نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکانی لە سلێمانی: جەخت کردنەوەیە تاوەکو پێکەوە کاربکەین

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان رایگه‌یاند، نێوانی پارتی و یه‌كێـتی له‌ جاران باشتره‌ و شه‌ڕیی میدیایی كه‌متر بووه‌ته‌وه‌.

وتیشی: كۆبوونه‌وه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتیی باش بوون و ئه‌مڕۆ هاتووین بۆ به‌شداری له‌ خولی ده‌رچووانی قه‌ڵاچوالان و ئێمه‌ دیدارمان هه‌بوو له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتوو، له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌لی باپیر و له‌گه‌ڵ برایانی گۆڕان كۆبووینه‌وه‌. كۆبوونه‌وه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتیی جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موومان ده‌بێت پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م میلله‌ته‌ و ئه‌م وڵاته‌ و كۆبوونه‌وه‌كانیشمان له‌م چوارچێوه‌یه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌ باره‌ی به‌غداشه‌وه‌، وتی: ئێمه‌ داوا ده‌كه‌ین كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن و هیوادارین به‌غدا بێته‌ سه‌ر خه‌ت و كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق چاره‌سه‌ر بكرێن.

هه‌روه‌ها وتی: په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌ جاران باشتره‌ و شه‌ڕی میدیایی كه‌مبووه‌ته‌وه‌ و هیواداریشم هه‌ر نه‌مێنێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ هه‌رگیز به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتیان نییه‌ و ده‌بێت له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ دابنیشین و كێشه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌مه‌ وڵات و میلله‌تی خۆمانه‌ و ده‌بێت پێكه‌وه‌ كاربكه‌ین و داهاتووشمان هه‌ر پێكه‌وه‌یه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا، وتی: نامه‌یه‌كمان نووسیوه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و داوامان كردووه‌، له‌ پرسی هه‌ڵبژاردن و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا یارمه‌تیمان بده‌ن.