سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێم: ساڵی رابردوو ٦٠٠ هەزار مەتر دووجامان بە پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت سەوز کردووە

عه‌بدوڕە‌حمان سدیق سەرۆکی دەستەی پاراست و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، له‌ ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠، نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن دۆنم دارستان لە هەرێمی کوردستان سووتاوە، بەڵام لە هەمان کاتدا توانویانە لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە و تەنیا لە ساڵی ٢٠٢١ شه‌شسه‌د هه‌زار مه‌تر دووجا سەوز بکەین.

عه‌بدولڕە‌حمان سدیق ئاماژەش بەوەدەکات، لە هەرێمی کوردستان دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە هەیە، بەڵام لەبەر گرنگی ژینگە جگە لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئه‌نجومه‌نی ژینگه‌شی پێكهێناوه‌ كه‌ له‌ نوێنه‌رایه‌تی ١٤ وه‌زاره‌تی جێبه‌جێكار پێكدێت. روونیشی کردەوە کە به‌ پێی پێوه‌ری هه‌ردوو ڕێكخراوی (GIZ)ی ئه‌ڵمانی و (FMI) فیله‌ندی لە بواری پیسبوونی کەشوهەوا هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاستێکی مامناوه‌نددایه‌ ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە تاوەکو نەچووەتە بوارێكی مه‌ترسیدار، به‌ڵام له‌ حاڵه‌تێكی زۆرباشیش نییە.

کاریگەری مین لەسەر پیسبوونی ژینگە
بە گوتەی عەبدولڕەحمان سدیق ”ئه‌وه‌ی كه‌ لە هەرێمی کوردستان خاكی پیس كردووە زیاتر مینه،‌ كه‌ له‌سه‌رده‌مانێكی زووه‌وه‌ مین له‌ هه‌رێمی كوردستان‌ چێندراوه،‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و زه‌ویانه‌ی كه‌ له‌ كشتوكاڵدا په‌ینی كیمیایی بۆ به‌كاردێت، كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین په‌ینی سروشتی به‌كار بێت نەک پەیینی کیمیایی. لەباره‌ی ئاوی سه‌رزه‌وی و ئاوی ژێرزه‌ویش، بێگومان گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی باران هه‌بووه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ لیژنه‌ی به‌ره‌‌نگاربوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دروستیکراوە و له‌ ساڵی پاره‌وه‌ ژینگه‌ و كشتوكاڵ و پارێزگا‌ و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان تیایدا ئه‌ندامن.”

٦٠٠هەزار مەتر دووجا سەوزایی زیادکراوە
سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە دەشڵێت:”ئێمه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پاوان و دارستان له‌سه‌ر ئه‌وانه،‌ بەپێی ئه‌و ڕووپێوییه‌ی ئه‌وان كردوویانه‌ ڕێژە‌ی سه‌وزایی له‌ هه‌رێمی كوردستان ١٢.٤% بووه،‌ كه‌واتە ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌مان ده‌وێت، نابێت ئه‌وه‌مان ‌بیربچێت كه‌ ئێمه‌ دراوسێی باشمان نییه‌، دراوسێكانمان له‌ ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی كه‌ ده‌یكه‌ن بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و تۆپبارانكردنه‌كان، ته‌نیا له‌ ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠، نزیكه‌ییه‌ك ملیۆن دۆنم دارستانمان لێ سووتێنرا. له‌ ده‌سته‌ی ژینگه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ داین هه‌موو پڕۆژە‌یه‌ك كه‌ مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرێت ده‌بێت له‌ ٢٥%ی سه‌وزایی بێت، ئه‌وانه‌ی پێشتریش كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بوون‌ ئێمه‌ پڕۆسه‌یه‌كمان هه‌یه‌ پێی ده‌وترێت له‌ بری سه‌وزكردن واتا جارێكی دیكه‌ پێی ده‌گه‌ینه‌وه،‌ هه‌ر له‌و پڕۆژە له‌ ساڵی ٢٠٢١ شه‌شسه‌د هه‌زار مه‌تر دووجامان به‌ كه‌رتی تایبه‌ت سه‌وز كردووه‌، له‌ بواری شاره‌وانیدا كه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی هه‌یه‌، پارك و ئه‌ندازه‌ و باخچه‌كانی ناو شار ڕووبه‌ری سه‌وزاییان بۆ نزیكه‌ی ١٩% ڕۆیشتووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ڕێژە‌یه‌كی باشه‌.”

