مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوشانی سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی جیھان لە کۆڕبەندی ئابووریی جیھانیی داڤۆس بەشدارە. کۆربەندەکە دەرفەتێکە بۆ ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی خۆ لەگەڵ جیھان بەرەوپێشەوە ببات و لە ڕووی ئابووریشەوە کوردستان زیاتر پێش بکەوێت، ھەروەھا دەرفەتێکی باشە کە وەبەرھێنەرانی جیهان ڕوو لە ھەرێم بکەن، ئەوەش بۆ ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان گرنگە.
کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس بە بەشداری سەدان سەرکردە و کەسایەتیی دیپلۆماسی و بازرگانی و شارەزای نێودەوڵەتی لەژێر درووشمی ” مێژوو لە خاڵی وەرچەرخاندا، سیاسەتی حکوومەت و ستراتیژییەتی کار” بەڕێوە دەچێت. کۆڕبەندەکە تا ڕۆژی ٢٦ی مانگ بەردەوام دەبێت مەسرور بارزانی بەشداری لە پانێلێکی تایبەتدا بە ناونیشانی “پێکھاتەیەکی نوێی ئاسایش لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا” دەکات، جگە لەوەی سەرۆکی حکوومەت چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکان، خاوەنکار، ئابووریناسانی جیھان دەبێت.
کۆڕبەندی داڤۆس، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧١ و لەسەر دەستی سەرمایەداری ئەڵمانی، کلاوس شۆپ، دەستی پێ کردووە، بۆ کۆڕبەندەکە سەرەتا بانگھێشتی سیاسەتمەداران نەدەکرا، کەچی لە ساڵی ١٩٧٤دا بۆ جاری یەکەم دەستیان بە بانگھێشتی فەرمیی سیاسەتمەداران کرا و تا ئێستا لە نێوان تەواوی سیاسەتمەدار و سەرمایەداران و سەرکردە جیھانییەکاندا بەڕێوە دەچێت. ناونیشانی کۆڕبەندەکە ”لەپێناو جیھانێکی یەکگرتووی گەشەسەندووی بەردەوامدا”ـیە و، سەبارەت بە پرسە جیھانییەکانی تایبەت بە ئابووری و سیاسەت و ئاسایش و سەقامگیری بەڕێوە دەچێت. لەم گەڕەکەدا زیاتر لە ٣٠٠٠ ھەزار کەس لە سەدان وڵاتەوە ئامادەی کۆڕبەندەکەن، لە نێویشاندا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و چەندین سەرکردە و سەرمایەداری جیھانی تێدانە، کۆڕبەندەکە چەندین پرسی جیهان لەخۆ دەگرێت.
داڤۆس، شارێکی بچووکە، کەوتووەتە سەر ڕووباری لاندویسر لە ناوچەی براتیقۆی سەر بە کانتۆنی گرۆباندن لە وڵاتی سویسرا، ڕووبەری ئەم شارە ٢٥٤ ھەزار و ٤٨ کیلۆمەترە، ژمارەی دانیشتووانەکەی بەگوێرەی ئاماری ٢٠١٥ دەگاتە ١١ ھەزار و ١٠٩ کەس. شارێکی بەناوبانگیشە بۆ وەرزشی زستانەیی، بەتایبەتی خلیسکێنەی سەر بەفر، لە ساڵی ١٢٨٠ ی زایینی لە لایەن ڕۆمانەکانەوە کۆچ بەرەو ئەو شارە دەستی پێ کرد و دواتریش بووە بەشێک لە سویسرا و زۆرینەی دانیشتووانەکەی بە ڕەگەز ئەڵمانین و بە زمانی ئەڵمانی قسە دەکەن.
سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە “ھەولێر”ـی گوت: “کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس یەکێکە لە کۆڕبەندە گرنگە جیهانییەکان. سەرکردە سیاسی و ئابووری و نێودەوڵەتیەکان بەشدارن، بەشی زۆری پانێڵەکان لەسەر بابەتی ڕۆژە، بەتایبەتی ئەو بارودۆخەی ئێستا لە ئارادایە، دوای کۆرۆنا ئابووری جیهان بە چ دۆخێکدا دەڕوات و کاریگەریی لەسەر ئابووریی جیھانی چێ بووە. کاریگەریی دۆخی ڕووسیا و ئۆکرانیا، دیدی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئاسایش، گفتوگۆ لەبارەوە دەکرێن”.
سەفین دزەیی، دەڵێ: “بەشداریکردنی ھەرێمی کوردستان لەو جۆرە کۆڕبەندانە گرنگیی خۆی ھەیە، کوردستان بەشێکە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕووی ئابووری، سیاسی و ئاسایش، ھەروەها توانیویەتی لەسەر نەخشەی ناوچەکە کاریگەریی ھەبێت، ڕاستە دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە و قەوارەیەکە و بەشێکە لە عێراق بەڵام کاریگەریی ھەبووە”.
هەر لەبارەی گرنگیی بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەت و شاندی یاوەری لە کۆڕبەندی داڤۆس، د. ھەوار نێروەیی، پسپۆڕ و شارەزای سیاسی، بۆ “ھەولێر” ڕوونیکردەوە، ئەم کۆربەندە، کۆربەندێکی ساڵانەیە بۆ بژاردە جیهانییەکان، لەوانە سیاسی و ئابووری، بۆیە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم لە کۆڕبەندێکی لەو شێوەیە زۆر گرنگە، ئەوەش بەو مانایە دێت کە پێگەی ھەرێمی کوردستان بۆ جیهان گرنگە.
راگری کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی دھۆک، دەشڵێ: “بەشداری سەرۆکی حکوومەت لە کۆربەندەکە و دیدار و کۆبوونەوەکانی لە داھاتوودا کاریگەریی لەسەر ئابووری ھەرێمی کوردستان بە دیار دەکەون، لەگەڵ ئەوەی ئەمە دانپێدانانێکی ئابووری جیهانییە بە پێگەی ھەرێمی کوردستان، لە ڕووی ئابووری، ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی وزەوە.
نێروەیی، جەختی لەوەش کردەوە: “کۆربەندی داڤۆس، دەرفەتێکی گەورەیە بۆ دانوستاندنی سەرکردە سیاسییەکان بۆ ئەوەی دانوستاندن و نزیکبوونەوە و ڕیککەوتن لە نێوان لایەن و سەرکردەکاندا دروست بێت، بەتایبەت ڕیککەوتنە ئابوورییەکان.