مەسرور بارزانی: خۆشحاڵم‌ لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆسم بۆ گه‌یاندنی دەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا لە سەر پرسە جیهانییەکان

دوێنێ ٢٢ی ئایار کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس دەستی پێکرد کە پێنج رۆژ دەخایەنێت و ٢٦ی مانگ کۆتایی بە کارەکانی دەهێنێت. کۆڕبەندەکە دەرفەتێکی لەبارە بۆ هەرێمی کوردستان تا بتوانێت لەوێوە پەرە بە ئابوورییەکەی بدات.

ئەمساڵ لە کاتێکدا ئەو کۆڕبەندە بەڕێوەدەچێت کە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا درێژەی هەیە و کاریگەریی خستووەتە سەر هەموو وڵاتانی جیهان، ئاسایشی خۆراکی جیهان بەرەوڕووی مەترسی بۆتەوە و نرخی وزەش بە رێژەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە. لە ئاستی ناوخۆی عێراقیش جۆرێک چەقبەستوویی سیاسی لەئارادایە و ناکۆکییەکانی بەغدا و هەولێریش لەسەر پرسی نەوت و گاز زیاتر بوون ، لە لایەکی ترەوە مەترسییەکانی تیرۆر لە ناوچەکە نەڕەویونەتەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە پانێڵێکی تایبەت بەشدار دەبێت
لە کۆڕبەندەکانی رابردووی داڤۆس بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لە ئاستی سەرۆکایەتی هەرێم یان حکوومەتدا بەشدارییان کردووە و ئەمساڵ مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی کۆڕبەندەکە کراوە و بڕیاریشە به‌شداری له‌ پانێلێكی تایبه‌تدا به‌ ناونیشانی “پێكهاته‌یه‌كی نوێی ئاسایش له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا” بکات.
بڕیارە هەر لەو کۆڕبەندەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چه‌ندین دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ باڵاكان، خاوه‌نكار، ئابووریناسانی جیهانی ده‌بێت. هه‌ریه‌ك له‌ دۆسیه‌كانی هه‌مه‌جۆركردنی ئابووری و سه‌رچاوه‌ی داهات، گرنگی پێشخستن و چاكسازی له‌ سیستمی بانكی، دۆزینه‌وه‌ی بازاری نوێ بۆ به‌رهه‌می هه‌رێمی كوردستان و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندی بازرگانی و راكێشانی سه‌رمایه‌گوزاری بیانی بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندی وڵاتاندا تاوتوێ ده‌كات.

کوردستان سەرنجی وڵاتان بۆ خواستە دەستوریەکانی ڕادەکێشێت
پێویستە بگوترێ کۆڕبەندەکە هاوکاری چاکسازی ئابووری زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی کردووە و هەرێمی کوردستان کە لە قۆناغێکدایە دەیەوێت لە بواری ئابووری و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابووری هەنگاو بنێت و کێشە ئابوورییەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا یەکلایی بکاتەوە، دەتوانێت بە هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاوی چارەسەری بهاوێژێت و سەرنجی وڵاتان بۆ لای خۆی و ویست و داخوازییە رەواکانی ڕابکێشێت.
کۆڕبەندی ئابووری جیهان بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٧١ی زایینی لە شاری داڤۆسی سویسرا لە لایەن کلاوس شواب بەڕێوەچوو و مەبەستەکەش لەو کۆڕبەندە ئەوەبوو رێبەرانی ئابووری و وەبەرهێنەرانی ئەورووپا کە پاشان بوو بە هیی جیهان، کۆببنەوە و تاوتوێی پرسە ئابوورییەکان بکەن. لەو کاتەوە ئەرکەکانی ئەو کۆڕبەندە ساڵ بە ساڵ فراوانتر بووە و تەنانەت ناوەکەشی لە کۆڕبەندی کارگێڕیی ئەورووپا بۆ کۆڕبەندی ئابووری جیهان گۆڕی و ویستی جگەلە تاوتوێکردنی پرسە ئابوورییەکان هەنگاو بۆ چارەسەری پرسە سیاسییەکانیش بنێت.

