به‌شێوه‌یه‌كی كاتی كاره‌با لە هەولێر ده‌بێته‌ 24 كاتژمێر 

وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، بۆ یه‌كه‌مجار ده‌ستیان به‌ ڕووپێوی پێویستی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاره‌با كردووه‌ و ئێستاش به‌شێوه‌یه‌كی كاتی كاره‌بای شاری هه‌ولێر ده‌كه‌ن به‌ 24 كاتژمێر.

ئومێد ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری كۆنتڕۆلی ناوه‌ندیی وه‌زاره‌تی كاره‌با ڕایگه‌یاند: بۆ یه‌كه‌مجار وه‌زاره‌تی كاره‌با ڕووپێوێكی پێویستی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی خواستی راسته‌قینه‌ی كاره‌بای شاره‌كانیان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت.

ڕاشیگه‌یاند: له‌ شه‌وی 14/15-5-2022 كاتژمێر سفر، ده‌ستمان كرد به‌ تێستی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ره‌تا له‌ شاری سلێمانی و دواتر هه‌ڵه‌بجه‌ و پاشان له‌ ئیداره‌ی راپه‌ڕین و گه‌رمیان و زاخۆ ده‌ستمان پێ كرد، خۆشبه‌ختانه‌ به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ته‌واو بوو.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ئێستا له‌ كاتژمێر 12ی شه‌وی ڕابردووه‌وه‌ ده‌ستمان به ‌تێستی شاری هه‌ولێر كردووه‌، دوای ته‌واوبوونی تێستی ئه‌و پارێزگایه‌، ده‌ست ده‌كه‌ین به‌ تێستی پارێزگای دهۆك كه‌ ئه‌مه‌ ده‌كه‌وێته‌ هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه‌ له‌به‌ر بارودۆخی تۆڕه‌كان و نه‌بوونی مێگاواتی پێویست بۆ ئه‌م تێسته‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری كۆنتڕۆلی ناوه‌ندیی وه‌زاره‌تی كاره‌با گوتیشی:  وه‌ك لیژنه‌ ئێستا‌ له‌ سه‌نته‌ری كۆنتڕۆڵی هه‌ولێرین و به‌رده‌وامین له‌ ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كان، خۆشبه‌ختانه‌ پرۆسه‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌مان بۆی دانابوو، به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

ئومێد ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ كاتێك تێستی شارێك ده‌ست پێ ده‌كات، ئه‌و شاره‌ بۆ ماوه‌ی 2 رۆژ كاره‌بای به‌رده‌وامی ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێ كه‌ خواستی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و شاره‌ بۆ كاره‌با چه‌نده‌، واته‌ به‌شه‌ كاره‌بای شاره‌كانی دیكه‌ كه‌م ده‌بێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاره‌باكه‌ هه‌م له‌ ڕووی تۆڕه‌كانه‌وه‌ هه‌م له‌ ڕووی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ به‌شی هه‌موو شاره‌كان ناكات ئه‌گه‌ر له‌یه‌ك كاتدا تێست بكرێت.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ دوای ئه‌وه‌ی تێستی هه‌موو شاره‌كان ته‌واو ده‌بێت، هه‌ڵده‌ستن به‌ پێشكه‌شكردنی راپۆرتی خۆیان بۆ وه‌زاره‌ت و له‌وێ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌نجامی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌درێت بۆ دیاریكردنی رێژه‌ی پێویستی شاره‌كان.