شۆڕش ئیسماعیل: پڕۆژه‌ی چاكسازی پێشمه‌رگه‌ به‌ سه‌ركه‌وتووی به‌ڕێوه‌ده‌چێت

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە میانەی گوتارێکدا لە رێوڕەسمی دەرچوونی خولی 16ی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان رایگەیاند، پرۆسەی چاکسازیی ناو هێزی پێشمەرگە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت و زۆر هەنگاوی گەورەیان هاویشتووە.

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ داواشیکرد، رێگەنەدرێت لە دەرەوەی وەزارەت هیچ هێزێک دابمەزرێت و هاوکاربن لە درووستکردنی هێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگە و گوتیشی: نابێت هێڵی سوور لەسەر یەکخستنی هێزی پێشمەرگە هەبێت.

شۆڕش ئیسماعیل له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، له‌ چاكسازی سه‌ربازیدا ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌مان به‌ده‌ستهێناوه‌، ئه‌وه‌ی دوێنێ نه‌ده‌كرا، ئه‌مڕۆ كردمان، راسته‌ هه‌نگاوه‌كان هێشتا له‌ تموحی ئێمه‌دا نین، ئه‌وه‌ی كردوومانه‌ و ئه‌وه‌ی كراوه‌، كه‌م نین.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له‌ یه‌كخستنه‌وه‌ هێزه‌كان و هێنانیان بۆ سه‌ر وه‌زاره‌ت و رێكخستنی میلاكات و قه‌ده‌غه‌كردنی كاری سیاسی له‌ ناو پێشمه‌رگه‌ و نه‌هێشتنی ئابوونه‌ی حیزبی و كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌هه‌ده‌ردانی ملیاران دینار و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت، هه‌نگاوی باشنراوه‌.

شۆڕش ئیسماعیل جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ یه‌ك تیم كاریان له‌سه‌ر یه‌كگرتنه‌وه‌ و یه‌كخستنه‌وه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ژێر چه‌تری وه‌زاره‌ت كردووه‌، سه‌رباری ئه‌و ئاسته‌نگ و له‌مپه‌رانه‌ی هه‌بوون.