کۆڕبەندی داڤۆس و گرنگیەکەی
کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس جگە لە رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ وڵاتانی جیهان لە هەمان کاتدا داهاتیشی هەیە و ئەو داهاتەشی لە مافی ئەندامییەتی کۆمپانیاکانی جیهان دەست دەکەوێت. هەزار کۆمپانیای گەورەی جیهان ساڵانە برێک پارە بە کۆڕبەندەکە دەدەن.
لە ساڵی ١٩٧٤ەوە جگە لە رێبەرانی ئابووری جیهان رێبەرانی سیاسیش بانگهێشتی کۆڕبەندەکە دەکرێن ساڵی ١٩٨٨ کە شەڕی نێوان یۆنان و تورکیا بوو لە کۆڕبەندەکەدا رێککەوتننامەی ئاشتی واژۆ کرا و ساڵێک دواتر لە هەمان کۆڕبەند کۆریای باکوور و کۆریای باشوور کۆتاییان بە ململانێکانیان هێنا.
یەکێکی تر لە گرنگترین چالاکییە سیاسییەکانی ئەو کۆڕبەندە دروستکردنی ئەڵمانیای یەکگرتوو بووە هەر دوو ئەڵمانیای رۆژهەڵات و رۆژئاوای بە یەکتر گرێ دا و مشتومڕ و دانوستانەکان هەر لەو کۆڕبەندە ئەنجام دراون.
لەو کاتەوە چوارچێوەی چالاکییەکانی ئەو کۆڕبەندە ئەوەندە فراوان بووە کە باس لە هەموو پرسێکی جیهانیی دەکات. ساڵی ١٩٧٩ کۆڕبەندەکە بوو بە یەکەم دامەزراوەی تایبەتی کە هاوکاری کۆمسیۆنەکانی پەرەپێدانی ئابووری چینی کرد و سیاسەتی چاکسازی ئابووری ئەو وڵاتەی پەرە پێدا و جێبەجێی کرد.
لە ساڵی ١٩٩٢ سەرۆک کۆماری ئەفریقای باشوور چاوی بە نێلسۆن ماندێلا و مانگوسوتزو کەوت و یەکەم هەنگاوی هاوکاری ئەوان لە دەروەی ئەفریقای باشوور دەستی پێکرد. ئەو هاوکارییانە رێخۆشکەر بوون بۆ ئەوەی لەو وڵاتە گۆڕانکاری سیاسی بێتە کایەوە.
ساڵی ١٩٩٤ وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و یاسر عەرەفات سەرۆکی فەلەستین رەشنووسێکی لێکتێگەیشتنیان سەبارەت بە کەرتی غەزە واژۆ کرد.
ساڵی ١٩٩٩ کوفی عەنان سکرتێری گشتی ئەوکاتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پرسی پێوەندی جیهانیی نێوان مرۆڤ و بازاڕی جیهانیی هێنایە بەرباس و گفتوگۆ.
ساڵی ٢٠٠٠ سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی داوای هاوکاری جیهانی کرد بۆ کوتان و پاراستنی تەندروستی.
ساڵی ٢٠٠٢ کۆڕبەندەکە تۆڕی رووداوە سروشتییەکانی بنیات نا و مکانیزمی ئەوەی هێنایە بەرباس کە یەکەکانی پیشەسازی و ئەندازیاری و گواستنەوە کە کاریگەرییەکی زۆریان هەیە لە کەمکردنەەی کاریگەرییەکانی زیانەکانی رووداوە سروشتییەکان چالاک بکرێن.
ساڵی ٢٠٠٣ کونسوڵی بازرگانی عەرەبی بنیات نرا. دروستکردنی ئەو کونسوڵە دوای ئەوە هات کە عێراق رزگار کرابوو و ویسترا دوای عێراق ئاوەدانی و ئاسایش بەرپا بکرێت . هەر لەو ساڵەدا ناوچەی ئازادی بازرگانی نێوان ئەمریکا و رۆژهەڵاتی ناوەراست لە پێناو پەرەپێدانی بازاڕی رەکابەری نێودەوڵەتی بنیات نرا.
ساڵی ٢٠٠٦ رێبەرانی ئابووری جیهان رێککەوتن رەوتی دانوستانەکانیان سەبارەت بە رێکخراوی بازرگانی جیهانی پەرە پێبدەن و لە ساڵەکانی دواتریشدا کۆمەڵێک رێککەوتن کراون کە گرنگ بوون.
وڵاتان بە گوێرەی ئەو رۆڵ و پێگەیەی هەیانە دەتوانن سوود لە تایبەتمەندییەکانی کۆڕبەندەکە بە ئامانجی باشترکردنی دۆخی ئابووری و سیاسی خۆیان وەربگرن. بەهۆی پڕبایەختربوونی وزە لە ژێر کاریگەریی جەنگی ئۆکراینا، بایەخی هەرێمی کوردستانیش لە ئاستی نێودەوڵەتی زیاتر بووە وبۆیە چاوەڕوانی دەستکەوت لەم کۆڕبەندە دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر