانی زه‌وی وشكی هه‌یه‌، وێڕای بیابانه‌كانی ئه‌نبار له‌ رۆژئاوای عێراق، كه‌ رووبه‌ری یه‌ك له‌سه‌ر سێی خاكی عێراق پێكده‌هێنێت و ته‌واوی خاكه‌كه‌ی بیابانه‌، له‌ودیو سنوورش سووریا هه‌یه‌، كه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ عێراق، ماوه‌ی 4 ساڵ كه‌وته‌ ده‌ست داعش و زه‌وییه‌ كشتووكاڵییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ داچاندن دابڕان و بوونه‌ بیابان، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ باكووری ئه‌فریقیا كه‌ رووبه‌ری 9 ملیۆن مه‌تر دووجای خاكه‌كه‌ی بیابانه‌، ئم هه‌موو هۆكارانه‌ وایانكردووه‌، هیچ وڵاتێكی ناوچه‌كه‌ له‌و شه‌پۆلانه‌ی خۆڵبارین به‌ده‌ر بن و ته‌نانه‌ت ئێستا ئه‌و شه‌پۆلانه‌ ده‌گه‌نه‌ وڵاتانی ئه‌وروپیش.
له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش، كه‌ ئاخۆ هیچ ناوچه‌یه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، كه‌ ئه‌ویش هۆكارێك بێت بۆ زیادبوونی شه‌پۆله‌كانی خۆڵبارین له‌ ناوچه‌كه‌، عه‌بدولڕه‌حمان سدیق به‌ به‌ڵێ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌و ناوچانه‌ كرد، كه‌ به‌رده‌وام هۆشداری به‌بیابانبوونیان ده‌درێت و گوتی: به‌بیابانبوون، وه‌ك چیمه‌ن وایه‌ و ئه‌گه‌ر رێگه‌ی لێ نه‌گیرێت، تا دێت زیاتر ده‌كشێت و رووبه‌رێكی فراوانتر داده‌گرێت، بۆ نموونه‌ ناوچه‌ی گه‌رمیان و باشوور و رۆژئاوای هه‌ولێر نموونه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ن، كه‌ ساڵی رابردووش لیژنه‌یه‌كی باڵا به‌ناوی لیژنه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان پێكهێنرا و گه‌یشتنه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ له‌و سێ ناوچه‌یه‌ رووبه‌ری سه‌وزایی كه‌مبووه‌ته‌وه‌.
چواره‌م/ زیادبوونی ژماره‌ی بیره‌كانیش هۆكارێكی دیكه‌یه‌ بۆ زیادبوونی ئه‌و دیارده‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاتێك رێژه‌ی بارانبارین كه‌م ده‌بێته‌وه‌، په‌نا ده‌برێته‌ به‌ر به‌كارهێنانی ئاوی ژێر زه‌وی، ئه‌مه‌ش دواجار وا ده‌كات زه‌وی وشك ببێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر دابه‌زینێك له‌ ئاستی ئاوی ژێر زه‌وی، توێژه‌ی ده‌ره‌وه‌ی زه‌وی كه‌ ماوه‌ی سه‌دان ساڵه‌ یه‌كیگرتووه‌، فشه‌ڵ ده‌بێته‌وه‌ و گه‌ردیله‌كانی لێكده‌ترازێن و له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ڵكردنی هه‌ر بایه‌ك، گه‌ردیله‌كانی به‌هه‌وادا بڵاوده‌بنه‌وه‌.