به‌هۆی كاریگه‌ری شه‌پۆڵی خۆڵبارین سه‌رجه‌م گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی عێراق ڕاده‌گیرێن

وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق ڕایگه‌یاند، به‌هۆی كاریگه‌ری شه‌پۆڵی خۆڵبارین و كه‌مبوونه‌وه‌ی مه‌ودای بینین، سبه‌ی دووشه‌م سه‌رجه‌م سه‌رجه‌م گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی عێراق ڕاده‌گیرێن.

حوسێن جه‌لیل گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق ڕایگه‌یاند: له‌مشه‌وه‌وه‌ عێراق ڕووبه‌ڕووی شه‌پۆڵێكی چڕی خۆڵبارین ده‌بێته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ سه‌رجه‌م گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان له‌ فڕۆكه‌خانه‌كان ڕاده‌گیرێن.

ڕاشیگه‌یاند: جووله‌ی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان له‌ ته‌واوی عێراق له‌ به‌ره‌به‌یانی سبه‌ی دووشه‌م ڕاده‌گیرێن به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاست و مه‌ودای بینین كه‌ ڕه‌نگه‌ بۆ ته‌نیا 100 مه‌تر كه‌م ببێته‌وه‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ڕاگرتنی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان تا ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌شوهه‌وا ده‌بێت.

داواشی له‌ هاووڵاتییان كرد له‌ماوه‌ی 48 كاتژمێری داهاتوودا هه‌وڵ بده‌ن نه‌یه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ و گه‌شت نه‌كه‌ن به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشی ڕه‌بۆیان هه‌یه‌ نه‌بادا تووشی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی ببن.

لای خۆشییه‌وه‌ كۆمپانیای گشتیی هێلی ئاسمانی عێراق ڕایگه‌یاند: ڕاگرتنی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان ته‌نیا بۆ سبه‌ی دووشه‌م ده‌بێت و دوای كۆتاهاتنی شه‌پۆڵه‌ خۆڵبارینه‌كه‌ گه‌شته‌كان له‌ فڕۆكه‌خانه‌كان ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌.

حكوومه‌تی عێراق هه‌ر به‌هۆی شه‌پۆڵه‌ خۆڵبارینه‌كه‌، سبه‌ی دووشه‌می له‌سه‌رجه‌م داموده‌زگا و فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌ت كرده‌ پشووی فه‌رمی جگه‌ له‌ فه‌رمانگه‌كانی ته‌ندروستی و ئه‌منی و خزمه‌تگوزاری.