به‌رده‌ڕه‌ش.. شه‌ڕ له‌نێوان دوو بنەماڵەدا دروستبوو 

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌م له‌ گوندێكی سنووری شارۆچكه‌ی به‌رده‌ڕه‌ش، شه‌ڕ له‌نێوان دوو بنه‌ماڵه‌دا دروستبووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند كه‌سێك له‌نێوان هه‌دوولا بریندار بوون.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌م له‌ گوندی گرده‌پان سه‌ر به‌ شاره‌دێی داره‌توو له‌ سنووری شارۆچكه‌ی به‌رده‌ڕه‌ش شه‌ڕ له‌نێوان دوو بنه‌ماڵه‌دا دروستبووه‌، له‌ شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌كه‌دا 4 كه‌س بریندار بوونه‌.

هه‌ر له‌باره‌ی ڕووداوه‌كه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ به‌رده‌ڕه‌ش گوتی: به‌گوێره‌ی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ڕووداوه‌كه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ و ئاریشه‌ی زه‌وی و زار بووه‌.

گوتیشی: له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا چه‌ك و چه‌قۆ به‌كارهاتووه‌ و به‌داخه‌وه‌ به‌هۆیه‌وه‌ 4 كه‌س بریندار بوونه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ مه‌فره‌زه‌كانی پۆلیسی به‌رده‌ڕه‌ش گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ و دۆخه‌كه‌ تاڕاده‌یه‌ك ئارامكراوه‌ته‌وه‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ تا ئێستا 3 كه‌س ده‌ستگیركراون، هه‌روه‌ها برینداره‌كانیش گه‌یه‌نراونه‌ته‌ بنكه‌ی ته‌ندروستی به‌رده‌ڕه‌ش به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری.