گه‌شته‌کانی فڕۆکەخانەی هەولێر به‌رده‌وام ده‌بێت

ئه‌حمه‌د هۆشیار، به‌ڕێوبه‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی (ئه‌ربیل) هه‌ولێر، رایگه‌یاند، سبه‌ی گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر به‌رده‌وام ده‌بن تا راده‌ی بینین ده‌گاته‌ دووری 800 مه‌تر.

ئه‌مڕۆ حه‌سه‌ن جه‌لیل، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق، رایگه‌یاند، به‌ هۆی ئه‌و شه‌پۆله‌ خۆڵبارینه‌ی روو له‌ عێراق ده‌كات، سبه‌ی گه‌شتی فڕۆكه‌وانی له‌ ئاسمانی عێراق ده‌وه‌ستێنرێت.

روونیشیكرده‌وه‌، له‌ سپێده‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌ (23ی ئایار/ مایۆی 2022) فڕۆكه‌خانه‌كانی عێراق داده‌خرێن، چونكه‌ راده‌ی بینین كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و ده‌گاته‌ 100 مه‌تر.

له‌و باره‌یه‌وه‌، ئه‌حمه‌د هۆشیار، به‌ڕێوبه‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ربیل (هه‌ولێر) له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند، تا ئێستا به‌ ره‌سمی هیچ بڕیارێكمان بۆ داخستنی فڕۆكه‌خانه‌ و راگرتنی گه‌شته‌كان پێ نه‌گه‌یشتووه‌.

له‌ باره‌ی ئه‌و شه‌پۆله‌ خۆڵبارینه‌شه‌وه‌، گوتی: تا ئێستا چه‌ند جارێك پێشبینییه‌كان گۆڕاون و تا ئێستا دڵنیایی ته‌واو له‌ باره‌ی راده‌ی بینین نییه‌، بۆیه‌ گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر به‌رده‌وام ده‌بێت.

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر راده‌ی بینین بگاته‌ 800 مه‌تر به‌ دڵنیاییه‌وه‌ گه‌شته‌كان راده‌گرین و راده‌ی بینین له‌و ژماره‌یه‌ زیاتر بێت، گه‌شته‌كان به‌رده‌وام ده‌بن.