ئاو، کێشە گەورەکەی هەرێمی کوردستان

شۆڕش غەفووری – هه‌‌ولێر

بەداخەوە هەتا دێت دۆخی گۆی زەوی بەرەوخراپتر دەڕوات و ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر قورسبوونی ژیان. لە هەرێمی کوردستانیش کە هەمیشە ناوچەیەکی فرەئاو و تەڕ و پاراو بووە، ئێستا ئیدی هەست بەو مەترسییانە دەکرێت و هەتا دێت دۆخی ژیانی خەڵکی سەخت و سەختتر دەبێتەوە.

بەشێک لە کێشەکانی و کەمئاوییەکەیان پەیوەستە بە خۆیانەوە و دەبێت لەو ئامار و ژمارانە بگەن کە پەیوەستن بە بەکارهێنانی ئاو لە لایەن خۆیانەوە. بۆ نمونە و بە پێی ئاماری وەزارەتی شارەوانی، ڕۆژانە ٢٧٠ ملیار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیانی کوردستان چ لە ڕێگەی بیر و ئاوی ژێر زەوییەوە و چ لە ڕێگەی پڕۆژەکانی ئاوی ئیفرازەوە دابین دەکرێت کە تێچووی هەر مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە ٣٣٥ دینار لەسەر حکوومەت دەگەوێت.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ٨١ پڕۆژە و زیاتر لە ٥٠٠٠ بیرەوە، ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیان دابین دەکرێت، ئەمە بەدەر لەوەی کە بەداخەوە هاووڵاتیان ژمارەیەکی زۆر لەم ئاوە بەفیڕۆ دەدەن.
هەر بە پێی ئاماری وەزراەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێژەی بەفیڕۆدانی ئاو لە هەرێمی کوردستان ٣٥٪ تا ٤٥٪ـە، واتە نزیکەی ئاوی بەکارهێنراو لە لایەن خەڵکەوە بەفیڕۆ دەدرێت. هەر بۆیەشە دەبینین لەم کاتەدا هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە ئاو زۆر گرنگە و دەکرێت لە ڕێگەی میدیاییەوە کار لەسەر ئەم هۆشیارکردنەوەیە بکرێت. هەرچەندە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەم هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەیە، هەنگاوێکی کردەیی ناوە کە ئەویش بەستنی پێوەری ئاو و تەوافەیە کە باشترین ڕێگەن بۆ ڕێگەگرتن لە بەفیڕۆدانی ئاو.
بە پێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، زۆرێک لە گوند و شارەکانی کوردستان مەترسی کەمئاوی و وشکبوونیان لەسەرە کە لە نیوە زیاتر خەمڵێنراوە. چونکە وشکەساڵی کاریگەری نەرێنی لەسەر کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و ئاوی سەر زەوی هەبووە و هەر ئەمەشە مەترسییەکانی گەورەتر و گەورەتر کردووەتەوە.
بۆ چارەسەری کاتیش حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری تەرخانکردنی ١٢ ملیار دیناری دەرکردووە بۆ دابینکردنی ئاو لە ڕێگەی تانکەر بۆ پێنج بەڕێوەبەرایەتیی لە هەرێمی کوردستان و هەروەها بڕیاری لێدانی ١٣٨ بیری ئاو لە هەولێر دراوە بە بەهای ٧.٦ ملیار دینار.
هەرچەندە حکوومەت پێی وایە کە ئەمە چارەسەرێکی موسەکینانەیە بۆ کێشەی کەمئاوی، بەڵام هەنگاوی گەورەتری ناوە بۆ ئەم مەبەستە. بەپێی ماستەرپلانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ٢٥٠ بەنداو بە بوودجەی ٨ ملیار دۆلار ماستەر پلانی بۆ كراوە و بڕیار وایە دروست بكرێن. هەر بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان، ١٧ بەنداوی گەورە و بچووك تەواوكراون کە بە هەموویانەوە١٠ ملیار مەتر سێجا ئاو گل دەدەنەوە و١٩ بەنداویش كاریان لەسەر كراوە، بەڵام دەست بە جێبەجێکردنیان نەکراوە و هەندێکیشیان کە کاریان لەسەر کراوە تەواو نەكراون.
ئێستا بڕی ١٣ ملیار و ٤٠ ملیۆن دینار تەرخانكراوە بۆ تەواوكردنی ١٢ بەنداو كەتوانای گلدانەوە ٦٢ ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە. بە دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە دروستکردنی ٩ بەنداوی گەورە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی بەشێوەی هاوبەش لە نێوان حکوومەت و کەرتی تایبەت (ppp) لەگەڵ دروستكردنی ١٠٠ پۆند بۆ گلدانەوەی ئاو و بەتەواوكردنی ئەو بەنداوانەی ماستەرپلانی بۆدانراوە هەرێمی كوردستان تونای گلدانەوەی١٧ ملیار مەتر سێجا ئاوی دەبێت.
هەرچەندە بە هۆی وشکەساڵییەوە و کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی ئەگەری هەیە کە ئەم ماستەرپلانەش گۆڕانکاری بەسەردا بێت، چونکە لە ناوچە ئاودارەکان ئاوی ژێر زەوی زیاتر لە ١٠ مەتر کەمی کردووە و لە ناوچە وشکەڵان و گەرمیانییەکانیش زیاتر لە ٥٠٠ مەتر کەمی کردووە، ئەوە سەرەڕای گرتنەوەی ئاو لە لایەن دراوسێکانی هەرێمەوە خۆی کێشەیەکی گەورەتری سیاسییە.

ھەواڵی زیاتر