ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان رایدهگهێنێت، بە بڕیاری مەسرور بارزانی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران ئاسایی دەکرێتەوە و وەک پێشتر، واتا ھەوڵدەدرێت لەکاتی خۆیدا 25ی مانگ دەست بەدابەشکردنی مووچە بکرێت و دەشڵێ، دوای تەواوبوونی مووچەی مانگی چوار یەکسەر دەست به دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج دەکرێت.
لیزا کاکەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: بە دەستپێشخەری مهسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت، بڕیاردراوە مەودای نێوان دابەشکردنی مووچە کەم بکرێتەوە، ئەمەش بەو واتایەی ھەوڵدەدرێت وەکو پێشتر مووچە لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت، لەبەر ڕۆشنایی ئەمەشدا دوایی تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری تەواوی داموودەزگا حکوومی و سیادییەکان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج دەکرێت و ئەم ھەوڵەش بۆ مانگەکانی داھاتووش بەردەوام دەبێت تاوەکو لە ڕووی کاتەوە کاتی دابەشکردنی مووچە دەکەوێتەوە سەر باری ئاسایی خۆی.
لیزا کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووه: ھەر بڕیارێکی حکوومەت لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیانماندا بێت بە دڵنیاییەوە ئێمەش وەکو پەرلەمان پاڵپشتی لێدەکەین و ھەروەھا وەکو لایەنی چاودێر ھاوکار دەبین لە دیاریکردنی کەموکورتییەکان و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ باشتر خزمەتکردنی ھاووڵاتیانمان.