ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو: خەڵک چیدیکە بەرگەی ئەو دۆخە شڵەژاوە ناگرن

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆبووەوە. سەلاحەدین بەهائەدین داوای کردووە خەڵک “لەوە زیاتر بێ هیوا نەکرێن” و گوتووشیەتی، “خەڵک چیدیکە بەرگەی ئەو دۆخە شڵەژاوە ناگرن.” پاشنیوەڕۆی رۆژی یەكشەممە 22ی ئایاری 2022 سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی جێبەجێكردن، لە بارەگای نووسینگەی خۆی لە شاری سلێمانی پێشوازیی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری کرد. شاندی یاوەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێكهاتوون لە جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفای سەید قادر، جێگرانی سەرۆكی هەرێمی کوردستان، هەروەها دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كراوە. بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە داوە كە “هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و نەوەكانی داهاتوو چیدیکە بەرگەی ئەو دۆخە شڵەژاوە ناگرن، نائومێدیی هاووڵاتییان و گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكەش ئەوە دەخوازێت كە بەرپرسان بیر لە داهاتووی هەرێمی کوردستان بكەنەوە و بە یەكڕیزی رووبەڕووی گرفت و ئاڵنگارییەکان ببنەوە.” بە گوتەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، “چ لەڕووی ناوخۆیی و چ لەڕووی نێودەوڵەتییەوە هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە و هۆكاری سەرەكییش ململانێ و بێباكیی هێزەكانی دەسەڵاتە.” وەکو لە راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوودا هاتووە، هەر لەو دیدارەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە دا كە بە مەبەستی رەواندنەوەی گرژییەكان و دروستكردنی هاوهەڵوێستیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، سەردانی سلێمانیی كردووە و داواشی لە بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین و سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامی كرد كە وەكو هەمیشە رۆڵی خۆیان لە پرۆسەی ئاشتەوایی و چاكسازیدا بگێڕن.” بڕیارە هەر ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بکات بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو دوو حیزبە و تاوتوێکردنی چەند پرسێک.