ئه‌مڕۆ به‌به‌شداری مه‌سرور بارزانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس له‌ سویسرا ده‌ست به‌كاره‌كانی ده‌كات

ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممە 22ی5 ى 2022،  به‌به‌شداری مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، کۆڕبەنی ئابووریی جیهان (داڤۆس) لە سویسرا دەست بە کارەکانی ده‌كات. 
دوێنێ شەممە 21 ى 5 ى 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس، بەرەو سویسرا بەڕێکەوت.
 مه‌سرور بارزانی لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆڕبەندەکەدا، بەشداری لە پانێلێکدا دەکات بە ناوونیشانی (پێکهاتەیەکی نوێی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا) .
سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان هەروەها لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا، کە ڕۆژانی22 تا 26ی ئایار بەڕێوەدەچێت، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لە گەڵ بەرپرسە باڵاکان و خاوەنکاران و ئابووریناسانی ناوچەکە و جیهان دەبێت.
لە کۆبوونەوەکانی مه‌سرور بارزانیدا، جیا لە  تاووتوێکردنی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە، گفتوگۆ دەربارەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات ، گرنگیی پێشخستن و چاکسازیکردن  لە سیستمی بانکی ، دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ بەرووبوومی کشتوکاڵی کوردستان ، پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان دەکرێت.
 له‌باره‌ی به‌شداریكردنی له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا، ئێواره‌ی دوێنێ مه‌سرور بارزانی له‌هه‌ژماری تایبه‌ت به‌خۆی له‌تویته‌ر په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند:من له‌ داڤۆسم بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌ كۆڕبه‌ندی جیهاندا بكه‌م، تاوه‌كو تێڕوانینه‌كانمان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی و بازرگانی له‌باره‌ی رێگه‌ نوێیه‌كانی بازرگانی، ئاسایشی وزه‌ و خۆراك و گۆڕانكارییه‌ سیاسی و ئه‌منییه‌كان ئاڵوگۆڕ بكه‌ین.
 کۆڕبەندی ئابووری جیهانی کە بە “لووتکەی داڤۆس” ناسراوە، بە ئامانجی “پێکەوە کارکردن و دووبارە دروستکردنەوەی متمانە” سەرکردە دیارەکانی جیهان پێکەوە کۆده‌بنەوە.
 لە لووتکەکەدا باس لە پرسەکانی تایبەت بە ئابووری جیهان و چەند بابەتێکی دیکە دەکرێت کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هاوسەنگییان لەدەستداوە.
لووتکەی داڤۆس، لە ساڵی 1971ەوە تا ئێستا لە شاری داڤۆس رێکدەخرێت.