دەروازەی مێهرانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵی، لە هەناردەی بازرگانیی ئێران جێی پەروێزخانی گرتەوە

هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک دەروازەی بازرگانی فەرمی و نیمچە فەرمی لەگەڵ ئێراندا هەیە و ساڵانە بەشێکی بەرچاو لە هەناردەی ئێران بۆ عێراق و ترانزێتی نێودەوڵەتی لە ڕێی ئەو دەروازانەوە دەکرێت. هاوکات ئێران کۆمەڵێک دەروازەی بازرگانیشی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عێراقدا هەیە کە سوودیان لێ وەردەگیرێت. ئامارەکانی ئێران دەری دەخەن جووڵەی بازرگانی ئێران لەگەڵ دەروازەکانی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ لەچاو ئەو دەروازانەی لە ژێر دەستی حکوومەتی هەرێمدان زیادی کردووە.

ئەوەی لە پێوەندیی بازرگانیی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان جێی تێڕامانە ئەوەیە، ئێران چەند ساڵێکە زیاتر گرنگی بە دەروازە بازرگانییەکانی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عێراق دەدات و هەوڵ دەدات کەمتر سوود لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، ئەمە لە کاتێکدایە دەروازە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ژێرخانی بازرگانییەوە بەراورد بە دەروازەکانی عێراق پێشکەوتووترن و ٦٠%ی پێوەندییە بازرگانییەکان لە ڕێی هەرێمی کوردستانەوە بووە.
بەپێی ئامارێک کە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردۆتەوە لە ماوەی ساڵی ڕابردووی هەتاویدا واتە لە نەورۆزی ٢٠٢١ تا نەورۆزی ٢٠٢٢ زۆرترین هەناردەی بازرگانیی ئێران بۆ عێراق لە ڕێی دەروازەیەکی بازرگانی بووە کە لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی دایە ئەویش دەروازەی بازرگانی مێهرانە لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵکەوتووە.
لە نێو ئەو خاڵە بازرگانییە فەرمییانەی لە نێوان ئێران وعێراقدا هەن، دەروازەی مێهران پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە لە کاتێکدا پێشتر ئەو دروازەیە لە پلەی چوارەمدا بوو. لە ساڵەکەدا لە پارێزگای ئیلامەوە بە بەهای یەک ملیار و ١٦١ ملیۆن دۆلار شتومەک بۆ عێراق هەناردە کراوە کە لەو ١٢ سنوورەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیەتی پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە.
ئەو گەشەیە لە هەناردەی دەروازەی مێهران لە کاتێکدایە ساڵی پێشتر پەروێزخان لە پلەی یەکەم، باشماغ لە پلەی دووەم و حاجی ئۆمەران لە پلەی سێیەمدا بوو و مێهران کەوتبووە پلەی چوارەمەوە و تەنیا بە بەهای ٥٢٥ ملیۆن دۆلاری لێیەوە هەناردە کرابوو. ئەمە دەری دەخات بە ڕێژەی ١٢١% هەناردە لەو سنوورەی ئێران لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی زیادی کردووە.
دەروازەی نێودەوڵەتیی بازرگانی پەروێزخان کە کەوتووەتە سنووری پارێزگای کرماشان و حکوومەتی هەرێم سەرپەرشتی دەکات لە پلەی دووەمدا دێت و لە ساڵی ڕابردووی هەتاویدا بە بەهای یەک ملیار و ٢٢ ملیۆن دۆلاری لێیەوە هاوردە کراوە. ساڵێک پێشتر قەبارەی بازرگانی ئەم مەرزە ملیارێک و ٦٨٥ ملیۆن دۆلار بوو و ئامارەکە دەری دەخات هەناردەکردنی ئێران لەم دەروازەیەوە بە ڕێژەی 39% کەمی کردووە و لە پلەی یەکەمەوە بۆ دووەم دابەزیوە.
دەروازەی بازرگانیی باشماغ لە ڕیزبەندی سێیەمدا دێت کە بە بەهای ٨٢٥ ملیۆن دۆلار شتومەکی لێیەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان گوازراوەتەوە. ساڵێک پێشتر بەهای بازرگانی دەروازەکە ملیارێک و ٢٣٥ ملیۆن دۆلار بوو و ٣٣% دابەزیوە.
دەروازەی بازرگانی خوسرەوی کە یەکێکی ترە لەو دەروازە بازرگانیانەی کەوتووەتە سنووری کرماشان و لە دیوی عێراقیش حکوومەتی ناوەندی بەسەریدا زاڵە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا جووڵەی بازرگانیی تێیدا بەرز بووەتەوە و پێشتر کە لە ڕیزبەندی نۆیەمدا بوو، بە ڕێژەی ٥٠٧% هەناردەی ئێران لەو دەروازەیەوە زیادی کردووە. پێشتر لە دەروازەکە بە بەهای ١١٣ ملیۆن دۆلار هەناردە کرابوو بەڵام ساڵی ڕابردوو قەبارەی هەناردەی گەیشتە ٦٨٧ ملیۆن دۆلار.
دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە نێو دەروازە بازرگانییەکانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕیزبەندی پێنجەمدا دێت. لە نەورۆزی ٢٠٢١ تا نەورۆزی ٢٠٢٢ ئێران لەم دەروازەیەوە بە بەهای ٦٢٦ ملیۆن دۆلار هەناردەی هەبووە ئەمە لە کاتێکدایە ساڵێک پێشتر قەبارەکە ٧١٩ ملیۆن دۆلار بوو و ئەمەش دەری دەخات هەناردەکە لەم سنوورەش بە ڕێژەی ١٣% دابەزیوە.
هەر یەک لە دەروازە بازرگانییەکانی سۆمار بە ٥٣٠ ملیۆن دۆلار، شێخ سەلە بە ٤٠٩ ملیۆن دۆلار، کێلێی سەردەشت بە ١٧٤ ملیۆن دۆلار و سەیرانبەندی بانەش بە ١٢٤ ملیۆن دۆلار لە ڕیزبەندی دواتردا دێن. لە دەروازەی شوشمێی لە سنووری پاوەشەوە ٤٨ ملیۆن دۆلار هەناردە کراوە و لە ڕیزبەندی کۆتاییدایە.لە مەرزی شەلەمچەی سنووری پارێزگای خووزستانی ئێران بە بەهای ٤٩٣ ملیۆن دۆلار و لە سنووری جەزابەش بایی ١٠٦ ملیۆن دۆلار هەناردەی عێراق کراوە.
ئەو ئامارانە دەری دەخات هەوڵێک هەیە بۆ کەمترکردنەوەی بایەخی دەروازە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان و لە ڕووی بازرگانیشەوە کەمبوونەوەی جووڵەی بازرگانی، زیان بە داهاتەکانی هەرێم دەگەیەنێت.

ھەواڵی زیاتر