سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

كۆنفرانسێك لەسەر بارودۆخی زمانی كوردی

فیدراسیۆنی كۆمەڵەكانی كوردستان لە سوید، بە هاوكاریی كۆمەڵەی مامۆستایانی كورد لە سوید، كۆنفرانسێك لە شاری ستۆكهۆڵمی وڵاتی سوید لەسەر زمانی كوردی بەرێوەچوو.

كۆڤان ئامێدی، سەرۆكی فیدراسیۆنی كۆمەڵەكانی كوردستان لە سوید وتارێكی پێشكەش كرد لەسەر كارەكانی فیدراسیۆن بۆ زمانی كوردی، هاوكاری و پشتیوانی فیدراسیۆن لەگەڵ دامودەزگا كوردییەكانی كوردستان كە كار لەسەر پەروەردەی زمانی كوردی و هاوكاری لەگەڵ زمانی كوردی دەكەن .
ژمارەیەك لە میوانەکانی كۆنفرانسەكە لە رێگەی سكایپەوە ئامادەی كۆنفرانسەكە بوون، لەوانە ئالان حەمەسەعید ساڵح، وەزیری پەروەردە، كە تێدا بە وردی باسی لە بارودۆخی پەروەردەی زمانی كوردی لە هەرێمی كوردستان كرد. هەروەها زانیاری لەسەر پەروەردەی دیجیتاڵی پێشكەش بە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە كرد.
لە كۆنفرانسەكە جگە لە باسی ڕەوشی زمانی كوردی هەرێمی كوردستان، باس لە ڕەوشی پەروەردەی زمانی كوردی كرا لە پارچەكانی دیكەی كوردستان باس لەو ئاستەنگانەشكران كە ئێستا ڕووبەرووی زمانی كوردی بۆتەوە.
هەروەها ژمارەیەك مامۆستانی زمانی كورد لە وڵاتی سوید بە وردی باسیان لە دۆخی پەروەردەی زمانی دایك لە سوید كرد و تیشكیان خستە سەر ئەو كەرەستانەی لە قوتابخانەكاندا بەكار دەهێنرێن بریتین لە دۆخی ئەو كەسانەی كە فێری زمانی كوردی دەكەن (ئەوانەی بڕوانامەیان هەیە یان بێبڕوانامەن)، چۆنێتیی فێركردنی منداڵان، چۆنیەتی فێركردنی زمانی كوردی بە منداڵان بە خۆشەویستییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا باسیان لەو ئاستەنگانەش كرد كە رووبەڕووی شارەوانییەكان بوونەتەوە، كەموكورتییەكانی دایك و باوكان، هەروەها كەموكورتییەكانی مامۆستایانی كورد.