سوود وەرگرتن له‌ گازه‌ ژە‌هراوییه‌كان
عه‌بدولڕە‌حمان سدیق دەڵێت:” له‌گه‌ڵ ده‌رهێنانی نه‌وت له‌ كێڵگه‌كاندا غازێك ده‌رده‌چێت كه‌ پێی ده‌وترێت غازی هاوه‌ڵ، چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌م غازه‌ به‌ بێ سوود به‌فیڕۆ ده‌چێت و سوودی لێوه‌رناگیرێت، ئه‌مه‌ یه‌كێك بوو له‌و هه‌واڵه‌ خۆشانه‌ی كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ ئێمه‌یڕاگه‌یاند كه‌ به‌ دوو جۆر سوود له‌و غازه‌ وه‌رده‌گیرێت له‌ چه‌مچه‌ماڵ و گه‌رمیان. یه‌كه‌میان بۆ وزه‌ی كاره‌با و دووه‌میان ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ دووباره‌ كۆگا ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ته‌نیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كراوه‌.”

کێشەی كه‌مئاوی و وشكه‌ساڵی
سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە دەڵێت”هه‌موو وڵاتان له‌ خه‌می پڕۆسه‌یه‌كن به‌ناوی پڕۆسه‌ی دروێنه‌كردنی ئاو، واتا به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك نابێت دڵۆپێك ئاو له‌ ده‌ست بده‌ین، ئێستا كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت به‌ پله‌ییه‌كه‌م ئه‌و ئاوه‌ی هه‌یه‌ كۆ بكرێته‌وه‌ و دواتر چۆن ئیداره‌ی بده‌ین و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین. سه‌ره‌نجام ئێمه‌ و وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌ په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامداین و هه‌ردوولاشمان ئه‌ندامین له‌ بۆردی باڵای به‌ڕە‌نگاربوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ ساڵی پاره‌وه‌ دایمه‌زراندووه‌.” عه‌بدولڕە‌حمان سدیق ئاماژەش بەوەدەکات کە ئەوان هه‌میشه‌ وا ده‌ڕوانینه‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو كه‌ له‌ خه‌می زیادكردنی بڕی ئاون، ئەوانیش وه‌كو ده‌سته‌ی ژینگه‌ له‌ خه‌می باشتركردنی كوالێتی ئاون، هه‌ردووكیان به ‌یه‌كه‌وه‌ كاره‌كه‌ ته‌واو ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئاو هه‌میشه‌ فه‌راهه‌م بێت بۆ هاووڵاتیان، به‌ڵام به‌ كوالێتییه‌كی باش.

هۆشیاریی ژینگەیی
لە بارەی هۆشیاری ژینگەیی عه‌بدولڕە‌حمان سدیق رایگەیاند” کە له‌ ڕووی هۆشیاری جه‌ماوه‌ری، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانڕۆژی ٥ی حوزه‌یرانی كردووه‌ به‌ ڕۆژی جیهانی بۆ ژینگه، خۆی داوای لێكردووین كه‌ وڵاته‌كان و هه‌رێمه‌كانیش ڕۆژیان هه‌بێت، بۆیه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانیشڕۆژی١٦ی نیسانڕۆژی ژینگه‌ی كوردستانه‌، ئه‌وه‌ی دامانهێنا به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان به‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌ هه‌ریه‌كه‌ و ڕۆژێكی تایبه‌تی دیاریی كرد: رۆژی ٢٢/٩ ڕۆژی ژینگه‌ی گه‌رمیانه‌، ٢٣/١٠ ڕۆژی ژینگه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌، ٨/١١ ڕۆژی ژینگه‌ی پارێزگای سلێمانییه‌، ٤ی نیسان ڕۆژی ژینگه‌ی هه‌ولێره‌، ١/١١ ڕۆژی ژینگه‌ی دهۆكه‌، به‌ دووری نازانین هه‌ر قه‌زایه‌ك ڕۆژێكی تایبه‌تی هه‌بێت و یه‌كه‌م قه‌زا چه‌مچه‌ماڵ بوو كه‌ ١٥/١٠ دیاری كراوه‌، پێمان خۆشه‌ له‌ ئاسته‌كانی خواره‌وه‌ش ئه‌و ڕۆژە‌ هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ژینگه‌ ببێته‌ باسی رۆژ.”