پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ هونه‌رمه‌ندى ناودارى كورد شه‌هرامى نازرى ده‌كات 

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/5/18 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ‏پێشوازى له‌ هونه‌رمه‌ندى ناودارى كورد به‌ڕێز مامۆستا شه‌هرامى نازرى كرد كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ به‌ ‏سه‌ردان له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌ و پێرێ دووشه‌ممه‌ له‌ ڕێوڕه‌سمێكى ڕێزلێناندا خه‌ڵاتى ئاڵتوونیى ‏وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیریى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى پێ به‌خشرا.‏

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵى به‌ دیدارى مامۆستا نازرى، ڕێز و ‏ستایش و پێزانینى بۆ مێژوو و خزمه‌ت و كار و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانى دووپات كرده‌وه‌ و پێگه‌ ‏و ناوبانگى مامۆستا نازرى له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌ و جیهان و ئه‌و خه‌ڵاته‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ى به‌ ‏ده‌ستى هێناون، به‌ مایه‌ى شانازى بۆ هه‌موو كوردێك و خه‌ڵكى كوردستان به‌گشتى له‌ قه‌ڵه‌م ‏دا. به‌ڕێزیان وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى هه‌موو پشتگیرییه‌ك بۆ مامۆستا نازرى، هیواى ته‌مه‌نى ‏درێژ و ته‌ندروستیى باش و سه‌ركه‌وتنى به‌رده‌وامى بۆ خواست.‏

لاى خۆیه‌وه‌ مامۆستا شه‌هرامى نازرى وێڕاى سوپاس و پێزانین بۆ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و ‏ئه‌و ڕێزلێنان و خه‌ڵاتكردنه‌ى‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان لێى كراوه‌، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ڕێزلێنان و ‏خه‌ڵاتكردنى له‌ كوردستان، لاى ئه‌و له‌ هه‌موو ئه‌و ڕێزلێنان و خه‌ڵاته‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ زیاتر ‏مایه‌ى شادى و مانادارتر و به‌هادارتره‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهان پێشكه‌شى كراون و ‏خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان و دیدارى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ‏نیشان دا.‏

له‌ دیداره‌كه‌دا به‌ڕێزان وه‌زیرى ڕۆشنبیرى و بریكارى وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیریى حكوومه‌تى هه‌رێمى ‏كوردستان، ئاماده‌ بوون.‏